دوایین سیناریۆی خامنەیی بۆ شۆڕشی پاک ئەنجامی نابێت راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت 

هاوکات لەگەڵ ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ ئێران، بە رێبەری خومەینی، لە رۆژانی رابردوودا چەندین بانگەواز بۆ بانگهێشتکردنی زۆرترین ژمارەی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی جیهانی رۆژی شەممە ١١ی فێبریوەری بڵاوکرانەوە و بە دەیان کەسایەتی بیانیش رایانگەیاند، کە بە دروشمی رووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەو گردبوونەوەیە بەشدار دەبن.

دوابەدوای چەندین بانگەواز بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی جیهانی دژی کۆماری ئیسلامی رۆژی شەممە، دەیان شاری جیهان شایەتحاڵی ئامادەبوونی نەیارانی رژێمی ئێران بوون.

رۆژی ٢٢ بەهمەن (١١ی فێبریوەری)، کە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ ئێران، بۆ ئێرانییەکان چ ئەوانەی دژی حکومەتن و چ ئەوانەی لەگەڵ حکومەتن زۆر جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا دەنگی ئۆپۆزسیۆن و کاسایەتی و خەڵک بە گشتی دژی رژێمی ئێران زۆر زیادی کردووە، هاوکاتیشە لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەی کە پێنج مانگە دەستی پێکردووە و تادێت مەشروعیەتی حکومەتی ئێران زۆر کەمتر دەبێت. هەروەها ئەو گڕ و تینەی کە پێشتر لایەنگرەکانی دەسەڵات لە یادکردنەوەی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ساڵانی پێشوودا هەبوو، بەڵام لە ئێستادا زۆر کەمی کردووە، بۆیە حکومەتی لەو دۆخ و قەیرانانەی تێی کەوتووە شپرزە بووە.

قەیرانی ئابووری کە کاریگەری زۆری لەسەر ناڕەزایەتییەکان دەبێت، مامەڵە و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامى واى کرد کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى گەمارۆ بخەنە سەر ئەم رژێمە. بەمەش رێژەى پارە بلۆککراوەکانى ئێران لە حەوت وڵات، بەپێی زانیارییەکان زیاترە ٥٠ ملیار دۆلار. 

عەلی خامنەیی، رێبەری شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیامێکى تەلەڤزیۆنیدا  رایگەیاند "ئێران بە کاتێکى هەستیار تێپەر دەبێت"، هۆکارەکەشى خستۆتە سەر هەڕەشەکانى ئەمەریکا و ئاڵۆزییە ئابوورییەکان". گوتیشی "بەپشتیوانى خودا بەسەر سزاکان سەردەکەوین و شکستیش تووشى ئەمریکا دەبێت، دەبێت زللـەیەکى دیکەش لەلایەن گەلی ئێرانەوە لە ئەمریکا بدرێت". وەک بینیمان ئەمەش کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان نەکرد.

خامنەیی بۆ یەکەم جار لە مێژووی دەسەڵاتداری خۆی چەند رۆژێک پێش ئەم ساڵیادە بڕیاری ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان دا، دواتر بەرپرسانی سیستەمی دادوەری ئێران مەرجی دیاری کرد، کە بەڵێننامە پڕ بکرێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ناڕاستەوخۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محەمەد قالیباف رایگەیاند، ئەو بڕیارەی خامنەیی لە بەرژەوەندی گەل و دوورکەوتنەوە لە شۆڕشی نوێ بووە. 

سەرەڕای ئەمانەش هیچیان نەبوونە هۆی دامرکانەوەی گڕ و تینی ناڕەزایەتییەکان، چونکە لە ئێران جیا لە سیستەمی توندڕەوی مەزهەبی دواکەوتوو_ و دژی ئازادی ژن و بیر جیاوازەکانە، بەدەست قەیرانی دیپلۆماسی ناوخۆ و دەروە، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دەوروبەر، دارایی، ئابووری، ئیداری و هەڵاواردن و …هتدە. بۆیە هەر لە دەرکی زیندانەکان دەهاتنە دەرەوە دژی حکومەت درووشمی رووخانیان دەوتەوە. 

دوێنێ شەممە ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا، سوید، فەرەنسا، ئیتاڵیا، تورکیا، ئەڵمانیا، نەمسا، دانیمارک، بەریتانیا، نەرویج، قوبرسی باشوور، ئیسپانیا، بولگاریا و... هتد لەگەڵ دامەزراندنی خۆپیشاندانی بەرفراوان، خوازیاری پشتیوانی جیهانی بۆ راپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلی ئێران بوون.

ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئاڵمان ژمارەیەک لە نوێنەرانی دیکەی وڵاتانی ئەوروپایی بە ئاشکرا پشتیوانیان لە خۆپیشاندەرانی ئێران کردووە و خوازیاری زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامین، لەوانە ناساندنی سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی و خستنە ناو لیستی تاقمە تیرۆریستییەکانی یەکێتی ئەوروپا.

لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران، دوای مردنی ژینا ئەمینی، لە ژێر دەستی پۆلیسی "ئەمنییەتی ئەخلاقی" لە تاران و پێکهێنانی خولێکی نوێی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لەو وڵاتە، دەستپێکی شۆڕشی پاک (ژن، ژیان، ئازادی) چەندینجار گردبوونەوە لە شارە جیاوازەکانی جیهان بۆ ئەوان هاوسۆزییان لەگەڵ خۆپیشاندەران لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدراوە.

 

لە ئەنجامدا ئەوە دەردەکەوێ کە ئەو سناریۆیانەی کە رژێمی تاران ساڵەهایە بۆ ترساندنی خەڵک بەکاری هێنا و توانی تا ئاستێک بە توندوتیژی لە وڵات سەقامگیری ئەمنی دروست بکات، بەڵام لە بوارەکانی دیکە بەهۆی تێوەگلان لە کێشەی وڵاتانی دیکە و دروستکردنی هێزی میلیشیایی، تیرۆر و دەیان کردەوەی دیکە، گۆشەگیر بووە، جیا لەوەش لەناوخودی خەڵکەکی خۆی مەشرووعیەتی لەدەستداوە و تەنیا بەژاردەیەک بەکاری دەهێنێ، سەرکوتە.

بە گوێرەی مێژووی گەلان و حکومەتە داپڵۆسێنەرەکان، درەنگ یان زوو ئەو رژێمانە لە ناو دەچن، ئێران و رژێمەکەی بەدەر نین لە دەرئەنجامی کردەوەکانی خۆیان، کە بەرانبەر خەڵکی خۆیان و ناوچەکەیان کردووە. راستە رژێمەکان کۆتاییان دێت، بەڵام کاولکاری و ئەو قەیرانانەی دروستیان کردووە، تاماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین