دۆسیه‌ی عێراق و ناوچه‌كه‌ له‌ گفتوگۆكانی ئیمانوێل ماكرۆن و نێچیرڤان بارزانى دا راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت:

سەردانەكەى نێچيرڤان بارزانى دەنگدانەوەيەكى فراوانى لێكەوتەوە، لە ماڵپەڕە جیهانى و عەرەبيەكان چەندين لێكدانەوە شرۆڤەى جياوازى بۆ كراو.

رۆژنامەى"شەرقولئەوسەت" لە ڕاپۆرتێكیدا رووماڵى سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ کۆشکى ئێلیزێ كردووە، سەرەتاى راپۆرتەكەى بە پەيوەنديیەكانى پاريس و هەولێر دەست پێدەكات، به‌ ناونیشانی (دۆسیه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ له‌ گفتوگۆكانی ماكرۆن ـــ بارزانی).

 لەو راپۆرتەدا هاتووە، پاریس و هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی دێرینیان هه‌یه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می سه‌رۆك فرانسۆ میتران (1981ــ 1995)، كه‌ دانیال میترانی هاوسه‌ری رۆڵی گرنگی بینی له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای (فه‌ڕه‌نسای ئازادییه‌كان) كه‌ ئه‌وكاته‌ سه‌رۆكی ئه‌و ده‌زگایه‌ بوو، له‌رێگه‌ی ئه‌و ده‌زگایه‌ ماوەیەکى زۆر چالاكییه‌كانی بۆ هاوكارییکردنى كورده‌كانی عێراق چڕكربووەوە. 

پاریس له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی گرنگی بینی له‌ دروستكردنی ناوچه‌ی دژه‌ فڕینی ئاسمانی و دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام بۆ كورد، كه‌ ئه‌و كاته‌ (به‌هێڵی36) ناسرابوو، به‌هه‌مان شێوه‌ بێرناد كۆشنێر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی فه‌ڕه‌نسا، کە ئه‌و كات‌ به‌ڕێوەبه‌ڕی (رێكخڕاوی پزیشكانی بێسنووری) بوو، رۆڵی گرنگی هه‌بوو له‌ دابینكردنی پاڵپشتی مرۆیی بۆ ناوچه‌ كوردییه‌كان. 

له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌رۆكه‌كان بۆ كۆشكی ئیلیزێ، پەيوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و پاریس بەهێزتر ده‌بوون، به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ لە چەند ساڵى ڕابردوو زیاتر (10) دیدار و چاوپێککەوتن‌‌ له‌ نێوان ئیلیزێ و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دراوه‌، ئه‌و پێوه‌ندیانه‌ له‌ سه‌رده‌می ئیمانوێل ماكرۆ به‌هێزتر بوو، بەوپێیەى ئه‌و عێراقی له‌ پێشینه‌ی دیبلۆماسی فه‌ڕه‌نسا دانایه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ (به‌غدا) بێت، یاخود له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس و دیداری دوێنێى له‌گه‌ڵ ماكرۆن له‌ كۆشكی ئیلیزێ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ی به‌رده‌وام‌.

جێی ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ كاتێك ماكرۆن له‌ مانگی ئه‌یلوولی رابردوو سه‌ردانی به‌غدای كرد، دیداری له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی هه‌بوو، دواتر له‌ (19)ی مانگی تشرینی یه‌كه‌م پێشوازی له‌ مسته‌فا كازمی كرد.

سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس، ‌دیداری چواره‌مه‌ لەگەڵ ماکرۆن، دیداری یه‌كه‌م له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2017 بوو، ئه‌و كاته‌ بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، له‌دوای راپرسی جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق ، كاتێ هاوپه‌یمانییه‌ك له‌ نێوان حكومه‌تی به‌غدا و وڵاتانی دراوسێی دروستبوو بۆ رێگریكردن له‌ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق، ئیمانوێڵ ماكرۆن هه‌وڵی زۆریدا بۆ ئه‌وه‌ی هانی به‌غدا و هه‌ولێر بدات بۆ سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان.

 دیداری دووه‌م له‌ مانگی ته‌مووزی 2019 بوو له‌ پاریس. هەروەها دیداری سێیه‌می نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك كاتی سه‌ردانی ماكرۆن بۆ به‌غدا دیدارێكی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌نجام دا. 

فه‌ڕه‌نسا له‌ پێشەوەی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ بوو هاته‌ پاڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رووبەڕووبوونەی داعش، به‌ درێژایی ساڵانی رابردوو هه‌وڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ رێگه‌ی فرۆكه‌كانی و راهێنه‌رانی كارییان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراقی و پێشمه‌رگه‌ ده‌كرد، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌شداری هێزی (كۆماندۆس) و هاوكاری هێزه‌كانی عێراقی به‌ سیسته‌می پێشكه‌وتووی به‌رگری. 

دیداری ماكڕۆن ـــ بارزانی دوێنێ له‌ چوارچێوه‌ی خوانی كاركردن بوو، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان و راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێم و فه‌وزی هه‌ریری سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌شداربوون لەو كۆبوونه‌وه‌یه‌، له‌كاتێك دا بڕیار بوو كه‌ هه‌ردوو سەرۆک دوای كۆبوونه‌وه‌ قسه‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان بكه‌ن، سه‌رۆكایه‌تی كۆماری فه‌ڕه‌نسا به‌بێ روونكردنه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسیه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، ناوه‌نده‌كانی پاریس هۆكاره‌كه‌یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رقاڵی ماكرۆن به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی (كۆڤید19) كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی روو له‌ زیاد بوونه‌، به‌ جۆرێك به‌رپرسانی سیاسی و ته‌ندروستی ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی فراوانیان هه‌یه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سبه‌ی ماكڕۆن سه‌ركایه‌تی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی به‌رگری ته‌ندروستی بكات، دواتر په‌یامێك ئاراسته‌ی فه‌ڕه‌نسییه‌كان بكات، كه‌ رێكاری توندتر له‌ خۆی بگرێت وه‌ك دانانی سیسته‌می دیواری به‌ردی كه‌ له‌ ژماریه‌ك ناوچه‌ كاری پێكراوه‌، هه‌روه‌ها داخستنی قوتابخانه‌كان.

شایه‌نی ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ برۆنو هوییر باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌عێراق هاوڕێیه‌تی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ پاریس، پێش سه‌ردانه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ بارزانی چاوی به‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كه‌وت، به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌ی نووسینگه‌ی مسته‌فا كازمی هه‌ردوولا (تاوتوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و فه‌ڕه‌نسا و رێگه‌كانی گه‌شه‌پێدانیان) كردووە، هه‌روه‌ها پاریس جه‌ختی له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكاری دوولایه‌نه‌ كردۆتەوە‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش‌ هه‌یه‌ هوییر سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ فه‌ڕه‌نسا و ئامانجه‌كانی ئاگادار كردبێته‌وه‌.

له‌ دیداری ئیلێزێ  تاوتوێ كرا، كه‌ به‌رده‌وام بوونه‌ له‌ نه‌هێشتنی داعش و تیرۆر به‌شێوه‌ی گشتی و داهاتووی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌ركه‌كانی له‌سه‌رده‌می جۆبایدن و پلانی نوێی واشنتن له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و دۆخی عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌ت، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندی نێوان فه‌ڕه‌نسا و كوردستان و پەیوه‌ندییەکانى له‌گه‌ڵ توركیا.

عه‌لی دۆله‌مه‌ڕی نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە فەرەنسا  دەڵێت، (پێوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كان) هه‌ردوولا له‌ رووی سیاسی و دیبلۆماسی و ویستی به‌هێزكردنیان پێکەوە‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئاشكرایه‌ پاریس هه‌وڵی به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كان ده‌دات، له‌وانه‌ش به‌رگری. فلۆڕانس بارلی پێشتر سه‌ردانی به‌غدای كردبوو، ده‌یویست پاریس به‌رگری له‌ سه‌روه‌ری عێراقی سه‌لامه‌تی خاكی عێراق بكات، پێوه‌ندیان پێوه‌ندیه‌كی كراوه‌ بێت، بوار نه‌بێت ببێته‌ بارمته‌، یاخود قوربانی ململانێی ئه‌مەریكی ـــ ئێرانی، به‌ دیاریكراوی له‌ هه‌رێم، هه‌روه‌ها پاریس ده‌یه‌وێت به‌شدار بیت له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌"ده‌ستی كردوه‌ به‌ نه‌خۆشخانه‌ی شنگال و دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی زانكۆی موسڵ، پاریس هانده‌ره‌ بۆ پاراستنی بڕیاری سیاسی له‌ عێراق و پاڵپشتی ده‌سه‌ڵاتی یاسا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میلیشاكان و به‌رده‌وامی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و (به‌غدا)، پێشتر ماكرۆن ره‌خنه‌ی توندی له‌ كرده‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا گرتبوو له‌ باكوری عێراق و داوای رێزگرتن لە سه‌روه‌ری عێراقی گرتبوو. 

 

هێرشە مووشەکییەکەى سەر هەولێر و هەڵوێستى فەرەنسا

ماڵپەڕى "وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا" لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى و وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا، نووسيوويەتى" لە گفتوگۆكانی جان ئيف لۆدريان لەگەڵ بەرێز نێچيرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان"، جان ئيف لۆدريان لە كۆبوونەوەيەكەییدا لەگەڵ بەرێز نێچيرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان كردوه‌‌ جەختى لەسەر پاڵپشتى تەواوى لە حكومەتى هەرێمى كوردستان کردەوە، بەهۆى ئەو موشەكانەى كە لە (15)ى شوبات هەولێرى كردە ئامانج، هەر لەو بارەوەيە تاکیدى لەسەر پێويستى هەماهەنگى نێوان حكومەتى عێراق و حكومەتى هەرێمى كوردستان كرده‌وه‌، لە پێناو دياريكردنى ئەنجامدەرانى ئەو دەستدرێژيانە و فەراهەمکردنى ئاسايش بە شێوەيەكى فراوان بۆ هەموو عێراقييەكان.

جان ئيف لۆرديان جەختى لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئەوان سوورن لەسەر سەروەرى و سەلامەتى خاكى عێراق، هەروەها جه‌ختیشی لە پابەندى فەڕەنسا لە پێناو دەستەبەركردنى ئاسايش و سەقامگيرى هەرێمى كوردستان کردووە.

لە بەشێكى ترى كۆبوونەوەكەدا وەزيرى دەرەوەى فەڕەنسا ڕایگەیان فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لەگەڵ هاوپەيمانى نێودەوڵەتى دژى رێكخراوى داعش، كە لەسەر ئاستى وەزارەت كۆبوونەوەى بۆ دەكات، لە پێناو رووبەڕوونەوەى دەركەوتنەوەى ڕێكخراوى تيرۆرستى داعش، لە بەشێكى ترى ئەو قسه‌كانی جەختى لەسەر گرنگى بەردەوامى دان بە نەهێشتنى رێكخراوى تيرۆرستى كردەوە لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆيى و نێودەوڵەتيان و بەردەوامى هاوكارى ئاسايشمان لەگەڵ حكومەتى هەرێمى كوردستانى عێراق. 

لە كۆتايى دا وەزيرى دەرەوە باسى لە بەهێزكردنى ئەو هاوكارييانە كرد لەگەڵ هەرێمى كوردستان لە هەموو بوارەكان، بەتايبەت نێردەى تازە هاوكارى شارى هەڵەبجە، كە فەڕەنسا پاڵپشتى دەكات بە دروستكردنى نەخۆشخانەيەك بۆ بەركەوتووانى چەكى كيمياوى، كە لە مانگى ئازارى (1988)ئەو شارە بە كيمياوى بۆردوومان كرا.

 

پەیامێک لە نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ گەلى عێراق

ماڵپەڕەى"ئەلحورە" لە راپۆرتێكى دا بە ناونيشانى(سەرۆكى هەرێمى كوردستان پەيامێك ئاڕاستەى عێراقيەكان دەكات و هۆشدارى دەداتە گروپەکانى دەرەوەى ياسا لە ناو عێراق) هه‌روه‌ها باسى ئەو سەردانەكەى سەرۆكى هەرێمى كوردستان كردووە بۆ فەڕەنسا و ديدارى لەگەڵ سەرۆك كۆمارى فەڕەنسا.

لە راپۆرتەکەدا بەديمانەى کەناڵى"حورە" کە لەگەڵ نێيچيرڤان بارزانى ئه‌نجامی داوه دەستپێدەکات‌، كە تێيدا هاتووە"نێچيرڤان سەرۆكى هەرێمى كوردستان پەيامێكى ئاڕاستەى سياسيەكانى عێراق كردووە، له‌و په‌یامه‌ سەرۆكى هەرێم دەڵێت: گەلى عێراق دەردەسەرى زۆرى ديوە و شايستەى ژيانێكى باشترن، عێراق وڵاتێكى دەوڵەمەندە بە سامانى سروشتى و مرۆى، تەنيا پرسى نەوت و غاز نیيە.

هەر له‌ بەشێكى ترى ديدارەكەى لەگەڵ كەناڵى"حوڕە" كە دواى ديدارى لەگەڵ ئيمانوێڵ ماكڕۆنى سەرۆككۆمارى فەڕەنسا لە پاريس ئەنجامى داوە، نێچيرڤان بارزانى دەڵێت"بە هەموو سياسيەكانى عێراق  دەڵێم كاتى ئەوە هاتووە پێكەوە دابنينيشين بۆ چارەسەرى كێشە کێشە سیاسییەکانى عێراق، بۆ دەستەبەكردنى داهاتووێكى باشتر بۆ ئەو وڵاتە، چونكە گەلى عێراق دەردەسەرى زۆرى جەشتووە، شايەنى ژيانێكى باشترە.

گفتوگۆكانى بوودجە

نێچيرڤان بارزانى دەربارەى گفتوگۆكانى بوودجە  كە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەكرێت، ده‌ڵێت: سەبارەت بە ئێمە ئەو گفتوگۆيانە گرنگن، رێككەوتنێك لە نێوان هەرێمى كوردستان و حكومەتى بەغدا هەيە، ئومێدەوارم جێبەجێ بكرێت.

گوتيشى: ئەوەى گرنگە لەو كارە، هەموو عێراقييەكان بزانن، كە هەرێمى كوردستان  هۆكارى درێژبوونەوەى تێنەپەڕاندنى بوودجە نيیە، چۆن پارێزگاكانى هەولێر و سلێمانى گەشەيان كردووە، هەرێمى كوردستان دەيەوێت پارێزگاكانى كەربەلا و نەجەف و رومادى و موسڵ و شوێنەكانى تريش گەشە بكەن.

گروپەكانى دەرەوەى ياسا

نێچیرڤان بارزانى باسى ئه‌وه‌شی كرد تائێستا ڕێكخراوى داعش لە عێراق هەڕەشەیه‌، گوتى: سروشتيە داعش ببێتە هەڕەشەيەكى ئەمنى بۆ هەموو عێراقييەكان، لە ميانەى قسەكردنم لەگەڵ سەرۆك ماكڕۆن جەختمان لەسەر پرسى داعش كردەوە، كە تا ئێستا هەڕەشەيە بۆ سەر سەقامگيرى و ئاسايشى عێراق.

سەبارەت پرسيارەكەشتان دەربارەى گروپەكانى دەرەوەى ياسا "ئێمە پێمان وايە هەر لايەنێك لە دەرەوەى ياسا تەنيا هەڕەشە نيیە بۆ سەر هەرێمى كوردستان، بەڵكو هەڕەشەيە بۆ هەموو عێراق و سەقامگيرى، ئێمە بڕوامان وايە پێويستە چەك تەنيا بەدەستى دەوڵەتەوە بێت، ئەوەش دەبێت لە چوارچێوەى ياسا رێكبخرێت".

سەرۆكى هەرێم نيگەرانى خۆى دەربڕى دەربارەى ئەو لايەنانەى، كە ئاژاوە لە عێراق دروستدەكەن، گوتى: بەشێوەيەكى گشتى ئێمە نيگەرانين لەو لايەنانەى كە لە دەرەوەى ياسا، هەوڵى دروستكردنى ئاژاوە و تێكدانى سەقامگيرى لە عێراق دەدەن، لەهەمان كاتدا لەو بڕوايەداين ئەو هەڵسوكەوتانە خزمەتى عێراق ناكەن، هاوكاريش نابن بۆ سەقامگيرى سياسى لە عێراق، بۆيە پێويستە هەموومان هەڵوێستمان هەبێت بەرامبەر ئەو پرسە.

گرێبەستەکەى كۆمپانياى تۆتاڵى فەڕەنسى

لە وەڵامى پرسيارێك دا سەبارەت بە گرێبەستى كۆمپانياى تۆتاڵى فەڕەنسى و عێراق، نێچيرڤان بارزانى گوتى: يەكەم ئێمە خۆشحاڵين بەو گرێبه‌سته‌، چونكە ئه‌مڕۆ دابین كردنی سووته‌مه‌نی كاره‌با كێشەيەكى گەورەيە لە عێراق، كه‌ وەك خزمەتگوازرييەك پێشكەشى گەلى عێراقى دەكرێت، ئێمە زۆر خۆشحاڵين بەو گرێبەستە، ئومێدەوارين جێبەجێ بكرێت، سەرەتايەكیش بێت بۆ پێشكەشكردنى خزمەتگوزارى باشتر بۆ سەرجەم عێراقييەكان.

روونيشى كردەوە كە" ساڵانە بڕێكى زۆر گاز بەفيڕۆ دەڕوات، لە هەمان كات عێراق ناچارە كارەبا و گاز لە وڵاتانى دراوسێ بكڕێت، بۆیە ئێمە پيرۆزبايى لە وەزارەتى نەوتى عێراقى دەكەين، پيرۆزبايى لە بەرێز مستەفا كازمى دەكەين، ئومێدەوارين ئەو گرێبەستە بكەوێتە بوارى جێبەجێكردن، بۆ بەرژەوەندى سەرجەم عێراقييەكان. 

بارزانى جەختيشى لەسەر ئەوە كردەوە كە گەشەكردنى بەسڕە و كەربەلا و نەجەف و ئەنبار، گەشەكردنى كوردستانه‌، بۆيە پێمانوايە هەر پڕۆژەيەك هۆكار بێت بۆ پێشكەشكردنى خزمەتگوزارى زياتر لە هەر جێگەيەك، دەبێتە هۆى خۆشحاڵيمان. 

گفتوگۆكان لەگەڵ ماكڕۆن

دەربارەى فەڕەنسا نێچيرڤان بارزانى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، فەڕەنسا رۆڵى گرنگى هەيە له‌ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و عێراق، فەڕەنسا بەشێكە لە هاوپەيمانى نێودەوڵەتى بۆ هاوكارى عێراق دژ به‌ داعش، لە لايەنى سياسيەوە فەڕەنسا بەردەوام پاڵپشتى سەقامگيرى كردووە لە عێراق.

سەبارەت بە گفتوگۆكانى لەگەڵ ماكرۆن، گوتى: "جەخت لەسەر چەند پرسێكى گرنگ كراوەتەوە، يەكەم پرسى داعش و هەڕەشە تيرۆریستان، سەرۆك ماكڕۆن جەختى لەسەر پاڵپشتى عێراق و هەرێمى كوردستان و سەقامگيرى ئەمنى كردۆتەوە". 

گوتيشى: "ماكڕۆن پێشتر سەردانى عێراقى كردووە، دوێنێش جەختى لەسەر ئەو رۆڵە كردەوە كە دەيەوێت لە سەقامگيرى عێراقى لە لايەنى سياسى و ئەمنى بيبينێت". 

نێچيرڤان بارزانى ئاماژەى بەوەش كرد، ماكڕۆن" پيرۆزبايى سەركەوتنى سەردانەكەى قەداسەتى پاپاى لەگەلى عێراقى و كوردستان كردووە، كە سەردانى عێراق و هەرێمى كوردستانى كرد و چاوى بەسەر سەرجەم پێكهاتەكان كەوتووه‌، جەختيشى لەوەش كردەوە كە عێراق شارى پێكەوە ژيانى سەرجەم پێكهاتەكانە. هەروەها گوتيشى: ئومێدەوارم ئەو سەردانە سەرەتايەكى باش بێت و ببێتە هۆى كردانەوەى دەرگا نوێ بۆ عێراق".

 

فەرەنسا و سەقامگيرى کوردستان

ماڵپەڕى"بەغداد ئەلیوم" دواى ديدارەکەى نێچیرڤان بارزانى و ماکرۆن، ڕاپۆرتێكىشیکارى بە ناونيشانى (لە پێناو هێشتنەوەى هەرێمى كوردستان بە سەقامگيری) بڵاوکردەوە.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ سيروان حەسەن ئەندامى پارتى ديموكراتى كوردستان بە ماڵپەڕى"بەغدادى ئەليوم"ى راگەياندووە، سەردانەكەى نێچيرڤان بارزانى لە پێناو بەهێزكردنى پەيوەنديیەكانی نێوان هەردوولا بووە"، لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت: "ئەو سەردانە بۆ جەختكردنەوە بوو لەسەر ئەوەى هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئاشتى و سەقامگيريە لەو ناوچەيە و دوور خستنەوەى ململانێى ناوچەيى و نێودەوڵەتيەكان له‌ عێراق، هەروەها پێويستە ئەو ناوچەيە بە ئارامى بمێنێتەوە، دوور بێت لە دەستوەردان و هەوڵى دروستكردنى هەر ململانێيەك". 

ماڵپەڕى"عەين" لە هەواڵێكى دا بە ناونيشانى (بۆ جاری سێیه‌م به‌ڕەسمى نێچيرڤان بارزانى دەگاتە فەڕەنسا بۆ ديدارى لەگەڵ ماكڕۆن) لەو راپۆرتەدا هاتووە ئەو سەردانە بە بانگێشتێكى فەرمى ئيمانوێل ماكرۆن بووە بۆ نێچيرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان.

لە ناوەڕۆكى ئەو راپۆرتەدا هاتووە، بەگوێرەى بەياننامەى حكومەتى كوردستان هەردوولا لە كۆبوونەوەيان باس لە رێگەكانى گەشەپێدانى پەيوەنديیەكانى هەرێمى كوردستان و عێراق کرد لەگەڵ فەڕەنسا، هەروەها دۆخى عێراق و هەرێمى كوردستان و ناوچەكە (كۆڤید19)بە شێوەيەكى گشتى تاوتوێ کردووە. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌یهدا‌ باس لە لێكەوتەكانى پەتاى كۆڕۆنا و مەترسى تيرۆر و ئەركەكانى هاوپەيمانى نێودەوڵەتى کردووە، ئەوە جگە لە گرنگى هاوكارى و بەشدارى هەموو لايەنەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەى داعش و چەند پرسێكى ترى جێگه‌ی بایه‌خی هەردوولايە.

 

نێچیرڤان بارزانى رۆحى پەیوەندى نێوان پاریس و هەولێر

ماڵپەڕى"شەفەق نیوز" لە دووەم ڕۆژى سەردانیەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ پاریس ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوە بەناو (نێچيرڤان بارزانى لە كۆشكى ئيليزێ، رۆحى تايبەتمەندى فەڕەنسى كوردى نێوان هەولێر و پاريس).

لەو ڕاپۆرتە هاتووە، نێچيرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان كاتێك دەچێتە كۆشكى ئيليزێ بۆ ئەنجامدانى گفتوگۆ گرنگەكان لەگەڵ ئيمانوێڵ ماكڕۆن ميوانێكى نامۆ نيیە، ئەو دوو سەرۆكە چەند جارێك يەكتريان ديوە، بۆيە ئەو سەردانە زيندوكردنەوەى پەيوەندیيە تايبەتیەكانە، كە فەڕەنسا بە كوردستان و كورد بەگشتى دەبەستێتەوە.

سه‌ردانی نێچيرڤان بارزانى كە رۆژى سێ شەممە (30/3/2021) بۆ پاريس دەستى پێكرد، لە چوارچێوەى بەهێزكردنى ئەو گرنگى دانەيە،  چوار ساڵ به‌ر له‌ ئێستا كه‌ ئیمانوێڵ ماكڕۆن بووه‌ سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا، ئەو سەرۆکە بەشێوەيەكى تايبەت گرنگى بە كورد و هەرێمى كوردستان دەدات، لەمانگى ئەيلولى رابردووش كاتێك سەرۆكى فەڕەنسا بەشێوەيەكى لە ناكاو سەردانى عێراقى كرد، بە تايبەت داواى ديدارى نێچيرڤان بارزانى كرد.

ئەو سەردانە هەڵگرى زۆر واتا و دەلالەت بوو، بەتايبەت لە چوارچێوەى گەشتێكى خێراى ئيمانوێڵ ماكرۆن بوو، كە بەهۆى تەقينەوە گەورەكە سەردانى بەيروتى كردوو بوو، هەوڵيدا لەو چوارچێوەيە لێكتێگەيشتنێكى سياسى بخاتە روو بۆ دەربازكردنی دۆخى حكومەتى لبنانی داڕوخاو، هه‌ر ئه‌وكاته‌ش مستەفا كازمى چەند هەفتەيەكى كەم بوو سەرۆكايەتى حكومەتى عێراقى وەرگرتبوو، ماكرۆن سەردانى مستەفا كازميشى كرد.

ماكرۆن بەوە ئومێدەوار بوو سوود لە بەرەوپێشچوونە سياسيە تازەكانى عێراق وەربگرێت بۆ دووبارە دروستكردنەوەى پەيوەندى نێوان بەغدا و هەولێر، ئەو سەردانە لەكاتى لوتكەى ناكۆكيەكانى نێوان سەرۆكى فەڕەنسا و رەجەب تەيب ئەردۆغانى سەرۆكى توركيا بوو. 

سەرۆكى دۆست

ئەم ديدارە، يەكەم ديدارى نێوان نێچيرڤان بارزانى و ماكرۆن نەبوو، لە مانگى كانوونى يەكەمى (2017) نێچيرڤان بارزانى وەك سەرۆكى هەرێمى كوردستان سەردانى فەڕەنساى كرد، سەرۆكى فەڕەنسا لە مانگى ئەيلولى (2019) بە سيفەتى"دۆست" وەسفى ميوانەكەى كرد، ئەو كاتە راشيگەياند سەردانى يەكەمى بە سيفەتى سەرۆكى هەرێمى بووە، گوتيشى: پاڵپشتى بەردەوامى فەڕەنسا بۆ هەرێمى كوردستان لە كاتە سەختەكان زۆر بەرز دەنرخێنم، گەشەپێدانى ئەو پەيوەنديانە بەهێزتر دەبێت لەگەڵ فەڕەنسا، سەبارەت بەخۆم ئەوە كارى لە پێشينەمە.

نێچيرڤان بارزانى هەست بە رێز و پايەى دەكات لە لايەن پاريسەوە، كە سەرۆك ماكڕۆن رۆڵى گرنگى تێدا بينيەوە لە قۆناغى دواى رێفراندۆمى کورد، كه‌ بەر لە چوار ساڵ كرا، بووه‌ هۆى تێكچوونى پەيوەنديیەكانى نێوان بەغدا و هەرێم، ئەوەش جەختكردنەوەيە لەسەر رۆڵى سەرەكى فەڕەنسا لە پارێزگاریکردن لە ئەزموونى هەرێمى كوردستان، كه‌ لەسەردەمى نيكۆلا ساركۆزى سەرۆكى پێشووترى فەڕەنسا، بە كردنەوەى کونسوڵخانەى رەمزى لە هەرێمى كوردستان ئەو گرنگيەى دەربڕيوە.

بۆيە ديدارى چوارەمى نێوان ئیمانوێڵ ماكرۆن و نێچيرڤان بارزانى دەچێتە لايەنێكى ترى پەيوەندى تايبەتى نێوانيان، ئەوش درێژەدانى سياسەتى جياوازى فەڕەنسايە، كە بەردەوام لە پەيوەندى نێوان پاريس لەگەڵ عێراق و هەرێمى كوردستان بەشێوەيەكى تايبەت رەنگدەداتەوە.

ئاشكرايە پاريس هەوڵدەدات رۆڵى پڕكردنەوەى ئەو بۆشاييە ببينێت كە ئيدارەى دۆناڵد ترامپ پاشەكشەى زۆرى كردووە لە گرنگییدان بە پرسى كورد، جا لە عێراق بێت، ياخود لە سووريا.

 

بارزانى لە فەڕەنسا... هەوڵێک بۆ سنورداركردنى توركيا، يا سەردانێكى ئاسايى؟

ئەمەى سەرەوە ناونیشانى ڕاپۆرتێکى وردى ماڵپەڕى "ئەلعالەمولجەدید"ـە، کاتى سەردانییەکە بە کاتێکى هەستیار و نا ئاسایى ناودەبات، کە تێدا هاتووە، ئەم سەردانییە لە كاتێكى "هەستيار" لە سایەى ئاڵۆزى نێوان ئەنقەڕە و پاريس ئەنجامدرا، هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ وەرگرتنى رۆڵێکى گەورەتر لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەى رۆڵى ئێستاى توركيا، كە خۆى لە هێرشە سەربازييەكانى دەبينێتەوە لە هەرێم و كوردستان و نەينەوا و هاتنە پێشەوەى وشكانى لەو دوو ناوچەيە. نێچيرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان گەيشتە فەڕەنسا بۆ ديدارى لەگەڵ ئيمانوێڵ ماكرۆن، ئەو سەردانە بووتە هۆى جياوازى  چاودێرانى سياسى،  چاودێرانی سياسى كوردى عێراق پێيان وايە هەوڵێكى فەڕەنسايە بۆ دانانى"سنوورێك بۆ نفوزى توركيا"

رێزان شێخ دلێر ئەندامى  ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە فراكسۆنى يەكێتى نشتيمانى كوردستان لە لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕی "ئه‌لعاله‌مولجه‌دید" گوتى: سەردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ فەڕەنسا يەكەم جار نيیە، بەتايبەت پەيوەنديەكى باش هەيە لە نێوان هەرێم و فەڕەنسا، دۆخى ئابوورى هەرێم یه‌كێكه‌ لە هۆكارەكانى ئەو سەردانە، بەشێوەيەكى گشتى ئەو سەردانە بۆ هاوكارى عێراقە لە سايەى دۆخى ئابوورى ئێستا.  

هەروەها گوتيشى: ئامانجى ئەو سەردانە، گرنگە سنورێك بۆ نفوزى توركيا لەو ناوچەيە دابندرێت، ئەوەش كاريگەرى هەيە لەسەر ئەو سەردانە، بەڵام ئومێدەوارم ئەو كاريگەرييە بۆ بەرژەوەندى عێراق و گەلى كورد بێت. 

روونيشى كردەوە" هاتنى توركيا بۆ ناو خاكى عێراق و بۆردومانەكانى لەو وڵاتە بۆتە هۆى زيانگەياندنى گەورە، له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی رايگەياند، ئەو سەردانانەى دەرەوە، لە گەڕان‌ بەدواى بەرژەوەنديیەكان سەرچاوەى گرتووە، پەيوەندى بە نفوزى فەڕەنساوە نيیە، بوونى هاوپەيمانى نێودەوڵەتى لە عێراق و هەرێم فەڕەنسا بەشێكە لەو هاوپەيمانيە.  

لە (2ى ئەيلولى2020) ئيمانوێل ماكرۆن لەگەڵ هەر سێ سەرۆكايەتى عێراق كۆبوويەوە، كه‌ چه‌ند كاتژمێرێكی خایاند له‌و ماوه‌ كورته‌دا بەرپرسانى هەرێمى كوردستانيش كۆبوونەوەيان لەگەڵ ماكڕۆن هەبوو.

ئەو سەردانە لەدواى سەردانى وەزيرى بەرگرى فەڕەنسا بوو بۆ بەغدا، ئەوەش كرانەوەيەكى نوێى فەڕەنسايە بەرامبەر عێراق، بەتايبەت لە بوارەكانى سەربازى، دواى ئەوەى په‌یوه‌ندییه‌كان ته‌نیا لە لايەنى كۆمەڵايەتى و پێكهاتەكان بوو.  

لە (19)ى تشرينى يەكەمى ساڵى رابردوو مستەفا كازمى لە فەڕەنسا چاوى بە ماكرۆن كەوت، لە چوارچێوەى گەشتێكى ئەوروپا بۆ هەريەك لە وڵاتانى فەڕەنسا و بەڕيتانيا و ئەڵمانيا. 

سەڵاح موسەوى چاودێرى سياسى لە لێدوانێكى بۆ"ئەلعالمو لجديد" رايگەياند: كۆمەڵێك فاكتەرى گرنگ لەپشت ئەو سەردانەى نێچيرڤان بارزانيیەوە بۆ فەڕەنسا هه‌یه‌، كە دۆخى ناوخۆى و ناوچەييە. 

مووسەوى روونيشى كردەوە، ئەوەى تايبەتە بە دۆخى ناوچەيى، بابەتەكە دۆسەى ئەتۆمى ئێرانه‌، كە ئەوە گرنگترينە، بەتايبەت دواى هاتنە سەر دەسەڵاتى جۆبايدن، ئەو رۆڵەى كە ئەمريكا دەيبينێت بۆ لێكنزيكردنەوەى نێوان واشنتن و تەهڕان، سەرەڕاى هەوڵەكانى بۆ كەمكردنەوەى دەستوەردانەكانى ئێران لەو ناوچەيە، سەبارەت بە عێراق ئەوە گرنگە، چونكە ئەو دۆسەيە كاريگەرى زۆرترە لەسەر عێراق هەیە، بەرارود بە وڵاتانى تر. 

ئەوەشى پەيوەستە بە هەرێم، يەكەم: هەندێك بەرەوپێشچوونى نوێ هەيە، هەرێم رووبەڕووى بۆروودمان بوويەوە، كه‌ گروپە چەكدارەكانى نەيارى ئەمريكا تۆمەتباركران، دووەم: هەڵوێستى  هەڵوێستى كورد بەرامبەر دادگاى ئيتيحادى، كە هەرێم رايگەياند ئەو پارێزگارى لە دەوڵەتى عەلمانى دەكات، هەوڵدەدات رێگە لە راكێشانى دەوڵەت بگرێت بەرەو ئايين، لەژێر پاساوى دەسەڵاتى هێزە عەرەبييەكان، سەرەڕاى هەڵوێستيان لە بەرامبەر بوودجە، هەموو ئەو فاكتەرانە فشاربوون بە ئاڕاستەى ئەو سەردانە بۆ فەڕەنسا و ديدار لەگەڵ ماكڕۆن.

دەربارەى بوونى توركيا و پەيوەندى بە نفوزى فەڕەنسا لە هەرێم، مووسەوى روونیكردەوە: ئەو دۆسەيە لە بابەتە زۆر ئاڵۆزەكانە، بەتايبەت پارتى ديموكراتى كوردستان پەيوەندى ستراتيژى بە فەڕەنساوە هەيە، هەڵوێستى فەڕەنسا روونە لە پاڵپشتيكردنى دۆزى كورد، هەروەك پارتى پەيوەندى لەگەڵ توركياش هەيە، چەندين پرسی هاوبەشيان لە نێوانە، لەوانە پرسى پارتى كرێكارانى كوردستان، ئەو فاكتەرە ناوخۆ و دەرەكييانە، دەبێتە هۆى ئەوەى سەردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ فەڕەنسا زۆر ئاسايى بێت.  

به‌هۆی پڕۆسه‌ی گەڕانى توركيا بەدواى گازی سروشتی لە دەرياى ناوەڕاست و دەستوەردانى سەربازى لە ليبيا، لەو ساڵانەى دوايى پەيوەندى توركيا ــ فەڕەنسا ئاڵۆزى زۆرى تێكەوت، ئەوە جگە لە ئاڵۆزيیەكانى توركيا لەگەڵ يۆنان دەربارەى گەڕان لە دەرياى ناوەڕاست، ئەوە پاڵى بە ناتۆوە نا نێوەندگيرى بكات بۆ ئاساييكردنەوەى ئەو ئاڵۆزييانە، دواى بڕيارى بەرزكردنەوەى ژمارەى هێزەكانى هاوپەيمانى ناتۆ لە(500) سەرباز، بۆ  (4000) كه‌س، ئەو دوو وڵاتە هاوبەش دەبن لە عێراق.

لە (10) مانگى شوباتى رابردوو توركيا داواى هاوكارى لە ناتۆ كرد بۆ ئەنجامدانى پرۆسەيەك لە باكورى عێراق، بە تايبەت شنگال و دهر‌كردنی ئەندامانى پارتى كرێكاران، كه‌ وەك رێكخراوێكى تيرۆرستى لە لايەن توركيا و يەكێتى ئەوروپا ناسێنراوە. 

 ئەحمەد رەبيعى چاودێرى سياسى لە لێدوانێكی بۆ ماڵپه‌ڕی " ئه‌لعاله‌مولجه‌دید" دوورتر دەڕوانێت، پێىوايە: پەيوەندى نێوان هەرێمەكان و وڵاتان دەچێتە چوارچێوەى پێشێلكردنى دەستوور، چونكە نابێت پەيوەنديیەكانى دەرەوەى هەرێمەكان و وڵاتان هەبێت، تەنانەت ئەگەر فيدڕاڵيش بێت، بەڵكو ئەوەيان دەكرێت لە چوارچێوەى كۆنفيدڕاڵى بێت، لەو رووەوە سياسەتى دەرەوە لە نێوان هەردوولا جۆراوجۆرە، لە عێراق سياسەتى دەرەوە حكومەتى ناوەندى بڕياڕى لێدەدات. 

رەبيعى دەشڵێت: هەرێم هەوڵدەدات پەيوەندى لەگەڵ ئەندامانى هەميشەيى لە ئەنجومەنى ئاسايش دروست بكات، كە كاريگەرییان لەسەر بڕيارى نێودەوڵەتى هه‌یه‌، ئەوەش رێگە خۆشكردنە بۆ داهاتوو، ئەگەر هەرێمەكان داواى سەربەخۆى بكەن، هەوڵێكە بۆ وەرگرتنى شەرعيەت لەو دەوڵەتانە بۆ دروستكردنى دەوڵەتى كوردى، سەرەڕاى ئەوەش ئەوە دەچێتە ناو هەوڵى گەشەپێدانى پەيوەندى پێشكەوتوو لە بوارى پيشەسازى سەربازى، لە پێناو بنياتنانى قەڵغان بۆ پێشمەرگە، كە بەهێز بێت بە ئاڕاستەى هەر بڕيارێكى سياسى كە هەرێم لە ناوەخۆ بيگرێتەبەر.  

هەروەها له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە"رێككەوتنەكانى پڕچەكردن پێويستە لە نێوان دەوڵەتان بێت، پێويستە لەسەر هەرێم هيچ گرێبەستێك لە نێوان دەوڵەتێك و بەشێك لە دەوڵەتێكى تر نەكات، ئەوەش بەگوێرەى رێككەوتنە نێودەوڵەتيەكان، بارزگانيەكى ناياساييە. 

روونيشى كردەوە هەرێمى كوردستان هەوڵى جوڵە دەدات بەرەو ئەو بابەتە، بەڵام رووبەڕووى بەربەستى ياسا نێودەوڵەتيەكان دەبێتەوە، كە رێگرە لەوە. 

له‌ كۆتایی قسەكانییدا گوتى: كوردستان نابێته‌ ناوچه‌ی فه‌ڕه‌نسا، چونكه‌ فەڕەنسا نايەوێت دەستوەرداتە ناوچەكانى نفوزى ئەمريكا، بەڵام هەوڵى بونيادنانى پەيوەنديیەكى باش دەدات له‌گه‌ڵیان. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین