هەولێر بە چاندنى (100) ملیۆن دار رووبەڕووى گۆڕانى کەشوهەوا دەبێتەوە راپۆرت و شیکاری

تایبەت بە نوچەنێت:

لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، ڕێکخراوى هەسار بە هاوبەشى لەگەڵ حکوومەتى هەرێمى کوردستان (100) ملیۆن دار دەچێنن. سەرۆکى رێکخراوی هەسار دەڵێت، "ئەم پڕۆژەیە سەرەتا لەسەر ڕووبەرێکى بچووک ئەنجام دەدرێت."

هاوکار عەلی، سەرۆکى رێکخراوی هەسار دەربارەى چۆنیەتى چاندنى (100) ملیۆن دار لە هەولێر تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ئەو هەڵمەتە بە هاوبەشى لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای نەوتی شارامان ئەنجام دەدرێت، کۆتایى (2030) پڕۆژەکە تەواو دەبێت، سەرەتا لەسەر ڕووبەرێکی بچووک ئەنجام دەدرێت، پاشان ساڵ دوای ساڵ هەڵمەتەکە فراوانتر دەبن."

سەرۆکى ڕێکخراوى هەسار لەسەر ئەو پڕۆژە هاوبەشە ڕوونکردنەوەى زیاتر دەدات و دەڵێت، "شوێنی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە پشتێنەی سەوزای شاری هەولێرە، لە پشتێنەی شاری هەولێر هەندێک بەش هەیە تەرخان کراوە بۆ ئەوەی ببێتە دارستان، پرۆژەکە سەرەتا بە قۆناغێکی بچووک دەست پێدەکات کە ژمارەیەکی دیاریکراوە لە دار دەچێندرێت، پاشان قۆناغ بە قۆناغ ژمارەی چاندنی دار بەرز دەبێتەوە."

گەشبین ئیدریس، هاودامەزرێنەر و جێگرى رێکخراوى هەسار بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ئەو ئەندازیارانەى سەرپەرشتی چاندنی نەمامەکان دەکات، ئەزموونی زیاتر لە دووساڵیان هەیە، تەواوی پرۆسەى چاندنی دارەکان بە وردەکاری و لایەنی زانستیەوە بەرێوەدچێت، هەروەها لەسەر پەرشتی دارەکان بەردەوام دەبن تا دەگاتە تا دارە چێندراوەکان دەگەنە ئاستی ئەوەی پێویستیان بە سەرپەرشتی نەبێت."

تا ئێستا (60) هەزار دار چاندراوە

ئەو دارانەى دەچێندرێن زیاتر لە جۆرى داربەڕوون، پشت بە ئاوی پاك نابەستێت، هەوڵدەدەرێت سوود لە ئاوی باران یاخو خاوێنکردنەوەی ئاوی پیسی هەولێر بەکاربهێندرێت، هەروەک ئیدریس عەلى دەڵێت، "رێکخراوی هەسار گەیشتۆتە ئەو قۆناغەی ئاودانی دارەکان لە ماوەی مانگێکدا تەنها یەک جار پێویستی بە ئاودان هەبێت ئەویش بە دۆزینەوە و ئامادەکردنی خاکەکە بەشێوازێک کە ئەو ئاوەی بۆ ئاودانی دارەکان بەکاردێت هیچی بە فیرۆ نەچێت و تووشی بەهەڵم بوون نەبێت بەهۆی تیشکی رۆژەوە."

 رێبین ئەحمەد حەوێز، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لە وەزارەتى شارەوانى، سەبارەت بەو پڕۆژەیە بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "بە دابین کردنی رێکارەکانی کار ئاسانی بۆ دەستپێکردنى ئەو پرۆژەیە کە لە بواری تێسدایە هاوكار دەبين، تا ئێستا (60) هەزار دار چاندراوە، هەر کات ئەو هەوڵە سەرکەوتوو ببێت ئەو کات بڕیاری چاندنى ژمارەى هەموو ئەو دارانە دەدرێت."

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئاماژە بەوەشدەکات، "وەکو تێست کۆمەڵێک دار بەروو چێندراوە، لەو ماوەی کە نزیکە 6 بۆ 7 مانگ دەبێت، بەڵام بەو شێوەیە گەشەی نەکردوە، چونکە کەش و هەوای شاری هەولێر وەک پێویست بۆ ئەو درەختە گونجاو نییە، چونکە دار بەروو زیاتر لەسەر بەرزایەکان و چیاکان هەن، بەڵام چاوەڕێ دەکەین بزانین تا چەند ئەو هەوڵە سەرکەوتوو دەبێت، هەروەها حکوومەتی هەرێم پلانێکی ستراتیژیی هەیە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ سەوزاییەکانی ناو شار، یەکێک لەو هەوڵانەش سوود وەرگرتنە لە ئاوی پیسی شاری هەولێر، تا فلتەر بکرێت بۆ سەوزای ودرەختەکان."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین