لە خۆپيشاندانەكانى ئێران سەدان كەس دەستگيركران ئێران
خۆپيشاندانەكانى دژ بە گيان لەدەستدانى ژينا ئەمينى بەردەوامە، كۆمارى ئسلامى ئێران رايگەياند، "تا ئێستا (41) كەس كوژراوە و سەدان كەس دەستيگراون."بەڵام رێكخراوى هيومان رايتس وۆچ رايگەياند، زياتر لە (50) كەس كوژراوە.

ئەمڕۆ يەكشەممە (25/ئەيلوول/2022) ماڵپەڕى (حوڕە) بڵاويكردەوە، كۆمارى ئيسلامى ئێران ريگەياند، “لە هەشت رۆژى رابردوو  بەهۆى ناڕەزاييەكانى دژ بە گيان لەدەستدانى ژينا ئەمينى تا ئێستا (41) كەس كوژراون و سەدان كەسى تريش دەستگيركراون."رێكخراوى نێت بلۆكسيش رايگەياند، "ئێران بۆ كۆنتڕۆڵكردنى خۆپيشاندانەكان تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانى راگرتووە."

لە ماوەى هەشت رۆژى رابردوو لە رووبەڕووبوونەوەى نێوان خۆپيشاندەران و هێزە  ئەمنييەكانى ئەو وڵاتە چەندين ئۆتۆمبێلى پۆليسيان سوتاندووە، ژەنەڕاڵ عەزيزوڵا ماليكى، فەرماندەى پۆليسى پارێزگاى گەيلان رايگەياند، " (739) خۆپيشاندەرمان دەستگيركردووە، كە لەناوياندا (60) ئافرەت هەيە."

هاووڵاتيانى ئێران دژ بە گيان لە دەستدانى ژينا ئەمينى لە شارەكانى تاران و ئەسفەهان و مەشهەد و  پيرانشار و مەهاباد ورمێ لە خۆپيشاندانەكان بەردەوامن، هێزە ئەمنييەكانيش هەوڵى دەستگيركردنى چالاكوانان و رۆژنامەنووسان دەدەن، شەريف مەنسوور، ئەندامى ليژنەى بەرگرى لە رۆژنامەنووسان كە بارەگاكەى لە ئەمەريكايە رايگەياند، "لە دووشەممەى رابردووە تا ئێستا (11) رۆژنامەنووس دەستگيركراون، يەكێك لەو رۆژنامەنووسانە نيلوڤەر حەميدييە بەهۆى نووسينێكى لەسەر گيان لەدەستدانى ژينا ئەمينى دەستگيركراوە."

سەبارەت بە شارەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان، ناوەندى هەنگاو بۆ مافەكانى مرۆڤ رايگەياند، "خۆپيشاندەران بەشێك لە شارى شنۆيان ئازاد كردووە و دروشمى سەركەوتنيان بەرزكردەوە."

محەمەد خاتەمى سەرۆك كۆمارى پێشووى ئەو وڵاتەش داواى لە دەسەڵاتداران كرد، ياساى سەرپۆشى ناچارى هەڵوەشێننەوە و بە فەرمى كۆتايى بە پۆليسى رەوش بهێنن و رێگە بە خۆپيشاندانى ئاشتييانە بدەن.

لەسەر ئاستى فەرمى ئەحمەد وەحيدى، وەزيرى ناوخۆى ئەو وڵاتە ئەمەريكا و وڵاتانى ئەوروپاى بە هاندانى خەڵك دژ بە وڵاتەكەى تۆمەتبار كردوو و رايگەياند، "بەردەوام دەبين لە رێگرى لەو كارە تێكدەرانە و بەتاوى پابەند دەبين بە رێسا ياسايى و ئيسلامييەكان."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین