به‌رپرسێكى ئیداره‌ى تره‌مپ سه‌رۆكه‌كانى عێراق به‌ دووڕوو ده‌زانێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌رپرسێكى ئه‌مریكى له‌ ئیداره‌ى دۆناڵد تره‌مپ به‌ گۆڤارى فۆرین پۆلیسى ده‌ڵێ، "به‌رپرسانى عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌كان 100% له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى ئه‌مریكان، به‌ڵام به‌ ئاشكرا قسه‌ى تر ده‌كه‌ن".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23/كانوونى دووه‌م/2023 رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراق راپۆرتێكى گۆڤارى فۆرین پۆلیسى ئه‌مریكى وه‌رگێڕاوه‌ كه‌ تێیدا دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ بۆچوونى فه‌رمى عێراق ده‌یه‌وێ هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌و وڵاته‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌رپرسانى عێراق ته‌نیا له‌ كۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌كان ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌رده‌بڕن.

سه‌رۆكه‌كانى عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌كان ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى ئه‌مریكان 

گۆڤاره‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكى ئیداره‌ى تره‌مپ كردووه‌، كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌ و گوتویه‌تى، "هه‌ركه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى داخراو بووایه‌، ئه‌وان ده‌یانگوت ئێمه‌ 100% پاڵپشتى له‌مانه‌وه‌تان ده‌كه‌ین، پێویستمانه‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكا بمێننه‌وه‌، بۆ زامنكردنى دوو ئامانج، یه‌كه‌میان شكستهێنانى هه‌میشه‌یى رێكخراوى داعشه‌، له‌گه‌ڵ دانانى سنوورێك بۆ هه‌ژموونى ئێران".

هه‌مان به‌رپرس ده‌ڵێ، "به‌ڵام كاتێك كۆبوونه‌وه‌كان به‌ ئاشكرایى ده‌بن، ئه‌وان هه‌ندێك گۆڕانكارى له‌ بۆچوونه‌كانیان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ بڕۆن".

جیا له‌مه‌ گۆڤاره‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌رپرسانى ئه‌مریكا دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌ سه‌رۆك حكومه‌ته‌كانى عێراق "عه‌بدولمه‌هدى و كازمى و سوودانى" هه‌موویان له‌ كۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌كان نایشارنه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكان له‌ عێراق". 

گۆڤارى فۆرین پۆلیسى بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونانه‌، ئاماژه‌ به‌ ناوه‌ڕۆكى ئه‌و دیمانه‌یه‌ ده‌كات، كه‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌ رۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جوڕناڵى ئه‌مریكى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانى ئه‌نجام دراوه‌ و وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌یخاته‌ڕوو كه‌ سوودانى گوتویه‌تى پێویستمان به‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا هه‌یه‌. 

فۆرین پۆلیسى له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ى ده‌ڵێ، "سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى سوودانى رووبه‌ڕووى فشارێك ده‌بێته‌وه‌ له‌لایه‌ن شیعه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى پاڵپشتى ده‌كرێت، ده‌ستیشى كردووه‌ به‌وه‌ى به‌ به‌كارهێنانى هێزه‌كانى دژه‌ تیرۆر به‌ره‌نگارى پرۆسه‌ى به‌ قاچاخبردنى دراو بۆ ئێران ببێته‌وه‌".

له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ى سوودانى راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "ئه‌مه‌ پێشهاتێكه‌ وا ده‌كات بڕیار به‌ده‌ستانى واشنتن رازى بكات. ته‌نانه‌ت گۆڤاره‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كات ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا هاوكارى زیاتر به‌ عێراق بدات و دۆلارى زیاتر به‌م وڵاته‌ بدات.

پێشبینى ده‌كرێت ئه‌مریكا دۆلارى زیاتر ره‌وانه‌ى عێراق بكات
 

هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ساڵى 2011 له‌ عێراق كشانه‌وه‌، به‌ڵام دواتر له‌ هاوینى 2014 به‌هۆى ئه‌وه‌ى رێكخراوى تیرۆریستى داعش رووبه‌ڕێكى فراوانى عێراقى داگیركرد، هێزه‌كانى ئه‌مریكا جارێكى تر گه‌ڕانه‌وه‌. له‌ كۆتایى 2017 عێراق سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر داعش راگه‌یاند و له‌ كۆتایى 2021 مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاند، هیچ هێزێكى چه‌نگاوه‌رى هاوپه‌یمانان كه‌ ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات له‌ عێراق نه‌ماون و ئه‌وانه‌ى ماون راوێژكاریین.

له‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانى له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ وۆڵ ستریت جوڕناڵ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ عێراق پێویستى به‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانانه‌، به‌ڵام دوێنێ له‌ وتارێكى كه‌ له‌ رۆژنامه‌ى لۆمۆندى فه‌ڕه‌نسى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سوودانى ده‌ڵێ، "پێویستمان به‌ هێزى ئه‌مریكا نییه‌، به‌ڵكو پێویستمان به‌ راوێژكارانى سه‌ربازییه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین