دادگاکانی ئێران قورسترین سزا بۆ خۆپیشاندەرەکان دیاری دەکات راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت

لە ئێڕان دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، دەستگیرکردنی بەربڵاو گەیشتووەتە قۆناغی دەرکردنی سزای قورس لە دادگاکاندا. زیندانی درێژخایەن بۆ ئاشتیانەترین شێوەکانی ناڕەزایەتی، ئەو رۆژنامەنووسانەی کە بە هۆی جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیانەوە دەستبەسەر کراون، پارێزەرانی بەرگری لە خۆپیشاندەران و دانپێدانانی درۆ لە ژێر ئەشکەنجەدان کە لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی لە سێدارەدان، ئەو شێوازانەن کە ئێران بەکاری دەهێنن سیستەمی دادوەری بۆ فشارخستنە سەر هەزاران دەستگیرکراو لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا.

هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی "ژن ژیان ئازادی" لە ئێران لە ناوەڕاستی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ لانیکەم ١٩ هەزار خۆپیشاندەری ئێرانی دەستبەسەر کراون. هەزاران کەسیان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە و لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆریان لە دادگادان. رێوشوێنی دادگاکان کە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە دراماتیک و نادادپەروەرانە ناوی بردووە.

لە لایەن گروپەکانی مافی مرۆڤەوە ناوی لانیکەم ٧٢٠ خوێندکار و ٤٦ پارێزەر و ٩٧ هونەرمەندیان لە نێو ئەو کەسانەدا تۆمار کردووە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران دەستبەسەر کراون. فەرحناز نەزەری، یەکێکە لەو هونەرمەندە دەستبەسەرکراوانە. ناوبراو بە تۆمەتی "هاندان بۆ شەڕ و کوشتن"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی"، دە ساڵ زیندانی سزای بەسەردا سەپێنراوە.

لەم نێوەندەدا دەیان خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراو لە ئێران، رووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدان بوونەتەوە. تا ئێستا چوار خۆپیشاندەر لە ئێران لە سێدارەدراون و ١٣ خۆپیشاندەریش رووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدان بوونەتەوە. لەکاتێکدا بەپێی راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، زۆربەی ئەو سزا قورسانە، بەتایبەتی سزای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران، لەسەر بنەمای "دانپێدانان" دەرچووە، کە لەژێر ئەشکەنجەدا بەدەستیان هێناوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" لە راپۆرتێکدا دەڵێت، لقی دووی دادگای شۆڕشی پارێزگای ئیلام، بە حوکمێکی بە کۆمەڵ سزای ٧٤ ساڵ زیندانی بەسەر ٢٢ دەستبەسەرکراوی شاری دێهلوڕاندا سەپاندووە.

به پێی ئەم ڕاپۆرته، دادگای ناوبراو به ئاماژەدان بە تۆمەتەکانی داواکاری گشتی، تۆمەتی "هاودەنگی و هاوپەیمانی بۆ ئەنجامدانی تاوانێک دژ به ئاسایشی ناوخۆ"، "سووکایه تیکردن به دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی"، "سووکایه تیکردن به رێبەر" تاوانبار کرد. و "ئەندامێتی لە گروپێکی بچوک یان گروپێکی گەورە یان لقێکی گرپەکان." ئاژاوە لە ناوخۆی وڵاتدا، بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش پێکهاتبوو"، تۆمەتبار و بە تاوانباریان ناساندن.

لە ٢٧ی جانیوەری، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، داوای راگرتنی لەسێدارەدانی سێ خۆپیشاندەری ئێرانی کرد. عرشیا تەکدەستان تەمەن ١٨ ساڵ، مێهدی محەمەدیفەر تەمەن ١٩ ساڵ و جەواد رووحی تەمەن ٣١ ساڵ. رێکخراوی لێبوردن لە ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەو کەسانە تووشی ئەشکەنجەی ترسناک کراون، لەوانە قامچی لێدان، تەزووی کارەبا، بە پێی هەڵواسین و هەڕەشەکردن بە چەک.

خۆپیشاندەران هەندێک جار بە بیانووی سەیر و سەمەرە دادگایی کراون و سزای زیندانی قورسیان بەسەردا سەپێنراوە. یەکێک لە دوا نموونەکان کەیسی ئاستیاژ حەقیقی و ئەمیر ئەحمەدی بوو. ژن و مێردێکی اینفلوینسر تەمەن ٢١ و ٢٢ ساڵ. هەردووکیان سزای ساڵێک زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە. ئەوان بە بڵاوکردنەوەی لەشفرۆشی و گردبوونەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام تۆمەتبار کراون. 

ڤیدیۆ؛ دوو گەنجی ئێرانی لەسەر سەماكردن لە مەیدانی ئازادی ...
ئاستیاژ حەقیقی و ئەمیر ئەحمەدی

بەپێی سیستەمی دادوەری ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زیاتر لە ملیۆنێک بینەرەوە خەڵکیان بانگهێشت کرد بۆ ناڕەزایەتی لە دژی حکومەت و هەروەها گرتە ڤیدیۆیی سەماکانیان لە مەیدانی ئازادی بڵاو کردۆتەوە. لە کاتێکدا لە راپۆرتە سەرەتاییەکانی میدیاکاندا، سزای زیندانیکردنی ئەو دوو گەنجە خۆپیشاندەرە زیاتر لە دە ساڵ بووە، سایتی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری، لە راپۆرتێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە سزای ئەو دوو کەسە 5 ساڵ زیندانە.

بە گوتەی بنەماڵەی ئەم دوو بلۆگەرە، لە سەرەتای نۆڤەمبەری ٢٠٢٢-وە دەستگیر کراون و تا ئێستاش دەستبەسەرن.

لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی لە ١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢، کە شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی لە ئێرانی لێکەوتەوە، چەندین رۆژنامەنووس لە ئێران دەستبەسەر کراون. ویدا رەبانی یەکێکە لەوانە. رۆژی 23ی سێپتەمبەری 2022 سزای یازدە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. تۆمەتبار کراوە بە کۆکردنەوە و هاوکاری دژی سیستەم و پڕوپاگەندەکردن دژی سیستەم و سوکایەتیکردن بە پیرۆزەکان. لە شیعرێکدا کە لە شاعیرێکی ئەفغانی لە سۆشیال میدیا بڵاوی کردبووەوە، نوێژی بە ماچێک بەراورد کردووە.

ویدا رەبانی، تاکە رۆژنامەنووس نییە، کە لەم رۆژانەدا لە ئێران بەهۆی راپەڕاندنی ئەرکی پەیامنێری خۆی لە زینداندایە. بەپێی ئاماری کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ دۆخی دەستبەسەرکراوان، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران، تا ئێستا ٦٧ رۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون.

ئیحسان پیربەرناش تەنز نووس و رۆژنامەنووس، کە رۆژی ٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ دەستبەسەر کرابوو، لە دادگایەکدا کە رۆژی ١٠ی جانیوەری بەڕێوەچوو، بە هەژدە ساڵ زیندانی سزادرا.

مەرزیە ئەمیری رۆژنامەنووسێکی دیکەیە کە لەم رۆژانەدا دادگاییکردنەکەی بەڕێوەدەچێت. ناوبراو لە ٣١یئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ دەستبەسەر کراوە. ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری دژی ئاسایشی نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەی بەرەوشتی سزا دراوە. بە گوتەی بنەماڵەی ئەمیری، قژی کورتی ئەو هۆکارەیە کە دادوەر بە هۆی بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی سەرکۆنەی کرد.

تصویر
مەرزیە ئەمیری

نازیلە مەعرووفیان یەکێک لەو رۆژنامەنووسانەی دیکەیە، کە لە چەند مانگی رابردوودا لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران دەستبەسەر کراوە. دوای چەند مانگێک لە دەستبەسەرکردن، دوای بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی، سزای دوو ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێنراوە.

تصویر
نازیلا مەعروفیان

نیلوفەر حەمیدی و ئیلاهە محەممەدی دوو رۆژنامەنووسن، کە لە ٢٦ی ئۆکتۆبەر، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی سەرەتایی مەرگی ژینا ئەمینی لە میدیاکانی ئێران، لە زیندانن. ئەوان بە پیلانگێڕی و هاوپەیمانی دژی رژیم و پڕوپاگەندەکردن لە دژی رژیم تۆمەتبار کراون. لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندە ئەمنییەکان، ئەوانیان وەک سیخوڕی ئەمریکی ناساندووە و گوتوویانە لەلایەن سی ئای ئەیەوە مەشق و راهێنانیان پێکراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین