د. زه‌رده‌شت برادۆستى : هه‌ندێك جار هۆلیوود سمایڵ چاره‌سه‌ره‌ و ته‌نیا جوانكاریى نییه‌ تەندرووستی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

دکتۆر زەردەشت برادۆستی، پسپۆڕی جوانکاری و چارەسەری ددانە له‌ نوچەنێت باس له‌ جۆره‌كانى هۆلیوود سمایڵ و كێشه‌ و لایه‌نه‌ باشه‌كانى ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، هه‌ندێك جار هۆلیوود سمایڵ وه‌ك چاره‌سه‌ر به‌كاردێت نه‌وه‌ك ته‌نیا بۆ خودى جوانكاریى

نوچەنێت: کەی هۆلیوود سمایڵ بکەین، یان کێ کاندیدی هۆلیوود سمایڵە؟

د. زەردەشت برادۆستی: سەرەتا دەبێت بزانین کە فەلسەفەی جوانکاری ددان بریتین لە چوار خاڵی سەرەکی، ئەوانیش گۆڕانکاری لە رەنگی ددان، شێوە ، قەبارەی ددان، شوێنی ددان. واتە کاتێک جوانکاری ددان دەکرێت، جوانکاری بۆ یەکێک لەو خاڵانە یان چەند خاڵێک بەیەکەوە ئەنجام دەدرێت، جا دەتوانین بڵێین؛ توێکڵی ڤینیر کە لە ناو خەڵکدا بە هۆلیوود سمایڵ ناسراوە بۆ یەکێک لەو حاڵەتانە ئەنجام دەدرێت.

بۆ كه‌سانى خوار 30 ساڵ ده‌بێت هۆلیوود سمایڵ 
به‌ مه‌رج بكرێت

 

نوچەنێت: پێویستە لە چ کاتێکدا هۆلیوود سمایڵ بکرێت؟

د. زەردەشت برادۆستی: یەکەم جوانکاری ددان؛ واتە کاتێک بمانەوێت بۆ مەرامی جوانکاری یەکێک لە چوار خاڵەکەی سەرەوە (رەنگ، شێوە، قەبارە، شوێن) ددان یان زیاتر لە خاڵێک لەوانە بگۆڕین، دەتوانرێت هۆلیوود سمایڵ بکرێتە هۆکاری گۆڕینەکە، بەڵام بە دوو مەرج:

1- لەکرداری گۆڕینی رەنگ؛ شوێن، بژاردەی وەکو سپیکردنەوە بۆ رەنگ و تەلی ددان بۆ شوێن پێویستە بژاردەی یەکەم بن، هەر چەندە هەندێک جار ئەو دوو بژاردەیەش سنووردارن بە نموونە، کاتێک چارەخواز داوای گۆڕینی رەنگ دەکات بۆ هەمیشەیی یان خواستی گۆڕینی رەنگەکەی لە دەرەوەی توانی سپیکردنەوەی (bleaching)ە، لەو حاڵەتانە لەدوای سپیکردنەوە توێکڵی ددان باشترین بژاردەیە، یا نەخۆشەکە ناتوانێت تەلی ددان دابنێت لەبەر کەمی کات و هۆکاری تر، لەو حاڵەتەدا چارەخواز دەبێت باش بزانێت راستکردنەوەی ددان خۆی لە سێ باردا دەبینێتەوە؛ حاڵەتی قەرەباڵەغی کەم((minor crowding حاڵەتی قەرەباڵەغی مامناوەند((medium crowding حاڵەتی قەرەباڵەغی زۆر((sever crowding. جا هەرچەندە کاتیشی کەم بێت، نابێت جگەلە حاڵەتی یەکەم، دووەم و سێیەم ببنە بژاردەی هۆلیوود سمایڵ، جگە لەوەش وا باشترە بۆ حاڵەتی یەکەمیش راستکردنەوە ددان دەبێت تەنیا تەل بەکاربهێنرێت، چونکە رەنگە ببێتە نەهاتنە جێی مەرجی دووەم. 2- تێکدانی بایلۆژی دەم و ددان، واتە هەر کاتێک بمانەوێت یەکێک لەو چوارخاڵەی سەرەوە بەدەست بهێنین نابێت بایلۆژی دەم و ددان لە دەست بدەین، بایلۆژی دەم و ددانیش لەو حاڵەتانەدا لە دەست دەدرێن:

یەکەم: کاتێک مینای ددان دەتاشرێت بەتەواوی، مینا کە چینی یەکەمی ددانە تەنکە، بەڵام هێزێکی بێوێنە دەداتە ددان، ئەستورایەکەشی لە نێوان (0.3–1.3) ملم-ە لە حاڵەتی ئاسایی واتە ئەگەر پزیشکەکە بۆ جوانی مینا ددان هەمووی بتاشێت ئەوا بایلۆژی ددان لەدەست دەدرێت.

دووەم: کاتێک هۆلیوود سمایڵ دەبێتە هۆی هەوکردنی پووک و دەزگای دەوری ددان، دەرئەنجام دەبێتە هۆی سووربوونەوە و ئەستوور بوونی پووک و خوێن لێهاتنی.

سێیەم: کاتێک هۆلیوود سمایڵ دەبێتە هۆی تێکدانی ئیتباق(occlusion ) و هارمۆنی نێوان ماسولکە و ددان و ئێسک و شەویلگەکان، بەزۆری لە ماوەیەکی کورت و کەمتر لە دوو ساڵ دەبێتە هۆی تێکدانی جوومگەی شەویلگە.

نوچەنێت: له‌ چ كاتێكدا ده‌بێت هه‌ر بكرێت؟

د. زەردەشت برادۆستی: کاتێک کە ددانەکە شێوەو قەبارەی تەواو لەدەست دابێت بەهۆی کارێکی فسیۆلۆجی خورانێکی کەمی ددانەکە و تەنکبوونەوەی، لەو حاڵەتە دەبێت بەرێگەی (additional technique) هۆلیوود سمایڵ ئەنجام بدرێت، بەڵام دەبێت دووبارە رەچاوی بەشە ماوەی مینا بکرێت.

ئه‌گه‌ر هۆلیوود سمایڵ بە دروستی ئەنجام نەدرێت، دەبێتە هۆی هەوکردنی پوک و کڕۆکی ددان

نوچەنێت: ئایا هۆلیوود سمایڵ تەنیا بۆ جوانکاری دەکرێت؟

د. زەردەشت برادۆستی: لە کاتێکدا ددانەکان بەهۆکاری نەخۆشی فسیۆلۆژی زۆری پێکهاتەی ددانەکانیان لە دەست دابێت، بە زۆری ئەو حاڵەتانە ددانەکانیان بە جۆرێک تەنک بوونەتەوە کە بووەتە هۆی لەدەستدانی بایۆلۆژیەکەی، لەو بارەدا هۆلیوود سمایڵ بەڕێگەیەکی درووست بە شێوازی زیادکردن چارەسەرە، واتە جوانکاری و چارەسەر بەیەکەوە بکرێن، بەڵام نابێت مینا ماوە بەهیچ شێوەیەک لاببردرێت، شایەنی باسە رێگای زیاد کردن( additional technique) رێگەیەکی زانستییە، بەڵام بەداخەوە لە جیهان بەشێکی کەمی پزیشکی ددان لەسەر ئەم رێگەیە دەڕۆن، چونکە سەردانی زیاتر و ئەزموون و شارەزایی تایبەتی دەوێت، جگە لەوەی ئامێری هاوچەرخی دەوێت بۆ نموونە، ئەگەر پزیشک بییەوێت رێگای زیادکردن بەکاربهێنیت ناتوانێت پشت بە توانای چاو ببەستێت، چاو لە باشترین حاڵەتدا توانای بینینی قەبارەی بچووکی نییە کەمتر بێت لە (2ملم) ئەو رێگەیەش مامەڵە لەگەڵ کەمتر لەو قەبارەیە دەکات بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە ئامێری مایکرۆسکۆب بەکار بهێنرێت بۆ گەورەکردنی قەبارەی ددان لەکاتی ئامادەکارییەکەی و هاوکاری کردنی ددان.

نوچەنێت: بۆماوەی چەند بەردەوام دەبێت؟

د. زەردەشت برادۆستی: بەدوو شێوە بەردەوام دەبێت، یەکەمیان، ئەگەر حاڵەتەکە کاندیدی هۆلیوود سمایڵ بێت و بەتەکنیکی نوێ ئەنجام بدرێت، ئەوا دەتوانرێت بڵێین زۆرینەی مینای ددان پارێزراوە، ئەو کات بەشێوەیەکی گشتی سەرووی (15) ساڵ دەخایەنێت. دووەم، ئەگەر حاڵەتەکە کاندید نەبێت و میکانیزم و ئالییەتی ئیشکردنەکە دروست نەبێت، هەرچەند خۆی بکات زۆرە.

نوچەنێت: کاریگەرییەکان لەسەر دەم و ددان چییە؟

د. زەردەشت برادۆستی: لە حاڵەتێک کاندید نەبێت و بە دروستی ئەنجام نەدرێت، دەبێتە هۆی هەوکردنی پوک و کڕۆکی ددان، پاشان تێکچوونی جوومگەی شەویلاگ بۆ ئەو حاڵەتانەش کاندیدن و بە دروستی ئەنجم دراون وەک هەر چارەسەرێکی دیکەی پزیشکی ئەگەری ئاڵۆزی هەیە، بەڵام رێژەکەی کەمە، باشەکە ئەوەیە کە بەشێوەیەکی گشتی هیچ کێشەیەکی ستراتیژی روونادات.

نوچەنێت: تێچووەکەی چەندە؟

د.زەردەشت برادۆستی: بەگوێرەی وڵات و پزیشکەكه‌ ده‌گۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کوالێتی باش کاتی زیاتری دەوێت و تێچووی زیاترە، بەڵام ئەگەر بە کوالێتیەکی نزم ئەنجام بدرێت هەم تێچووی کەمترە هەمیش تەمەنی کورتە.

بە نموونە، لە قۆناغی دانان، یەک ددان بۆندکردنی زیاتر لە (45) خولەکی پێویستە، کەچی پزیشکی ددان هەیە (10) ددان بە (45) خولەک بۆند دەکات، بێگومان پەلەکردن و کوالێتی دوو هاوکێشەی دژ یەکن، گرنگی دان بە هەموو کونج و کەلەبەرێک کاتی کاتی زیاتر و زانستی و لێزانینی زیاتری دەوێ.

نوچەنێت: لە چەند ساڵییەوە دەتوانرێت بکرێت؟

د. زەردەشت برادۆستی: نابێت لەخوار تەمەنی (18) ساڵی بکرێت، چونکە هێشتا گەشە تەواو نەبووە، بەڵام بە بۆچوونی من دەبێت لەخوار تەمەنی (30) ساڵییەوە بە مەرج ئەنجام بدرێت.

نوچەنێت: خانمان زیاتر هۆلیوود سمایڵ دەکەن یاخود پیاوان؟

د. زەردەشت برادۆستی: ئافرەت و پیاو هەردووکیان حەز بەوە دەکەن کە هۆلیوود سمایڵ بکەن، بەڵام زیاتر خانمان دەیکەن.

نوچەنێت: ئایا بەپێی کات رەنگی دەگۆڕێت؟

د. زەردەشت برادۆستی: بە شێوەیەکی گشتی رەنگی سیرامیکی هۆلیوود سمایڵ جێگیرە و ناگۆڕێ، بەڵام لەهەمانکاتیشدا لەکاتی دانانی ڤینیرەکان جۆرێک لە رووشانی رووتەختی ڤینیرەکان دەبێتە هۆی گلدانەوەی خۆراک لە شوێنی رووشاوەکە، چونکە ئەو شوێنەلە ئەنجامی بەرکەوتنی ئامێری پێوەلکاندنی ڤینیرەکان زبر دەبێت و ئەگەری زەردبوونی زیاترە و دەڕووشێت، ئەم جۆرە پێشهاتانەش روودەدەن کاتێک بەخێرایی و ئەزموونێکی کەمەوە پڕۆسەکە ئەنجام دەدرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین