توركيا بەمەرج پاشەكشە لە هێرشى سەربازى دەكات تورکیە

نوچەنێت

دواى ئەوەى رووسيا دواى لە توركيا كرد ئۆپراسيۆنى سەربازى لە باكوورى سووريا ئەنجام نەدات، بە پاساوى هەبوونى مەترسى حكومەتى توركيا بەو مەرجە رازى دەبێت يەكينەكانى پاراستنى گەل لە كۆبانێ و مەنبەج و تەلرەفعەت بكشێنێەوە، بەرپرسانى هەسەدەش داواى رێككەوتن لەگەڵ حكومەتى سووريا دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (29/تشرينى دووەم/ 2022) ماڵپەڕى (جەزيرە) بڵاويكردەوە توركيا بەم مەرجە ئۆپراسيۆنى سەربازى ئەنجام نادات، ئەگەر هێزەكانى سوورياى ديموكرات (هەسەدە) لە ناوچەكان بكشێنەوە و هێزە ئەمنييەكانى سووريا و پاسەوانى سنوور لەو ناوچانە جێگير بكرێن. 

توركيا رايگەياندووە بۆ ماوەيەكى دياريكراو بەو هێزانە دەدات، ئەگەر لەم ماوەيە لەو ناوچانە كشانەوە ئەوكاتە هێرشەكانى رادەگرێت، ئەگەر نەكشانەوە ئەوكاتە هێرشەكانى دەستپێدەكات.

سەبارەت بەو داوايەى حكومەتى توركيا نووسينگەى بەرگرى لە ئيدارەى خۆسەرى رۆژئاواى كوردستان راگەيێندراوێكى بڵاوكردەوە، كە تێيدا هاتووە ئەگەر توركيا لە هێرشەكان بەردەوام بێت وەڵامى توندمان دەبێت.

لەبەشێكى ترى راگەيێندراوەكە هاتووە، "داوا لە ئەمەريكا و رووسيا دەكەين هەڵوێستى روونيان بەرانبەر ئەو هێرشانە هەبێت، كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرپرسن بەرانبەر ئەو هێرشانەى رووبەڕوومان دەبێتەوە."

لەلايەكى ترەوە ئارام حەنا، گوتەبێژى هێزەكانى سوورياى ديموكرات رايگەياند، “داوامان لە نوێنەرانى رووسيا كردووە هاوكاربن بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتى سووريا بۆ پارێزگارى لەو ناوچانەى باكوورى رۆژهەڵاتى سووريا.”

لەبەشێكى ترى قسەكانى گوتى، “ئێمە بەردەوام لەسەر مەرجەكانى توركيا ديدارمان لەگەڵ نوێنەرانى رووسيا هەيە، ئەو ديدارانە گرنگ، بەڵام تا ئێستا تەنيا لە سەر كەمكردنەوەى ئاڵۆزييەكان رێككەوتووين."

لە سەرەتاى هەفتەى رابردوو توركيا بە پاساوى تەقينەوەكەى شەقامى ئيستقلال لە ئيستەنبۆڵ هێرشەكانى بۆ سەر رۆژئاواى كوردستان دەستپێكرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین