ئەمریكا لەو رێككەوتنەی عێراق و ئێران بێدەنگە وەرگێڕان

نوچه‌نێت

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێرتاق دوێنێ‌ سێشەممە 11ی تەمووزی 2023 رایگەیاند، عێراق رێككەوتنێكی لەگەڵ ئێران كردووە و بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە نەوتی خاو بە گازی ئێران دەگۆڕێتەوە، ئەمەیش بۆ كۆتایی هێنان بە كێشە دووبارەبووەكەی دواخستنی پارەی ئێران، كە پێویستی بە وەرگرتنی رەزامەندی ئەمریكا هەیە.

سوودانی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد لەسەرەتای مانگی تەمووزەوە هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق بە رێژەی زیاتر لە 50% كەمبووەتەوە، دوای ئەوەی بەغدا نەیتوانی رەزامەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ پێدانی شایستە داراییەكانی ئێران بەدەست بهێنێ‌، ئەمە بەر لەوەی  هەناردەی گاز بەرانبەر بە نەوتی خاوی عێراق لەلایەن تارانەوە دەستپێبكاتەوە.

سوودانی لە میانەی وتارێكی تەلەڤزیۆنی روونی كردەوە ئەو رێككەوتنە لە میانەی گفتوگۆكردن لەگەڵ شاندێكی ئێران ئەنجام دراوە، كە لە رۆژی شەممەی رابردووەوە لە بەغدایە. ئەو رێككەوتنە لە كاتێكدایە، كە عێراق بە رێژەی 33 تا 40% پێداویستی خۆی لە وزەی كارەبا، لە رێگەی كارەبا و گازی ئێرانەوە دابین دەكات، بە تایبەتی لە مانگە گەرمەكانی هاویندا كە پلەی گەرمی دەگاتە 50 پلەی سەدی، بەكاربردنی وزەیش لەو ماوەیەدا دەگاتە ئەوپەڕی، جیا لەمەیش عێراق كێشەی پێدانی شایستە داراییەكانی هەیە.

پەیوەندیدار بە هەمان بابەت، سوودانی گوتی عێراق نزیكەی 11 ملیار یۆرۆ ( 12 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار) قەرزاری ئێرانە، بەڵام رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە بە هۆی سزاكانی ئەمریكاوە، كە رێگە بە ئێران نادات دەستی بەو پارەیە بگات، تەنیا بۆ ئەو پێداویستیانە نەبێت كە ناچنە چوارچێوەی سزاكانەوە وەك خۆراك و دەرمان. 

لەو بارەیەوە فەرهاد عەلائەدین راوێژكاری پەیوەندییەكانی دەرەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكی بۆ رۆیتەرز باس لەوە دەكات تەنانەت ئەو رێكارییانەیش ئاڵۆزن و بەشدار دەبن لە دواخستنی دانەوەی شایستە داراییەكان كە عێراق ئارەزووی ناكات و  دواتریش پارەكان بە ئێران نادرێنەوە.

جیا لەو رێككەوتنە ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی دۆلار دەدات

سوودانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد بە گۆڕینەوەی نەوتی خاو بە گازی ئێران، عێراق خۆی لە پچڕانی بەردەوامی تەزووی كارەبا بەدوور دەگرێت، كە ئەمە لە هاویندا بووەتە دیاردە، ئەمە لەو كاتەیە كە عێراق كۆشش دەكات بۆ ئەوەی پڕۆژەكانی بەرهەمێهانی گاز تەواو بكات، كە لەوانەیە پێدوایستی خۆی پێ دابین بكات.

سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتیشی، "ناكرێت لە ماوەی دوو یان سێ‌ ساڵی داهاتوو حكومەت بێت لە هەر هاوینێك بە هاووڵاتیان بڵێت: ئێران گازی وەستاند، ئێران گازی هەنارد". لەسەر ئەم بابەتە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەتیكردەوە سەرنجی خۆی لەسەر رێككەوتنی ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق و ئێران بدات، هەروەها ئەوەی رووننەكردەوە ئاخۆ ئەو رێكارییە پێشێلی سزاكانی ئەمریكا دەكات یان نا. 

گوتەبێژەكە دەڵێ‌، "هیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی ئەمریكا بەرانبەر بە ئێران و عێراق نەگۆڕاوە، ئیدارەی بایدن بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێران، واشنتن بەوپەڕی هێزەوە پاڵپشتی ئاراستەی عێراق دەكات بەرەو سەربەخۆیی لە بواری وزە".

هنری رۆما شرۆڤەكار لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك، دەڵێ‌ "رێككەوتنی ئاڵۆگۆڕكردن لەوانە نییە رێگر بێت، لەبەردەم  هەوڵە بەردەوامەكانی ئێران بۆ گەیشتن بە پارەكانی لە عێراق. ئەو باوەڕم نییە رێكاری ئاڵوگۆڕكردن هێندە بێگەرد بێت وەك سوودانی وەك رازیكەری ئێران وەسفی كردووە، چونكە ئێران پێویستی بە دراوی گرانبەها هەیە، تەنانەت ئەگەر ئەو رێكاریەیش جێبەجێ بكرێت ئەوا رێگر نابێت لەبەردەم ئێران تا كۆشش بكات ئەو ملیاران دۆلارە بەدەست بهێنی كە لە هەژمارەكانی عێراق راگیراوە". 

لەلايەن خۆیەوە ئەمریكا فشار دەخاتە سەر عێراق كە دووەم بەرهەمهێنەری رێكخراوی ئۆپێكە، بۆ ئەوەی ئاستی پشتبەستنی بە گازی ئێران كەم بكاتەوە. عێراق ساڵانە زیاتر لە چوار ملیار دۆلار بە گاز و وزەی ئێران دەدات، كەچی لە هەمان كاتدا خۆی بڕێكی گازی سروشتی دەسووتێنێ‌ كە ئەمە بەرهەمێكی لاوەكییە لە كەرتی سووتەمەنی. 

بایدن سەرجەم ئەو سزایانە جێبەجێ دەكات
كە ترەمپ بەسەر ئێرانی سەپاندووە

عێراق چەندان هەنگاوی ناوە بۆ گۆڕینی ئەو ئاراستەیە رۆژی دووشەممەی رابردوو رێككەوتنێكی زەبەلاح لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی فەڕەنسی تۆتاڵ ئینەرجیز واژۆ كرد، كە پلانی دەرهێنانی گاز لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەی بەسرەی باشووری عێراق لەخۆدەگرێت و هەروەها لە حوزەریرانی رابردوو بانگهێشتی كۆمپانیا بیانییەكانی كرد، بۆ ئەو گرێبەست ئەنجام بدەن بۆ دۆزینەوەی یەدەگی گازی سورشتی و پێشخستنی لە 11 ناوچەی نوێ.

دوێنێ‌ سێشەممە 11ی تەمووزی 2023 عێراق و ئێران رێككەوتنی گۆڕینەوەی گازی سروشتیان بە نەوتی خاو واژۆ كرد، رێككەوتنەكە لەلایەن عێراق لەلایەن ئیحسان عەوادی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق واژوو كرا، لەلایەن ئێرانیشەوە محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق واژۆ كرا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین