لەبارەی كارەساتی پشتئاشانەوە راپۆرت و شیکاری

نوچه‌نێت

یەكێتی لە شەشی شوباتی ساڵی 1983 رێككەوتنی لەگەڵ حیزبمان كرد، بۆ ئەوەی لە نیەتی خۆی شیوعییەكان غافڵ بكات، دواتر پرسیمان بۆچی نەوشیروان كە خۆی بە چەپڕەو دەزانێ بۆ لە رۆژی كرێكارانی جیهان هێرشی كردە سەرمان.

كەناڵی بەغدادیە بە بەرنامەیەك كە چەند هەفتەیەك دەخایەنێت شەڕی پشتئاشان زیندوو دەكاتەوە، یەكێك لە رزگاربووان لە كارەساتەكە، كە میوانی بەغدادیەش بووە، بۆ (سڤیل) جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی ئەنجامدەرانی شەڕی پشتئاشان بدەنە دادگا، هەر یەكە لە مام جەلال و نەوشیروان مستەفاش بە تاوانباری سەرەكی دەزانن و بۆ دادگاكە پێشنیاری دادوەرێكی كورد دەكەن.

پشتئاشان ئەو گوندە بچوكەی ناوی چووە ناو مێژوو، لەوەش دەچێ زووش لە بیر نەكرێت و ناوەناوە لە دەزگاكانی راگەیاندن، بە مەبەستی جوداجودا پشتئاشان زیندوو دەكرێتەوە، باس لەو كوشتارە دەكرێت كە لەو گوندە بچووك و دوورەدەستەی كوردستان روویداوە.

هەموو شەڕێك بكوژ و كوژراوی تێدایە، لە هەموو شەڕێكیش لایەنی شەڕكەر بە دوای شەرعیەت دەگەڕێت بۆ شەڕەكەی، بە دوای هەموو جەنگێك شەڕكەر بیانو دێنێتەوە، قوربانیانی شەڕەكەش داوای ئیدانەكردنی شەڕكەر دەكەن، دوای 26 ساڵ ئەوانەی خۆیان بە قوربانیانی پشتئاشان دەزانن، داوای ئیدانەكردنی شەڕكەر دەكەن، بەڵام وەك خۆیان دواجار گوتیان “لەبری جەلاد خۆمان ئیدانە كراین” 

قوربانیانی پشتئاشان شیوعیەكانن.

ئەوانەی لەو شەڕەی پشتئاشان رزگاریان بوو، ئێستاش بە زیندوویی ماون، ساڵانە یادی ئەو كارەساتە دەكەنەوە، ئەو ساڵیش یادیان كردەوە، كارەساتی پشتئاشانیان بە هەڵەبجەی شیوعییەكان ناوبرد.

یەكێتی لە شەشی شوباتی ساڵی 1983 رێككەوتنی لەگەڵ حیزبمان كرد، بۆ ئەوەی لە نیەتی خۆی شیوعییەكان غافڵ بكات

یەكێك لە شیوعییەكان بە ناوی ئەبو تانیا لە یاداشتەكەی خۆیدا دەنوسێت “لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1982 گەیشتینە پشتئاشان، لە سەفەرێكدا كە 45 رۆژی خایەند توانیمان هەموو بارەگاكانی شیوعی لەناوزەنگەوە بگوازینەوە پشتئاشان، چونكە دەمانزانی پیلانێكی نێوان عێراق و توركیا بۆ ئێمە بەڕێوەیە، هیچ هاوڕێیەك ئەو سەفەرەی لە بیر نەكردووە، چونكە رۆژگارێكی دژوار بوو. هاوڕێیان دەستیان بە دروستكردنی خانوو كرد و وڵاغەكانیش شتیان دەگوازتەوە. دواتر هەموو چالاكییەكی حیزب لەو گوندە بوو، تا بەرەبەیانی 26 نیسان كە چەند گوللەتۆپێك ئاراستەی گوند كران، دواتر لە یەكی ئایار كارەساتی پشتئاشان روویدا”.

كەناڵی بەغدادیە لە هەفتەی رابردوو ئەڵقەی یەكەمی بەرنامەی (بۆ مێژوو) پێشكەش كرد، كە ئەو بەرنامەیە چەند هەفتەیەك دەخایەنێت و باسی كارەساتی پشتئاشان دەكات، لە یەكەم بەرنامەدا میوانداری موحسین جیلاوی وەك شایەدحاڵێكی كارەساتەكە كرا، بەرنامەكە دەنگۆیەكی لە راگەیاندن دروست كرد، زۆرترین ئەو نووسینانەی لەسەر ئەو بەرنامەیە كراون، كەناڵی بەغدادیە بە ئاژاوەگێڕ ناو دەبەن، چونكە خاوەن ئیمتیاز و دامەزرێنەری كەناڵەكە پیاوێكی موخابەراتی عێراقییە، ئەمەش گومانی ئاژاوەگێڕی كەناڵەكەی زیاتر كرد، موحسین جیلاوی لە بەرنامەكەدا گوتی “بێدەنگییەكی گەورە لەو بابەتە دەكرێت، ئێستا لە جیاتی جەلاد قوربانیان ئیدانە دەكرێن”.

حاكم كەریم عەتیەی نووسەری عێراقی كە لایەنگیری شیوعییەكانە لە بارەی بەرنامەكەوە دەڵێ “پێشكەشكاری بەرنامەكە زیاتر پرسیاری موخابەراتی دەكرد، موحسینیش خۆی خستە داوی بەغدادییەوە، ئێستا كە هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەیە، ئەو بەرنامەیە ئامانجدار بوو، ئامانجی سەرەكیش لێدانی شوعییەكان بوو، چونكە موحسین جیلاوی لە یەكێتی زیاتر زەمی شیوعییەكانی كرد”.

موحسین جەلاوی كە ئەو كاتە پێشمەرگەیەكی حیزبی شیوعی بووە، لەسەر مەسەلەی پشتئاشان زۆر توندە، ئێستایش سوورە لەسەر ئەوەی كە تاوانبارانی ئەو كارەساتە بدرێنە دادگا، موحسین جیلاوی بۆ (سڤیل‌) جەختی لەسەر نیازی پاكی خۆی كردەوە لە باسكردنی مەسەلەی پشتئاشان لە كەناڵەكەدا، موحسین گوتی “من هەموو رۆشنبیرێكی كورد بە برای خۆم دەزانم، من ماڵی كورد بە ماڵی خۆم دەزانم، وەك عەرەبێكی عێراقی هەردەم لەگەڵ كێشە رەواكانی كوردم، هیچ مەبەستێكیشم نەبووە، لەو بەرنامەیەی كە لە بەغدادیەدا كرا، تەنها مەبەستمان باسكردنی ئەو كارەساتەیە كە زۆر دڕندانە بەرامبەرمان ئەنجام درا، من دەپرسم چ كاتێك باسی ئەو مەسەلەیە بكرێت، كاتێك پێشتر دیكتاتۆر مابوو، دەیانگوت كاتی دژایەتی دیكتاتۆرە، ئەو كات قبوڵمان بوو، ئەی ئێستا بۆچی؟ ئەگەر بەغدادیە نەبوایە هەر كەناڵێكی تر بووایە، ئێمە باسی خۆمان دەكرد، كە لە بەغدادیەش باسمان كردووە، نەچوینەتە ژێر هیچ ئەجێندایەكی سیاسی، ئێمە دەڵێین بۆ ئەوەی جارێكی تر كوشتار بە سەر كورد و عەرەب و مەسیحی دووبارە نەبێتەوە، دەبێت تاوانباران دادگایی بكەین”.

كاتێك موحسین رەخنە لە حیزبی شیوعی دەگرێت، رەخنە لە بێدەنگییەكەی ئێستای دەگرێت، رەخنە لەوە دەگرێت كە سەركردایەتی شیوعی ئەوكات توانای سەربازی نەبووە، بە بێ بەرنامە كاری كردووە، موحسین جیلاوی دەڵێ “هەموو لایەنێك لەسەر ئەوە رێككەوتوون لە كارەساتی پشتئاشان بێدەنگ بن”

موحسین جیلاوی لە نووسینێكدا رەخنە لە سەركردایەتی حیزب دەگرێت، لەوەی كە پشتئاشانی بۆ بارەگاكانی خۆی هەڵبژاردووە، موحسین گوتی “حیزب كاتێك ئەو گوندەی هەڵبژارد لە رووی جوگرافیاوە هیچ زانیارییەكی نەدایە پێشمەرگەكانی، دیارە قیادەی شیوعی هیچ كاتێك لە سەنگەر نەبینراون، تەنها پیشمەرگە شەڕی كردووە، قیادە هەر دەمیش بە رێككەوتنی سەركاغەز رازی دەبوون، یەكێتی لە 6ی شوباتی ساڵی 1983 رێككەوتنی لەگەڵ حیزبمان كرد، بۆ ئەوەی لە نیەتی خۆی شیوعییەكان غافڵ بكات، جگە لەمەش ئێمە لە روژی 1\5 كاتێك هێرشمان كرایە سەر، دواتر پرسیمان بۆچی نەوشیروان كە خۆی بە چەپڕەو دەزانێ بۆ لە رۆژی كرێكارانی جیهان هێرشی كردە سەرمان، بە مەبەستێك ئەوەی كردووە یان هەروا بە رێكەوت، هەڵبەتە من وەك پێشمەرگەیەكی شیوعی كە خۆم لە ناو شەڕەكەدا بووم، دەڵێم، رۆژی یەكەم بە تەواوی نەمانزانی شەڕ لەگەڵ كێ دەكەین، كێ هێرشی كردۆتە سەرمان”.

موحسین جیلاوی بە پێویستی دەزانێ جارێكی تر ئەو مێژووەی پشتئاشان بخوێندرێتەوە، ئەگەرچی چەند كتێبێك لە بارەی پشتئاشان نووسراوە یەك لەوانە كتێبێكە بە ناوی پشتئاشان لە نێوان ئازار و بێدەنگیدا، كە لە لایەن قادر رەشید نوسراوە، موحسین رەخنەی لە كتێبەكە هەیە، جیا لەمەش دەڵێت “نووسەری كتێبەكە لە ئیدارەی سلێمانی مووچەی خانەنشینی بۆ بڕاوەتەوە” ئەگەرچی ئێستا نەوشیراون مستەفا لە یەكێتی جیابۆتەوە و بزووتنەوەی گۆڕانی هەیە، زیندووكردنەوەی كارەساتی پشتئاشان بە تەرەفگیری لایەنێك لەو دوو لایەنە دەزانرێت، بەڵام موحسین جیلاوی بۆ (سڤیل‌) جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەوان هەردووكیان بە تاوانبار دەزانن، موحسین جیلاوی بۆ (سڤیل‌) گوتی “ئێمە هەر دووكیان بە تاوانباری سەرەكی دەزانین، هەروەها سەركردایەتی ئەو كاتەی یەكێتی بە تاوانبار دەزانین، چەند جارێكیش نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی ئیعترافیان بەوە كردووە، بە بڕوای ئێمە ئەو دووانە دەستی باڵایان لە كارەساتەكەدا هەبووە”.

چەند ساڵێكە رزگاربووانی شەڕی پشتئاشان داوای ئەوە دەكەن، كارەساتەكە بكرێتە كەیسێكی دادگا، هەر ئەوان سایتێكی ئەلكتڕۆنیان بە ناوی پشتئاشان داناوە، دواجاریش لە 27\4\2008 نامەیەكی كراوەیان داواتە سەرۆك وەزیرانی عێراق و دادگای باڵای عێراقی، موحسین جیلاوی بۆ (سڤیل‌) سووربونی خۆیانی دەرخست لەسەر ئەوەی دەیانەوێت كێشەكە ببەنە دادگا و بۆ ئەوەی مەسەلەكەش لایەنێكی تایفی وەرنەگرێت ئەوان پێشنیاری دادوەرێكی كورد دەكەن.

حاكم كەریم عەتییە لە بارەی بەرنامەكەی بەغدادیە و موحسین جیلاوی بابەتێكی نوسیوە، لەو وتارەیدا زۆر جەخت لەوە دەكاتەوە كە موحسین سوكایەتی بە شیوعییەكان كردووە، ئێستا بە خۆی شیوعی نییە، موحسین جیلاوی دەڵێت “پێشمەرگەكانی شیوعی ئەوانەی شەڕیان دەكرد، زۆر قارەمان بوون، هەندێك كەس پێیان وایە پێشمەرگەكانی ئێمە بێ ئەزموون بوونە، قادر رەشیدیش لە كتێبەكەیدا شتێكی وەهای باس كردووە، بەڵام من خۆم لە ناو شەڕەكەدا بووم، وەك گوتم شەڕمان دەكرد و نەماندەزانی لەگەڵ كێ شەڕ دەكەین”.

شەڕی پشتئاشان لە یەكی ئایاری 1983 روویدا، یەكێتی بە سەركردایەتی نەوشیروان مستەفا هێرشی كردە سەر بارەگاكانی حیزبی شیوعی عێراقی و 71 كەسیان كوشت كە هەندێكیان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە: گۆڤاری سڤیل/ نووسینی راپۆرت: فەیسەڵ خەلیل
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین