رەجەب تەیب ئەردۆغان سوپاسى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆمارى تورکیا کۆبووەوە، سەرۆکایەتیى هەرێم لە ڕاگەیێندراوێک دەڵێت، "رەجەب تەیب ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی بۆ سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و بەسەرکردنەوەی لێقەوماوان و شوێنە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە دەربڕی."

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە (14/شوبات/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئەنقەرە لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا کۆبووەوە.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی "دووبارە سەره‌خۆشیی جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی بە سەرۆک ئەردۆغان و گەلی تورکیا گەیاند بۆ ئەو کارەساتەی لە ئەنجامی بوومه‌لەرزەکەی شەشی ئەم مانگە لە چەندین ناوچەی تورکیا و سووریا ڕوویدا و هەزاران قوربانی و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە. بەڕێزیان هەروەها هاوکاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ تورکیا دووپات کردەوە."

سەرۆک کۆمارى تورکیا، "سوپاس و پێزانینی بۆ سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و بەسەرکردنەوەی لێقەوماوان و شوێنە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بە ڕێزەوە لە یارمەتیی مرۆیی و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان و تیمەکانی دەڕوانێت کە هەر لە سەرەتاوە بۆ بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی قوربانییان، گەیشتنە شوێنە زیانلێکەوتووەکان و هاوکاری و یارمەتییان پێشکەش بە لێقەوماوان کرد.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ده‌رفه‌ته‌کانی بره‌ودان به‌ پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوچەکە بە گشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبووەوەکە بوو."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین