بە پاڵاوگەی بێجی عێراق فشارەكانی ئێران و توركیا لەخۆی دووردەخاتەوە وەرگێڕان

نوچه‌نێت

سەنتەری جیهانی بۆ توێژینەوەی گەشەپێندان لە لەندەن، دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە بەكارخستنەوەی پاڵاوگەی بێجی سوودێكی زۆری بۆ ئابووری عێراق دەبێت، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات عێراق ساڵانە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار لە ئەنجامی هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكان دەدۆڕێنێ، سەرەڕای ئەوەی دووەم گەورەترین یەدەگی نەوتی لە رێكخراوی ئۆپێك هەیە.

لە راپۆرتێكی سەنتەرەكە كە سادق ركابی سەرپەرشتی توێژینەوەكانی دەكات و ئەمڕۆ لە رۆژنامەی عەرەبی جەدید بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە كراوە عێراق توانی پاڵاوتنی 116 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی هەیە. كەچی بەرهەمی ئێستای لە 950 هەزار بەرمیلی رۆژانە تێپەڕ ناكات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات گەڕانەوەی پاڵاوگەی بێجی بۆ كاركردن دەتوانێ‌ توانای عێراق بۆ 1260 ملیۆن بەرز بكاتەوە، ئەمەیش پێویستی بەكاربردنی ناوخۆ لە بەرهەمە نەوتییەكان دابین دەكات و بەغدا دەتوانێ‌ دەستبەرداری هاوردەكردنیان بێت.

عێراق ساڵانە نزیكەی سێ‌ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی بەنزین و دیزل خەرج دەكات، چونكە رۆژانە 32 ملیۆن لیتر بەنزین بەكاردەهێنێ‌، ئەمەش فشارێكی زۆر لەسەر بودجەی گشتی وڵات دروست دەكات، كە پێویستی بە پارەیە بۆ پڕۆژە زەبەلاحەكانی بواری ژێرخانەوە، لەوانە رێگەی گەشەپێدان كە تێچووەكەی 17 ملیار دۆلارە و لەگەڵ بەنداوی گەورەی فاو كە تێچووەكەی چوار ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە، بەگوێرەی راپۆرتێكی فەرمی كە دەست عەرەبی جەدید كەوتووە.

وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم
زیانەكەی پێنج ملیار دۆلارە 

كاتێكی گونجاو

لە بارەی كاتی كارپێكردنەوەی پاڵاوگەی بێجی، راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە ئەم هەنگاوە هاوكاتە لەگەڵ رەتكردنەوەی توركیا بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان لە رێگەی بۆرییەكانی كەركووك- جیهانەوە، كە بڕەكەی 450 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە. چاودێران پێیانوایە ئەمە كاردانەوەیەكی توركیایە بەرانبەر بە بڕیارەكەی دادگای پاریس كە داوا لە توركیا دەكات ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار بدات بە بەغدا وەك قەرەبووكردنەوەیەك بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە بێ رەزامەندی حكومەتی عێراق.

كەچی توركیا ئەو بانگەشەیە رەتدەكاتەوە و گلەیی لە بارودۆخێكی سەخت دەكات گوایە بەهۆی بوومەلەرەزەكەی مانگی شوباتی رابردوو زیان بەر بۆرییە نەوتییەكانی عێراق و توركیا كەوتووە. راپۆرتی سەنتەری جیهانی باس لەوەش دەكات بە هۆی ئەم بڕیارەی توركیاوە ساڵانە پێنج ملیار دۆلار زیان بەر عێراق دەكەوێت، سەرەڕای ئەمەش كاری زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت ئەوانەی لە كوردستان كاردەكەن دەوەسەتێ، چونكە بە هۆی وەستانی هەناردەكردنەوە ناتوانن نەوت بەرهەم بهێنن.

هەروەها ئەنقەرە داوای لە بەغدا كردووە پارتی كرێكارانی كوردستان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێ‌، ئەمەش وا لێكدەدرێتەوە توركیا نەوتی وەك كارتێكی سیاسی بەكارهێنابێ‌. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكرێت توركیا ناڕەزایی نیشان داوە بەرانبەر بەو رێككەوتنەی عێراق لەگەڵ ئێران بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا ئەنجامی داوە و نەوت بە گاز دەگۆڕێتەوە، بە تایبەتی كاتێك دەزانرێت بەپێی ئەو رێككەوتنە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی كەركووكەوە رەوانە دەكرێت. واتە توركیا كرێی گواستنەوە و كۆگاكردنی ئەو بڕەی لە دەست داوە كە دەبوو بە بەنداوەكانی ئەو بگات.

توركیا لە رێككەوتنێكی نەوتی عێراق تووڕەیە 

هەڵوێستی دانوستاندن

بەگوێرەی راپۆرتی سەنتەرەكە بەردەوامبوونی توركیا لە راگرتنی نەوتی كوردستان وا دەكات پاڵاوگەی بێجی چارەسەرییەكی نموونەیی بێت، چونكە توانای پاڵاوتن لەو پاڵاوگەیە رۆژانە دەگاتە 310 هەزار بەرمیل، كە دەكرێت بۆ بەكاربردنی ناوخۆ سوودی لێ ببینرێت. ئێستا بەغدا رۆژانە 85 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت و دەكرێت لە پاڵاوگەكانی عێراق بەرهەمیان بهێنێتەوە، پلانیش هەیە بۆ 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبكرێتەوە. ئەمە هەڵوێستی بەغدا لە دانوستاندن لەگەڵ توركیا بەهێز دەكات، كە ئەم وڵاتە دەیەوێ‌ مەرجەكانی خۆی لە رسوماتی گواستنەوە و دانەوەی قەرەبووكردنەوەكە بسەپێنێ‌.

هەروەها توانای پاڵاوتنی عێراق بەرزدەكاتەوە و بەمەیش پشتبەستنی بە بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران كەم دەكاتەوە، بەمانە عێراقییەكان لە فشارێكی ئابووری زۆرتر بەدوور دەبن كە پەیوەندیان بە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و بەرزی نرخی سووتەمەنی و گواستنەوە هەیە.سادق ركابی لەم بارەیەوە سەرنجی ئەوە دەدات كە عێراق گازی ئێرانی بۆ بەكارخستنی وێستگەكانی كارەبا هاوردە دەكات، ئەمەش رووبەڕووی مەترسی سزاكانی ئەمریكای دەكاتەوە، كە ساڵانە لێخۆشبوونی پێدەدات. جا ئەگەرهاتوو عێراق لەرووی سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەكان سەربەخۆ بێت و پێداویستی خۆی دابین بكات ئەوا لە ئاستی نێودەوڵەتی پێشوازی لێ دەكرێت و هەنگاوێكی تر دەبێت بۆ بەهێزكردنی سەربەخۆیی عێراق لە دۆسیەی وزەدا.

لەسەر ئاستی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكانی عێراقیش، كارپێكردنەوەی پاڵاوگەی بێجی توانای عێراق بەهێز دەكات لە پابەندبوون بە رێككەوتنی دابەزاندنی ئاستی بەرهەم لە ئۆپێك پڵەس، چونكە عێراق رایگەیاندووە 210 هەزار بەرمیلی رۆژانە ئارەزوومەندانەی كەمكردووەتەوە. هەروەها وا دەكات عێراق ئەو برە بۆ بەكاربردنی ناوخۆ بەكاربهێنێت، بێئەوەی بكەوێتە ژێر فشاری نرخی جیهانی نەوت لە ئەنجامی زۆربوونی بەرهەمدا.

چەند رۆژێك لەمەوبەر محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، كەلوپەلی پاڵاوگەی بێجی كە دزرابوون، گێڕدراونەتەوە، كە هاوردەكردنی لە دەرەوە ملیۆنان دۆلاری تێدەچێت و دروستكردنەوەشی چەندان ساڵ دەخایەنێ‌.

.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین