ئه‌فغانه‌كانى ئێران..ناچاربوون به‌ قبوڵكردنى په‌راوێزخستن ئێران

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

وەرزنامەی "سیاسەت"، کە لە لایەن زانکۆی "تاران"وە بڵاو دەبێتەوە لە نوێترین ژمارەی خۆیدا لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە هۆکارە بنەڕەتییەکانی کۆچکردنی هاووڵاتیانی ئەفغانستان بۆ ئێران بڵاو کردووەتەوە. ئەو لێکۆڵینەوە دەڵێت سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران سەبارەت بە پێویستی چوونەدەرەوەی ئەفغانەکان لە ئێران و کەمکردنەوەی ژمارەیان، زیانی گەورەی بۆ ئەو کۆچەرانە هەبووە.

ماڵپەڕی "ئێران وایەر"، بە ئاماژە بەو لێکۆڵینەوە، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی هاوڵاتیانی ئەفغانستان لە ئێران بڵاو کردووەتەوە و بەو پرسیارە دەست پێ دەکات کە بۆچی هاووڵاتیانی ئەفغانستان ساڵانێکی زۆرە ماڵ و زێدی خۆیان بەجێ دەهێڵن و ڕەنجی کۆچبەری بە شێوەی یاسایی و نایاسایی بە گیان قەبووڵ دەکەن بۆ ئەوەی ببنە دانیشتووی ئێران، تورکیا و زۆرێکی تر لە وڵاتانی ئەوروپی؟
ئەو کۆچەرانە یان پەنابەرانە ڕووبەڕووى هەڕەشە و گوشار و ڕووداوی زۆر دەبنەوە و تەنانەت پاش گەیشتن بە وڵاتی مەبەست، ڕێگایەکی دوور و درێژیان لە بەردەمە بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی ئاسایی. یەکێک لەو وڵاتانە، ئێرانە. 
ئامارەکان دەڵێن کۆچبەرانی ئەفغانی زیاتر لە ٨٠٪ی ژمارەی کۆی کۆچبەران لە ئێران پێک دێنن و زیاتر لەنێوان ساڵانی ١٩٧٨ تا ١٩٨٩دا بەرەو شارە جیاوازەکانی ئێران به‌ڕێکەوتوون. 
هەڵبەت لەو ساڵانەی دواییدا دوای گرانبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی جۆرە جیاوازەکانی دراو و هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و توندبوونەوەی سیاسەتە دژە کۆچبەرییەکان لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە، ڕەوتی کۆچکردنی ئەفغانستانییەکان بۆ ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە. 

ئه‌فغانه‌كان بۆ مانه‌وه‌ى له‌ ئێران
ناچاركراون به‌شدارى شه‌ڕى سووریا بكه‌ن


لەو لێکۆڵینەوەدا، ئاماژە بە سێ هۆکاری ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی وەک هۆکارەکانی کۆچکردنی ئەفغانییەکان کراوە و لە ڕوونکردنەوەی هۆکارە ناوخۆییەکاندا نووسراوە کە ئەو کۆچبەرانە لە وڵاتی خۆیاندا ڕووبەڕووێ "نەبوونی ئاسایش"، "وشەکساڵی"، "گوشاری زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان"، "شەڕی ناوخۆیی"، "نەبوونی ژێرخانەکان"، "داهاتی کەم" و "ناکارامەیی" بوونەتەوە. 
کۆی ئەو هۆکارانە بوونەتە هۆی ئەوەش کە تێکڕای تەمەن [تەمەنی هیوا بە ژیان] لەو وڵاتەدا ٤٣ ساڵ بێت، لە حاڵێکدا کە تێکڕای تەمەن لە ئێراندا ٧٣ ساڵە.
لەو لێکۆڵینەوەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە هەبوونی وڵاتانی دەرەکی لە ئەفغانستان و هەندێ پەیوەندیی ناوچەیی کە لەسەر بنەمای هه‌ژموون و دەسەڵاتن، لە هۆکارەکانی سەرەکییەکانی تری کۆچکردنی بەربڵاوی ئەفغانییەکان بوون لە ساڵی ١٩٧٣ بەملاوە، واتە لەو ساڵەوە کە سۆڤیەت لەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادە بوو. 
لە بەشێکی تری ئەو لێکۆڵینەوەدا هاتووە کە پاش داڕووخانی سۆڤیەت بوو کە کێشەکانی ئەفغانییەکان چووە قۆناغێکی نوێوە و بە دابەشبوونی بنه‌ماى دەسەڵات لەنێوان دەستە و گرووپە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا، ناسەقامگیریی و نەبوونی ئاسایش سەری هەڵدا و دوای ئەوە، یەکەمین شەپۆلی کۆچبەری بە شێوەیەکی بەربڵاو بۆ وڵاتانی دراوسێ دەستی پێکرد. 
کۆچبەریی ئەفغانییەکان کە لە ساڵی ١٩٧٠وە هێدی هێدی  بەرەو ئێران دەستی پێکردبوو، لە ساڵی ١٩٧٨دا و لە دوای کودەتا و پەرەسەندنی دەستێوەردانی سەربازیی سۆڤیەت لەو وڵاتەدا پەرەی سەند و ژمارەی ئەفغانییەکان کە هەموو ڕۆژێ بەرەو ئێران ڕێ دەکەوتن و لە شارە جیاوازەکاندا دادەنیشتن، زیاتر بوو.
ئەو لێکۆڵینەوە دەڵێت دوای داڕووخانی حکومەتی کۆمۆنیستی ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٨٠دا، زۆرێک لە کۆچبەرانی ئەو وڵاتە کە دانیشتووی ئێران بوون و ببوونە خاوەن ماڵ و خێزان و پێگەئ خوازراو، ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و لە ئێران مانەوە. 
بەشێکی تر لەو لێکۆڵینەوە دۆخی ئەفغانییە کۆچبەرەکانی نەوەی یەکەم و نەوەی دووەمی خستووەتە بەر باس کە لە ئێراندا لەدایکبوون و گەورە بوون. 
بەو جۆرەی لەو لێکۆڵینەوەیەدا هاتووە، ئەفغانییەکانی نەوەی دووەم لە بەراورد لەگەڵ باوک و دایکیان خوێندەوارترن و لە بەراورد لەگەڵ نەوەی یەکەم ئاستی پسپۆڕییان بەرزترە. هەر ئەوەش وایکردووە پەیوەندییان لەگەڵ ئێرانییەکان زیاتر بێت و تێکەڵاوتر بن.  
ئەو لێکۆڵینەوە هەروەها نیشان دەدات کە پەیوەندیی ئەو ئەفغانیانەی کە دانیشتووی شاری "زاهدان"ی ئێرانن لەگەڵ ئێرانییەکان زیاترە لەو ئەفغانیانەی کە لە شارانێک وەک تاراندا ژیاون. 
بەو جۆرەی لەو لێکۆڵینەوەدا نووسراوە، ٧٧٪ی ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران لە کەرتی خزمەتگوزرییەکاندا کار دەکەن و زۆربەیان کرێچین و خاوەن موڵک و ماڵ نین. 
لە ڕووی ره‌چه‌ڵه‌كه‌وه‌ پێکهاتەی ئەفغانییەکانی دانیشتووى ئێران بەو جۆرەیە: تاجیکەکان ٢٠.٢٢٪، هەزارەکان ١٨.٦٦٪، پەشتووەکان ٦.٦٣٪ و باقی ره‌چه‌ڵه‌كانى ٥٠.٤٥٪. 
ئەو لێکۆڵینەوە هەروەها دەڵێت، زیاتر لە ٩٣٪ی ئەفغانەکانی دانیشتووی ئێران بە شێوەی نایاسایی سنوورەکانیان بڕیوە و لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا دانیشتوون.
زانیارییەکانی ئەو لێکۆڵینەوە هەروەها دەڵێت ٤٧.٨٪ی ئەفغانستانییەکان بە هۆی هاوسەرگیری لەگەڵ ئێرانییەکان، خووگرتن بە کۆمەڵگەی ئێران، خوێندن و نەبوونی ئاستی خۆشبژیوی خوازراو لە ئەفغانستان، ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. 
ژمارەی کۆچبەرە پیاوەکان زیاترە لە ژنانە و داتاکان نیشاندەری ئەوەن کە یەک لە سەر سێی کۆچبەران دانیشتووی پارێزگای تارانن. 

کۆچبەرانی ئەفغانی زیاتر لە ٨٠٪ی ژمارەی کۆی کۆچبەران لە ئێران پێک دێنن


لە بەشێکی تری ئەو لێکۆڵینەوەدا، دۆخی ناوخۆیی ئەفغانستان لە ڕووی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و ئاسایشەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و نووسراوە ئەفغانستان لەو بوارانەدا لە ئاستێکدا نییە کە ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران هان بدات بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. 
هەروەها لەو لێکۆڵینەوەدا نووسراوە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران سەبارەت بە پێویستی چوونەدەرەوەی ئەفغانستانییەکان لە ئێران و گوشاری زیاتر بۆ سەر ئەو کۆچەرانە، بە گشتیی زیانی گەورەی لێداون و خەسارهەڵگری کردوون. 
بەو جۆرەی ئەو لێکۆڵینەوە ئاکادیمییە دەڵێت، ئەو دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەفغانییەکان نەتوانن خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێراندا بگونجێنن و ئەوەش دەتوانێ ببیتە هۆی ناتەبایی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و چەفتڕۆیی و پەرەسەندنی دیاردەی پەراوێزنشینی لە گەورەشارەکاندا.
هەڵبەت تاوانی کۆمەڵایەتی بە هۆی هەبوونی کۆچبەرانی نایاسایی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و کۆمەڵگەی ئێرانیش لەوەدا جیاواز نییە. بەڵام دوای گۆڕانی سیاسەتی حکومەتی ئێران سەبارەت بەو کۆچبەرانە و هەوڵدان بۆ دەرکردنیان، ساڵانێکە کە لە ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە فەرمییەکاندا سەبارەت بە خەسارە هەمەلایەنەکانی هەبوونی ئەو کۆچبەرانە لە کۆمەڵگەی ئێراندا باس دەکرێ. 
لەو نێوەدا، لێکۆڵینەوەیەک بانگه‌شه‌ى کردووە کە هەبوونی "خه‌ڵكى بیانی"، ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە و لێکۆڵینەوەیەکی تر باسی ئەوەی کردووە کە ئەو دیاردەیە بووەتە هۆی پەرەسەندنی ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا. 
چەندین لێکۆڵینەوەی تر سەبارەت بە تێڕوانینی خەڵکی ئێران بە نیسبەت ئەفغانستانییەکان لە چەند گۆڤارێکی ئاکادیمیک و توێژینەوەییدا لەو ساڵانەی دواییدا بڵاو بوونەتەوە کە نیشاندەری ئەوەن خەڵکی ئێران ڕوانگەیەکی ئەرێنی و پۆزەتیڤیان بە نیسبەت هەبوونی خه‌ڵكى ئەفغانستان لە وڵاتەکەیاندا نییە.
بە چاوپۆشین لەوەی ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوانە نیشاندەری چین یان چۆن ئەو کۆچبەرانە وێنا دەکرێن، حەقیقەتی ژیانی ئەو کۆچبەرانە ئەوەیە کە هەموو ڕۆژێک بەرەوڕووی هەڵاواردن و جیاکاریی، نادادپەروەریی و گوشارە ئاشکرا و شاراوەکانی کۆمەڵگەی ئێران دەبنەوە. حەقیقەتێک کە لەو ساڵانەی دواییدا خۆی لە چوارچێوەی ڕەوانەکردنی بەکۆمەڵی گرووپێک لە ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران بۆ شەڕ لە سووریا نیشان داوە کە تا ئێستا دەیان کەسیان لەو شەڕدا کوژراون، لە پێناو ئەوەی ڕێگا بدرێ بنەماڵەکانیان وەک جاران لە ئێران بمێننەوە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین