دۆخی نوێی ئێران: فەرماندە باڵاکان بەسەر دوو بەرەدا دابەشدەبن راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت

بێ هەڵوێستی بەشێک لە کاربەدەستانی حکومەت بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، یەکێک لە جێنشینەکانی خامنەیی لە سوپای پاسداران،  بە توندی رەخنەی لە "بێدەنگی هەندێک نوخبە" لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان گرت و رایگەیاند کە "ئەوان شۆڕشیان بە تەنیا بەجێهێشت."

بەپێی راپۆرتێکی هەواڵنێری ئیسنا، غوڵام حسێن غەیبپەروەر، جێنشینی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لە قەرارگای زەمینی ئیمام عەلی، ئێوارەی رۆژی هەینی ٣٠ی دیسەمبەر، لە رێوڕەسمێکدا بە بۆنەی سێیەمین ساڵڕۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانی، ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردووی بە "جەنگێکی تێکەڵاو"، ناوبرد و گوتی لە "شەڕ لەگەڵ داعش کەمتر نییە".

غەیبپەروەر لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردۆتەوە، کە "نابێت لە دۆخێکی وەهادا گومانمان هەبێت" سەبارەت بە "دەزگای دیپلۆماسی" بەهۆی نەبوونی "رووبەڕووبوونەوەی شۆڕشگێڕانە" و سەبارەت بە "هەندێک تایبەتمەندی" بەهۆی "بێدەنگی" و "وازهێنان لە شۆڕش"، لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە رەخنەی جددی گرت.

ئەم جۆرە لێدوانانە کە لە چەند رۆژی رابردوودا دووبارە بوونەتەوە، لە کاتێکدا دەهێنرێنە ئاراوە کە پێشتر لە بەشێک لە بوولتنە نهێنییەکانی ئاژانسی هەواڵی فارس، کە لەلایەن گروپی هاکەرەکانی "بلاک ریوارد" هاک کراوە، راگەیەندرا کە رێبەری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ غوڵامعەلی حەدادعادل، ئەندامی ئەنجومەنی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم کۆبووەوە، بە داننان بە گونجاوی سیستەمەکە و یەکێک لە کەسانی نزیکترین لە خۆی، گلەیی ئەوەی کردووە، "بۆچی هەندێک کەسایەتی بێدەنگ بوون؟".

لە کاتێکدا پێدەچێت یەکێک لە گرنگترین نیگەرانییەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەوانەش عەلی خامنەیی، "کەمبوونەوە"ی هێزەکانی نزیک و سەر بە حکومەت بێت، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەم دواییانەدا لە حەمید ئەبازەری بڵاوکرایەوە، ئەو راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، دانی بەوەدانا، کە فەرماندە باڵاکان و "بەرپرسانی پلە یەک" لە بەردەم عەلی خامنەیی، بەرانبەر رێبەری کۆماری ئیسلامی "وەستاون".

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا پێدەچێت رەخنە لە رەخنەگرتنی کەسایەتییە ئایینی پلە باڵا و هەروەها فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران بگرێت، لە مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ناڕازیان و دەڵێت: "ئەمڕۆ دەبینین گەورەکان چ تایبەتمەندییەکیان نەبووە".

لەم وتارەدا کاک ئەبازەری بەبێ ئاماژەکردن بە ناوێکی دیاریکراو سەبارەت بە هەندێک لە کەسایەتی ئایینی دەڵێت کە ئەوان کاردانەوەیان نەبووە یان یەک وشەشیان لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییە نەگوتووە سەرەڕای ئەو هەموو لایەنگر و "ناوبانگەیانەوە".

راوێژکارەکەی فەرماندەی سوپای پاسداران، هەروەها سەبارەت بە دابەشبوون لە نێو فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان ئاشکرا کرد و گوتی: خەڵکێکی زۆرمان بینی، دابڕان. بە چاوی خۆم ژەنەڕاڵگەلێکی گەورەم بینی کە کورتیان هێنا، بەرامبەر بەهاکان وەستانەوە، بەرامبەر ئاغاکەیان [خامنەیی] وەستانەوە، بەرامبەر سیستەم وەستانەوە."

ئەم بەرپرسە باڵایەی سوپای پاسدارن، ناوی کەسێکی دیاریکراوی نەهێنا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە "بەرپرسانی پلە یەکەکانی سیستەمەکە" لەنێو ئەو کەسانەدان.

هەروەها غوڵامحوسێن غەیبپەروەر بە داڕشتنی پرسیارێک، کە "بۆچی هەندێک بێدەنگ بوون و شۆڕشیان بە تەنیا جێهێشت؟" لە درێژەدا دەڵێت: "هێرشیان کردە سەر ئایینەکەمان و ئەوە تەنها لادانی حیجاب نییە".

هاوکات لەگەڵ رەخنەگرتن لە بێدەنگی "کەسە تایبەتەکان" سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، بەشێک لە کەسایەتییە حکومییەکان و ژمارەیەک لە ریفۆرمخوازانی رەخنەگر، رەخنەیان لە ئەدای حکومەت لە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕازییان گرت، لەوانە عەبدوڵڵا نووری، وەزیری پێشووی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا بارودۆخی ئێستای وڵاتی هاوشێوەی "بنبەست" ناوبرد و سەبارەت بە هۆکاری گرفتار بوون لەم دۆخەدا، گوتی کە لە کۆماری ئیسلامیدا، "هەرگیز بنەمایەک نەبووە و نییە، کە قسە و بۆچوونی زۆرینەی خەڵک ببیسترێت."

لەگەڵ ئەوانەش حوسێن مەرعشی، ئەمینداری گشتی پارتی کارگوزارانی بونیاتنەر، دانی بەوەدانا کە "ویستی زۆرینەی خەڵک تێپەڕاندنی کۆماری ئیسلامییە" و "بە ئەدەبیات و گوتاری شەستەکان، ناتوانرێت کۆمەڵگایەک قەناعەت پێبکەن کە ٧٠٪یان نە ئیمامیان بینیوە و نە شەڕ".

جگە لە راگەیاندنی خۆبێبەریکردنی بەشێک لە پیاوانی ئایینی و سیاسەتمەدار و بنەماڵەی قوربانیانی شەڕی ئێران و عێراق لە کۆماری ئیسلامی؛ بەدری حوسەینی خامنەیی، خوشکی رێبەری کۆماری ئیسلامی، لە نامەیەکی سەرئاوەڵەدا، بێبەری بوونی خۆی لە عەلی خامنەیی و "خەلافەتە پاوانخوازەکەی" راگەیاند و گوتی: "براکەم گوێی لە دەنگی خەڵکی ئێران نییە و بە هەڵە دەنگی بەکرێگیراوان بە دەنگی گەلی ئێران دەزانێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین