بۆچى هاووڵاتيانى تورك لە فەڕەنسا و ئەڵمانيا دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن؟ تورکیە

نوچەنێت

وەرگێڕانى: ئيسماعيل تەها 

رۆژى شەممە (20)ى ئەمانگە هاووڵاتيانى توركيا كە لە وڵاتانى جيهان نيشتەجێن بۆ گەڕى دووەمى هەڵبژاردنەكان روويان لە سندووقەكانى دەنگدان كرد، بۆ ئەوەى بەر لە دەستپێكردنى هەڵبژاردنى گشتى لە (28) ئەم مانگە دەست پێ دەكات، دەنگى خۆيان بدەن.

لە وڵاتانى جيهان سێ مليۆن و (423) هەزار و (759) هاووڵاتى تورك ناويان بۆ دەنگدان تۆماركراوە، ئەو كەسانەى لەپێش (29)ى ئايارى (2005) لە دايكبوونە لەگەڕى دووەم دەتوانن دەنگ بدەن.

بڕياريشە پڕۆسەى دەنگدان تاوەكوو (24)ى ئەم مانگە لە (73) وڵات و (151) نوێنەرايەتى بەردەوام بێت، لە دەوازە گومرگيەكانيش تاوەكو كاتژمێر پێنجى سەرلەئێوارەى رۆژى (28)ى ئايار بەردەوام دەبێت.
پڕۆسەى دەنگدان لە هەندێك وڵات يەك رۆژ، لە هەندێك وڵاتى تريش دوو رۆژ و لە هەندێكيش سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام لە وڵاتانى ئەمەريكا و كەنەدا و ئوستڕاڵيا و ئيرلەندا و ئەمەريكا ئەو پڕۆسەيە درێژ دەكرێتەو، ئەوەش لەدواى ئەو رەخنەيەك بوو كە پارتى گەلى كۆمارى لە پڕۆسەكەى گرت.

لە گەڕى يەكەمى هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى رێژەى دەنگدان لە بەرژەوەندى رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا گەيشتە لە (57.47%) لەبەرانبەردا رێژەى دەنگى كەمال كليچدار ئۆغلۆ گەيشتە لە (39.57%) هەروەها سينان ئۆغان گەيشتە لە (1.9%) و موحەرم ئينجە گەيشتە لە (1.06%). بەگوێرەى ئامارى فەرميش كۆى گشتى بەشدارى لە دەرەوەى وڵات گەيشتە لە (53.85%).

لە لايەكى ترەوەى رێژەى دەنگەكانى لە  كەمال كليچدار ئۆغلۆ لە ئەمەريكا گەيشتە نزيكەى (80%) لەبەرانبەردا رێژەى دەنگەكانى رەجەب تەيب ئەردۆغان گەيشتە لە (18%)، بەڵام لە ئوستڕاليا دەنگى كليچدار ئۆغلۆ بەراورد بە ئەمەريكا  كەمتر بوو، بەوەش رێژەكەى گەيشتە لە (54%) لە بەرانبەردا ئەردۆغان رێژەى لە (42%)ى دەنگەكانى بەدەستهێنا.
رەجەب تەيب ئەردۆغان هەوڵى دا پارێزگارى لە رێژەيەكى زۆرى دەنگەكانى لە دەرەوەى وڵاتەكەى بكات، لەدواى گەڕى يەكەمى دەنگدانەكانيش هانى دەنگدەرانى دەرەوەى دا دەنگى پێ بدەن، ئەردۆغان لە لاپەڕەى فەرمى خۆى لە تويتەر نووسى، "داوا لە هاونيشمانيانمان لە دەرەوە دەكەم، پەيڕەوى لە مافى ديموكرازى خۆيان لە رێگەى وادەى هەڵبژاردنەكان لەو وڵاتانەى تێيدا دەژين بكەن."
ئەردۆغان پێى وايە ئەوانەى لە وڵاتانى دەرەوەن سەرەڕاى ئەو بەربەستانەى بەردەميان بە باشترين شێوە ئەركى خۆيان بەجێ هێناوە، بۆ ئەو گەڕەش ئاماژە بەوە دەكات، چاوەڕوان دەكەم بەشێوەيەكى بەهێزتر لە گەڕى يەكەم بەشدارى بكەن، من متمانەم بە ئێوە هەيە كە ئێوە ئەو تاقيكردنەوەش تێدەپەڕێنن. 

ئەردۆغان بەشدارى دەنگدارانى گەڕى يەكەمى بە بەشدارييەكى بێ وێنە ناوبرد، سەبارەت بە دەنگەكانيشان بۆ هاوپەيمانى جمهوور گوتى، "سەرەڕاى ئەو هەموو فشارەى لەلايەن لايەنگدارانى پارتى كرێكاران لەسەر دەنگدەرانى دەرەوە بوو، بەڵام دەنگيان بە هاوپەيمانى جمهوور دا."
هۆكارى هەڵبژاردنى ئەردۆغان و بەرزى رێژەى دەنگەكانى لە گەڕى يەكەم بۆتە جێگەى پرسيارى رۆژنامە بيانييەكان.

لە ئەڵمانيا كە يەك ميلۆن و (500) هەزار دەنگدەرى توركى تێدا دەژى، رێژەى دەنگەكانى ئەردۆغان لە (65.4%) بوو، لە بەرانبەردا رێژەى دەنگەكانى كەمال كليچدائۆغلۆ لە  (32.61%) بوو،  ئەوەش لە كاتێدايە ئەردۆغان لە هەڵبژاردنى (2018) رێژەى لە (64.9%) بوو.

لە فەڕەنسا (397) هەزار تورك لەو وڵاتە نيشتەجێن، لەو ژمارەيە لە (64.24%) دەنگيان لە بەرژەوەندى ئەردۆغان دا، لەبەرانبەر لە (34.15%) دەنگيان بە كەمال كليچدار ئۆغلۆ داوە.
دەنگدان بە ئەردۆغان لەو دووڵاتە لە كاتێدايە دەزگا راگەياندنەكانيان پێش وادەى هەڵبژاردنەكان هەڵمەتێكيان دژ ئەردۆغان دەستپێكرد بوو، داوايان دەكرد دەنگ بە كانديدى ئۆپۆزسيۆن بدرێت.

ناسنامەى ئاينى و نيشتيمانى 
رۆژنامەى لۆڤيگارۆى فەڕەنسى لە راپۆرتێكيدا ئاماژە بەوە دەكات، كاتێك تۆ لە وڵاتێكى بيانى نيشتەجێى تێچووى ژيانت وەك توركيا نييە، هەڵاوسان و كارەساتە سروشتييەكان كاريگەريان لەسەرت نابێت، ئەوە بەسروشتى حاڵ خواستت بەلاى ئەوە دەبێت دەنگ بە سەرۆكێك بدەيت ناسنامەى نيشتيمانى و ئاينيى جيا بكاتەوە.

لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، "پێويستە ئەوە بە بير خۆمان بهێنينەوە، بەشێك لە رەوەندى توركى هەست بەوە دەكەن لە نيشتيمانەكەى خۆى نزيكترە تاوەكوو ئەو وڵاتەى كۆچى بۆى كردووە، هەندێك لە توركەكان لە هەڵبژاردنەكانى توركيا زياتر كۆدەبنەوە تاوەكوو لە هەڵبژاردنەكانى ئەڵمانيا."
هەروەك رۆژنامەكە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، رێژەى دەنگدان بە ئەردۆغان لە فەرەنسا بەراورد بە ئەڵمانيا كەمتر بوو، بەڵام دەنگداران لە فەرەنساش دووبارە پاڵپشتى ئەردۆغانيان كردەوە.
رۆژنامەكە پێى وايە ئەردۆغان واى كردووە توركيا ئەو رۆڵە ببينێت، كە فەرەنسا بۆ ماوەيەكى درێژ بينيوويەتى، ئەويش هێزى سێيەمە لەنێوان وڵاتە دوژمنەكان، وەك ئەو رۆڵەى ئێستا توركيا لەنێوان ئۆكراينا و رووسيا دەيگێڕێت، كە لە هاوينى ساڵى رابردوو ئەردۆغان دانوستاندنى لەسەر رێككەوتنى دانەوێڵە لەنێوان رووسيا و ئۆكراينا دەست پێ كرد، توانى لە رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكراينا بۆ وڵاتانى تر سەركەوتوو بێت، كە لە ژێر كۆنتڕۆڵى توركيا دەبێت، يەكێكى تريش لە كارەكان ئەوە بوو دانەوێڵە بۆ ئەفريقيا بڕوات.
رۆژنامەكە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، كاتێك كەسێك لە وڵاتێكى بيانى دوور  لە وڵاتى خۆيەتى، ئەوا هەستى نەتەوەيى لەكەمەوە بەرەو بەهێزى دەڕوات.


پێكهاتەى كۆمەڵايەتى

رۆژنامەى لاكرۆى فەرەنسى دەڵێت، "ڕێژەى دەنگى ئەردۆغان لە فەرەنسا بەشێكى زۆرى پەيوەستە بە پێكهاتەى كۆمەڵايەتى توركەكان كە لە ساڵانى شەستەكانەوە بۆ كاركردن هاتوونە ئەو وڵاتە، ئەوەش بەهۆى رێككەوتنى كۆچى كرێكارانى توركيايە."
 سەميم ئۆكگۆنۆ، مامۆستا و بەرێوەبەرى بەشى لێكۆڵينەوەكانى پەيوەست بە توركيا لە زانكۆى ستراسبۆرگ، ئاماژە بەوە دەكات، چەند نەوەيەك لە فەرەنسا لە دايكبوون و فەڕەنيسين، بەڵام ئەوان پەيوەستن بە ناسنامەى نەتەوەيى و ئاينى خۆيان، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكى زۆرى ئەوانەى كۆچيان كردووە لە ناوەڕاست و باكوورى ئەنادۆڵن، كە زياتر پەيوەستن بە ناسنامەى ئيسلاميى و توركى.

سەبارەت بەوەش بۆچى لە بەريتانيا و ئەمەريكا رێژەى دەنگى كەمال كليچدار ئۆغلۆ لە هى ئەردۆغان زياتر بوو، ئەو مامۆستايە روونى دەكاتەوە، ئەو كەسانەى لەو دوو وڵاتە نيشتەجێن لە چينى بۆجۆوازى ناوەڕاستن، كە  كارمەندى بانكى و بيرمەندان و ئەندازيارانن.

سەرچاوە: عەرەبى 21

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین