کاردانەوەکانی وڵاتان بە پیتاندنی یۆرانیۆمی ٨٤% زیاتر لەوەیە ئێران پێشبینی دەکات راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چەند هەفتەی رابردوودا پێنج کۆبوونەوەی نهێنی سەبارەت بە ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی ئیسرائیل ئەنجامداوە و لەو دیدارانەشدا بڕیار دراوە ئاستی ئامادەیی سەربازی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە. هەروەها زانایەکی ئەتۆمی ئیسرائیل دەڵێت: لە ئێستادا ئێران توانای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە.

کەناڵی 12ی ئیسرائیل دەڵێت، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چەند هەفتەی رابردوودا، پێنج کۆبوونەوەی نهێنی سەبارەت بە ئێران، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی ئیسرائیل ئەنجامداوە و لەو دیدارانەشدا بڕیار دراوە ئاستی ئامادەیی سەربازی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.

بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، ناتانیاهۆ لە پەیامەکانیدا بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆک کۆماری فەرەنسا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر جیهان هەنگاو بەرامبەر ئێران نەگرێتەبەر، ئیسرائیل ناچار دەبێت هەنگاو بنێت و هیچ گومانێکیشی لەو بارەیەوە نییە.

بە پێی راپۆرتی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل، ئەم کۆبوونەوانە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرت سەبارەت بە چالاکی ئێران لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ٨٤٪؛ هەموو بەرپرسە باڵاکانی ئەمنی ئیسرائیل، بەشداریان لە کۆبوونەوەکاندا کردووە.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ٢١ی مانگ، لە پانێڵی کۆبوونەوەی ئەمنی لە تەلئەبیب رایگەیاند: هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. ئەم پرسە تەنها پەیوەندی بە بەرژەوەندی ئیسرائیلەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بەرژەوەندی ئەمریکا و هەموو جیهانەوە هەیە.

میکانیزمی ماشە چییە

لە لایەکی دیکەوە، ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە ئای-٢٤ نیوزی ڕاگەیاند: ئەمریکا و ئەوروپا میکانیزمی دەستپێکردن و گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی (میکانیزمی ماشە) لەبەردەم کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلولدا جێبەجێ دەکەن. ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکا و ئەوروپا چیتر ناتوانن خۆیان لە گرتنەبەری هەنگاو بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەدوور بگرن.

هاوکات مایکڵ ڕۆت سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا بە "سپیگل"ی راگەیاندووە: ئەگەر ئێران بەڕاستی پێشکەوتنی یەکلاکەرەوە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا بەدەستبهێنێت، ئەوە سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، کە لە ئێستاوە لە قەیراندایە.

سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فیدراڵی ئاڵمان، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێران بەردەوام پێشێلی رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات و لەگەڵ پابەندبوون بە ئەرکەکانی نییە، دەشڵێت: لە دۆخێکی وادا سەرکەوتنی ئازادی و بزووتنەوەی دێموکراسی  لە ئێران دەبێتە شتێکی گرنگ و دەبێ ئێمە پشتگیری لەم بزووتنەوەیە بکەین”.

رۆژنامەی بلومبێرگ رۆژی یەکشەممە بە گێڕانەوە لە دوو دیپلۆماتکاری باڵا رایگەیاند، کە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، یۆرانیۆمی پیتێنراو بە چڕیی ٨٤% لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دۆزیوەتەوە. دوابەدوای ئەم هەواڵە، ئاژانسەکە ڕایگەیاند کە ئاگاداری ئەم راپۆرتەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی رەتی کردەوە.

نعمه چاریت یاری، زانای فیزیای ئەتۆمی ئیسرائیلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی جروزالم پۆست رایگەیاند، ئەو بۆمبە ئەتۆمییەی کە لەلایەن ئەمریکاوە لە هێرۆشیما کەوتە خوارەوە، یۆرانیۆمەکەی ٨٠٪ پیتێندرابوو و ئەگەر بەڕاستی کۆماری ئیسلامی گەیشتبێتە ٨٤٪ یۆرانیۆمی پیتێندراو، ئەوە دەتوانێت بەکاری بهێنێت بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

کۆماری ئیسلامی پێشتر بە ئاژانسەکەی راگەیاندبوو، کە سانتریفیوژەکانیان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، تەنیا تا ئاستی چڕیی ٦٠٪ دانراوە.

لەبەرانبەردا بێهروز کەمالۆندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند: ئەگەر بمانەوێت پیتاندنمان لە سەرووی ٦٠٪ بێت، لە رووی پارێزبەندییەوە هیچ کێشەیەکمان نییە و ئەم کارە دەکەین و رایدەگەیەنین".

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین