چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر حه‌لبووسى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌رپرسانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ به‌ جیا هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و پێیانوایه‌، بڕیارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى له‌ دژى هه‌وڵه‌كانى چوارچێوه‌كه‌یه‌ كه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار ده‌یدات.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26/ ئه‌یلوول/2022 محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دومى سوننه‌، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى راگه‌یاند و بڕیاره‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت. به‌رپرسانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ له‌ لێدوانه‌كانیان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر حه‌لبووسى و به‌وه‌ تۆمه‌تبارى ده‌كه‌ن گوایه‌ له‌ دژى ئه‌وان بڕیاره‌كه‌ى داوه‌.

مه‌حمود حه‌یانى سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز ده‌ڵێ، "ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حه‌لبووسى له‌ پۆسته‌كه‌ى چه‌ندان هۆكارى هه‌یه‌، یه‌كه‌میان خۆى له‌ شه‌رمه‌زاربوون له‌ به‌رانبه‌ر سه‌در دوورده‌خاته‌وه‌ و ده‌ریده‌خات كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت به‌ هاوپه‌یمانێتى نییه‌ و هه‌روه‌ها له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ لاى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى راده‌كات".

محه‌مه‌د به‌یاتى كه‌ به‌رپرسێكى تره‌ له‌ چوارچیوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ى له‌ بیركردنه‌وه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى نه‌بوو، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حه‌لبووسى بوو، به‌یاتى لێدوانى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى داوه‌ و ده‌ڵێ، "محه‌مه‌د حه‌لبووسى ده‌یه‌وێ له‌ دانیشتنى په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌ سه‌رۆك كۆمار فشار بخاته‌ سه‌ر چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى".

محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌ده‌وم و كه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ خه‌میس خه‌نجه‌ر گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى سوننه‌یان به‌ناوى "سه‌روه‌ریى" پێكهێناوه‌، پێشتر له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در و پارتى هاوپه‌یمانێتیان پێكهێنا به‌ ناوى "رزگاركردنى نیشتمان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین