کێشەکانی ئێران و ئازەربایجان پەرەدەسێنێت راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت: ئاژانسەکان

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان، ئێوارەی رۆژی شەممە ٢٨ی مانگ رایگەیاند، کە ستافی دیپلۆماسی ئەم وڵاتە لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوو ئێران بەجێدەهێڵن. پێدەچێت ئەم دۆخە نوێییە ببێتە هۆی پچڕانی پەیوەندی هەر دوو وڵات و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران زۆرتر بێت.

چەند ساڵێکە ئێران کۆماری ئازەربایجان بەوە تۆمەتبار دەکات کە رێگە بە ئیسرائیل دەدات تاکو لەوێوە هێرش بکرێتە سەر ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە و پێشتریش چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوە دەکرد کە ئیسرائیل لە رێگەی ئازەربایجانەوە توانیویەتی بەڵگەنامە ئەتۆمییەکانی ئێران لەوێوە ببات. لەم دواییەشدا بەرپرسانی ئێران چەندجارێک هەڕەشەیان لە ئاراستەی بەرپرسانی باکۆ کرد و مانۆڕی سەربازیشیان لەسەر سنووری هەر دوو وڵات ئەنجام دا.

کۆماری ئازەربایجان پێداگری لەسەر "تیرۆریستی بوونی" هێرشی چەکداری سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی دەکات؛ هێرشێک، کە بووە هۆی کوژرانی پاسەوانێکی باڵیۆزخانە و برینداربوونی دوو ئەفسەری دیکەی ئەمنی.

ئێوارەی رۆژی هەینی، جیحۆن بایرامۆف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی رایگەیاند، کە پێویستە "هێرشبەر و رێکخەرانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە" ئاشکرا بکرێن و دادگایی بکرێن.

بەڵام گێڕانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەبارەی ئەو پەیوەندییه تەلەفۆنییەی ناوبراو، پێچەوانەی ئەو راپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی باکۆوە بڵاوکراوەتەوه، که بانگەشەی ئەوه دەکات، که بایرامۆف "پێزانینی" خۆی بۆ هاوسۆزی ئێران و هەماهەنگی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان دەربڕیوه، وڵاتەکە پێشوازی لە روونکردنەوەی رەهەندەکانی رووداوەکە کردووە.

ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدایە، کە پاش ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی باسکراوە، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دیسانەوە دڵنیایی دایەوە، کە هێرشی چەکداری بۆ سەر باڵیۆزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران "رێکخراو نەبووە و تیرۆریستی نەبووە".

بڕیارەکەی حکومەتی باکۆ بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی باکۆ لە تاران لە کاتێکدایە، کە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێوارەی رۆژی شەممە ٢٨ی مانگ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکانی دوو وڵاتی راگەیاند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیلهام عەلییف گوتی: "ئەمە تاوانێکی چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام هاوکاریی هەردوو وڵات لەم بوارەدا دەبێت بە جۆرێک بێت، کە کەس دەرفەت نەدۆزێتەوە بۆ تێکدانی پەیوەندی دۆستانەی هەردوو وڵات بە بیانووی ئەو جۆرە رووداوانە".

لە هەمان کاتدا ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری ئازەربایجان باسێکی زۆر جیاواز لەم وتووێژەی بڵاوکردەوە و نووسیبووی کە عەلییف جەختی لەسەر "تیرۆریستی بوونی" ئەم هێرشە کردووەتەوە و رەخنەی توندی گرتووە و داوای لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی هەمەلایەنەی "تاوانباران"ی بەشدارن لەم هێرشە تیرۆریستییەدا کردووە.

بەیاننامەکانی وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکایەتی کۆماری ئازەربایجان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ جەخت لەسەر ئەگەری ئەوە دەکەنەوە، کە ئەو هێرشە تیرۆریستییە ئاماژەی پێکراوە رێکخراو بووبێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران هێشتا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە ئەم هێرشە بە کێشەی"کۆمەڵایەتی و کەسی" بووە.

هەروەها لێدوانی هاوسۆزی بەرفراوان لەگەڵ ئازەربایجان لەلایەن وڵاتانی دەرەوە دەریدەخات، کە زۆربەیان ئەم رووداوەیان بە "هێرشی تیرۆریستی" ناوبردووە.

حکومەتی باکۆ رۆژی هەینی جەختی لەوە کردەوە کە چەند جارێک ئاماژەیان بە لاوازی ئەمنیەتی باڵیۆزخانە کردووە، بەڵام ئێران ئەم بابەتە پشتگوێ خستووە. بەرپرسێکی ئەمنیی ئازەربایجان هەروەها رایگەیاند، کە ئەمە پێنجەمین هێرشە بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا.

پۆلیسی تاران هیچ زانیارییەکی نەداوە، کە دوای رووداوەکە کەی هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن حکومەتی ئازەربایجانەوە لە کامێرای چاودێری باڵیۆزخانەکەوە بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێ کە هێرشبەرەکە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دەکێشێ بە ئۆتۆمبێلی باڵیۆزخانەکە لە بەردەم بیناکە و دەستی بۆ پۆلیسی ئێران راوەشاندووە لە بەردەم بینای باڵیۆزخانەکە و دواتر بە چەکی کڵاشینکۆفەوە چووەتە ناو باڵیۆزخانەکەوە و بۆ ماوەی چەند خولەکێک لەگەڵ ئەفسەرانی ئەمنی کۆماری ئازەربایجان پێکدادانیان کردووە.

هەروەها گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەگەڕێتەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکە و پتک هەڵدەگرێت و هەوڵدەدات درگای باڵیۆزخانە بشکێنێت، هەروەها کۆکتێل مۆلۆتۆفی داگیرساندووە، بۆ ئەوەی ئاگر لە بیناکە بەربدات، لەکاتێکدا پۆلیسی ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر هێزەکانی پۆلیسی ئێران لەوێ ئامادەنابن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین