بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم پەرلەمان دوو پێشنیار بە وەزارەتی نەوت دەدات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

عەلی مەشكور ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، لیژنەكەیان دوو پێشنیاری بە وەزارەتی نەوتی عێراق داوە، تا بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان شوێنگرەوەی بەندەری جیهانی توركی بن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی حوزەیرانی 2023 عەلی مەشكور لێدوانی بۆ رۆژنامەی سەباحی عێراقی داوە، ئاشكرای كردووە، كە لیژنەكەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی عێراق دوو پێشنیاری بە وەزارەتی نەوتی عێراق داوە. یەكێكیان ئەوەیە نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە لە باشووری عێراق رەوانەی دەرەوە بكرێت. 

پێشنیاری دووەمیش ئەوەیە هێڵی بانیاس نۆژەن بكرێتەوە، كە بەناو خاكی سووریا تێدەپەڕێت. ئەو پەرلەمانتارە دووپاتیشی كردووەتەوە عێراق هەموو رێگە دیپلۆماسییەكان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جیهانی توركیاوە هەناردەی دەرەوە بكرێت. بەڵام ئەگەرهاتوو توركیا لە پێداگریی خۆی بەردەوام بوو، ئەوا باشترە عێراق یەكێك لەو دوو پێشنیارە بەكاربهێنێ‌.

بڕیارە سبەی دووشەممە 19ی حوزەیران لە بەغدا بەرپرسانی دۆسیەی نەوتی عێراق لەگەڵ شاندێكی توركی كۆببنەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە لە 25ی ئاداری رابردووەوە دوای دەرچوونی بڕیارێكی لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس وەستاوە.

ئەم لیژنەیە لەسەر سكاڵایەكی كۆنی عێراق بڕیاری دا، كە توركیا ناتوانێ‌ بێ‌ رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی رێگەی بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بدات، بۆیە لیژنەكە بڕیاریشی دا بوو وەك بۆ قەرەبووكردنەوەیەك دەبێت توركیا ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار بە عێراق بدات.

هەرچەندە لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردووەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی رێككەوتنیان لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، بەڵام تا ئێستا توركیا ئامادە نییە رێگە بە هەناردەی نەوتی هەرێم بدات و ماوەیەك بە بیانووی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وماوەیەكیش بە بیانووی پشكنینی بۆرییە نەوتییەكان بووە كە گوایە بەهۆی بوومەلەرزەكەی مانگی شوباتی رابردووەوە زیانی بەركەوتووە.

باسم محەمەد بریكاری وەزیری نەوتی عێراق رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بۆ ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، كە سبەی دووشەممە عێراق و توركیا لەسەر ئەم دۆسیەیە گفتوگۆ دەكەن. شارەزایانی ئابووری دەڵێن هەرێمی كوردستان و عێراق بەهۆی وەستاندنی ئەم نەوتەوە رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلاریان زیان دەبێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین