توركيا رازى بوو بە وەرگرتنى سويد لە ناتۆ تورکیە

نوچەنێت

هاوپەيمانى ناتۆ و سويد و توركيا راگەيێندراوێكى هاوبەشيان لەسەر رەوانەكردنى دۆسيەى وەرگرتنى سويد لە ناتۆ بۆ پەرلەمانى توركيا بڵاوكردەوە، لەبەرانبەردا سويد پاڵپشتى وەرگرتنى ئەنقەرە لە يەكێتى ئەوروپا دەكات.

ئەمڕۆ سێشەممە (11/تەمووز/2023) ماڵپەڕى (تى ئاڕ) بڵاويكردەوە ئێوارەى دوێنێ توركيا و سويد و ناتۆ جەختيان لەسەر پاڵپشتى دۆسيەى وەرگرتنى توركيا لە يەكێتى ئەوروپا و رێككەوتنى يەكێتى گۆمرگى و پێدانى ڤيزا بە هاووڵاتيانى توركيا لەبەر رانبەر رەوانەكردنى دۆسيەى وەرگرتنى سويد لە ناتۆ بۆ پەرلەمانى توركيا رێككەوتن. 

لە راگەيێندراوەكە هاتووە، ئێوارەى دوێنێ لە ڤيلنيۆسى پايتەختى ليتوانيا رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا و ئۆڵڤ كريسترسۆن، سەرۆك وەزيرانى سويد و يەنس ستۆڵتنبێرگ، ئەميندارى ناتۆ كۆبوونەوە.

لە بەشێكى ترى راگەيێندراوەكە هاتووە، توركيا و سويد پێكەوە كار لەسەر بە هێزكردنى پەيوەندييەكانى بۆ چارسەركردنى ترسە ئەمنييە رەوانەكانى ناتۆ دەكەن.

هەروەك جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، وەك بەشێك لەو قۆناغە لە چوارچێوەى هەنگاوە سێ قۆڵييەكانى ياداشتى سێقۆڵى كە ساڵى رابردوو هاتبوو، بە گوێرەى ئەو رێككەوتنە سويد هەموارى دەستوورەكەى كردەوە، ياساكانى گۆڕى، هاوئاهەنگى بۆ رووبەڕووبوونەوەى پەكەكە فراوانتر كرد و دەستى بە فرۆشتنى چەك بە توركيا كردەوە.

هەردوو وڵات رێككەوتن لەسەر بەردەوامى هاوئەهەنگى نێوانيان لە چوارچێوەى ميكانزمى هاوبەشى هەميشەيى كە لە لووتكەى ساڵى رابردوو لە مەدريدى پايتەختى ئيسپانيا بڕيارى لەسەر درابوو، كە ميكانزمى دوولايەنى نوێ دروست بكەن لەگەڵ پێكهێنانى گرووپى كاركردن گونجاو بێت لەگەڵ كۆبوونەوەى ساڵانەيان لەسەر ئاستى وەزاريى.

لە راگەيێندراوەكە هاتووە، سويد لە يەكەم كۆبوونەوەى ليژنەى ئەمنى نەخشە رێگەيەك بۆ جێبەجێكردنى تەواوى خاڵەكانى ياداشتنامەى سێ قۆڵى پێشكەش دەكات، لەوانەش ماددەى چوار وەك بنەمايەك بۆ بەرەنگاربوونەوەى تيرۆر بە هەموو شێوەكانى.

بەگوێرەى ئەو راگەيێندراوە حكومەتى سويد چيتر هاوكارى رێكخستنەكانى پەكەكە و يەپەگە و گولەن ناكات، هەردوولاش رێككەوتن پێكەوە هاوكاربن بۆ بەرەنگاربوونەوەى تيرۆر لەدواى وەرگرتنى سويد لە ناتۆش ئەو هاوكارييە بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە رۆڵى ناتۆش لەو رێككەوتنە ئەميندارى ناتۆ جەختى لەسەر ئەوە كردۆتەوە، هاوپەيمانى ناتۆ سەركۆنەى هەموو جۆر و شێوەكانى تيرۆر دەكات، هەروەك هەوڵەكانى لەو بوارە خێرا و فراوان دەكات، لەوانەش بۆ يەكەم جار لە مێژووى پۆستى رێكخەرى تايبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەى تيرۆر دروست دەكات.

دەربارەى كۆت و بەندەكانى سەر بازرگانى چەك، لە راگەيێندراوەكە هاتووە، پابەند دەبين بە پرەنسيپى نەبوونى هيچ كۆت يا بەربەست، ياخود سزا لەسەر بازرگانى و بەبەهێنانى بەرگرى لەنێوان هاوپەيماننان، كاريش لەسەر لادانانى هەموو بەربەستەكان دەدەين.

دەربارەى بارزگانى نێوان ستۆكهۆڵم و ئەنقەرەش راگەيێندراوەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە هەردوو وڵات لەسەر زيادكردنى هاوئاهەنگى ئابوورى لە ميانەى ليژنەى ئابوورى و بازرگانى هاوبەشى نێوانيان رێككەوتن، هەموو هەولێكيشيان دەخنە گەڕ بۆ زيادكردنى دەرفەتى بازرگانى و ئابوورى دوولايەنەى نێوانيان.

سەبارەت بە پرسى وەرگرتنى توركيا لە يەكێتى ئەوروپا سويد بە شێوەيەكى كارا      هەوڵەكانى پەيوەست بە ئەندبمبوونى توركيا لە يە يەكێتى ئەوروپا چڕدەكاتەوەكاتەوە لەوانەش رێككەوتنى گومرگرى و گەشتەكردنى هاووڵاتيانى توركيا بەبێ ڤيزا، لەسەر ئەو بنەمايە و لە چوارچێوەى خواستەكانى وەڵامدانەوە و بەرگرى لە ناوچەى ئەوروپاى ئەتڵەسى توركيا پڕۆتۆكۆڵى وەرگرتنى سويد لە ناتۆ رەوانەى پەرلەمانى وڵاتەكەى دەكات، بە شێوەيەكى كاراش كار لەگەڵ پەرلەمان دەكات بۆ بەدەستهێنانى رەزامەندى لەسەر ئەو پڕۆتۆكۆڵە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین