بەڕێوەبەری گشتی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ: خراپی باری ئابوری یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

بەڕێوەبەری گشتی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ، لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن نیگەرانی کردووین و بەردەوام چاودێری کەیسەکان دەکەین. لەو کێسانەدا کە بەهۆی تەکنەلۆژیاوە دروست دەبن، ئافرەتان زیاتر تێیدا دەبنە قوربانی.

تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ، لە بارەی کوشتنی دوو ژن لە یەک کاتدا و لە لایەن هاوسەرەکەیانەوە دەڵێت: ئێمە چاودێری کەیسە دەکەین، هەر لایەک کەمتەرخەم بووبێت، دەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

نوچەنێت: رەوشی مافەکانی مرۆڤ چۆنە لە هەرێمی کوردستان؟

تاڤگە عومەر: بە پێی ئەو راپۆرتانەی کە لەبەردەستمانە و لە لایەن دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤەوە بڵاودەکرێتەوە، راپۆرتی ساڵانە یاخود راپۆرتی شەش مانگە، بە تایبەت راپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، پێشێلکاری لە تەواوی سێکتەرەکانی مافی مرۆڤ هەیە. 

ئەوەی تێبینی کراوە، دوو ئاماژەی مەترسیدارە لە ناو راپۆرتی ئێمەدا، کە یەکێکیان زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنە، کە هۆکارەکەی بۆ بەربڵاوی چەک دەگەڕێتەوە. هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی بەربڵاوی دەستپێکردووە بۆ کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت و بەکارنەهێنانی چەک لە دوای دەوامی فەرمی، بەڵام تا ئێستاش چەک لە ماڵەکاندا بوونی هەیەو تاوانی کوشتنی پێ ئەنجام دەدرێت. 

ئاماژەی دووەم ئەوەیە، کە تووندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە. دیارە دوو پێوەرە، کە  ناکرێ مافی ژیان لە کەسەکان بسێندرێتەوە لە دەرەوەی یاسا، وەک ئەوەی ئێستا بەربڵاوە. 

تاڤگە عومەر "بەپێی راپۆرتەکانمان
 توندوتیژی بەرانبەر ژنان زیادی کردووە"

خاڵێکی تر ئەوەی، کە لەلایەکەوە جێگەی خۆشحاڵییە و لە لایەکی تریشەوە جێگەی داخە، یەکەمیان لەبەرئەوەی زۆربوونی ژمارەی سکاڵاکان، ئەوە دەگەیەنێ کە هاوڵاتیان زیاتر هوشیاربوونەتەوە و دەیانەوێ بەپێی یاسا بە شوێن مافەکانی خۆیانەوەبن. هەروەها پەنا بێنن بۆ دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، هەتاوەکو سکاڵاکانیان تۆماربکەن، وەکو لایەنێکی داکۆکیکار لە مافەکانیان، لە لایەکی ترەوە زۆری ژمارەی سکاڵاکان واتە زۆری ژمارەی پێشێلکاری و هەبوونی تووندوتیژی.

 

نوچەنێت: رۆژانە گوێبیستی حاڵەتەکانی کوشتن دەبین، ئێوە کارتان لەسەر کردووە؟ هۆکارەکان چین؟

تاڤگە عومەر: لە راپۆرتەکانماندا ئاماژە بە زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن کردووە؛ هۆکاری ئەمە بەربڵاوی چەکە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەشێوەیەکی جددی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کاری لەسەرکردووە و ئاماژەی پێکردووە، کە پێویست ناکات چەک بەو بەربڵاویە و بە بێ مۆڵەت هەبێت. هەروەها سزا بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە، کە چەکی بێ مۆڵەتیان پێیە؛ بە پێبژاردن و زیندانیکردن کە ماوەی ساڵێک بۆ سێ ساڵە.

جگە لەوە پەنا بردنە بەر ئەو دیوەخانە کۆمەڵایەتییانە، کە لە دەرەوەی یاسا بۆ سوڵحی عەشایەری دانراون، بە باش نازانین؛ دەستەی سەربەخی مافی مرۆڤ، هەموو کاتێک پەیامی سەروەربوونی یاسای بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات، کە لە کاتی هەبوونی هەر کێشە و هەر سەرپێچییەکی یاسایی یان هەبوونی تاوانێک، روو لە دادگاکان بکەن، تاکو بەشێوەیەکی یاسایی مافەکانی خۆیان وەربگرنەوە. 

ئێمە بە جددی کار لەسەر هۆکارەکان دەکەین بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی باشمان لەگەڵ داواکاری گشتی هەیە، بۆ هەر تاوانێک، کە مافی گشتی تێدا بێت، ئێمە داوامان لە دەزگای داواکاری گشتی کردووە، کە ئەوان دەسەڵاتی جوڵاندنی داوای یاساییان هەیە لەسەر داواکارییەکانی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، رێکاری یاسایی بگرنەبەر و داوای یاسایی تۆماربکەن. 

لە لایەکی ترەوە ئێمە بەردەوامین چ لە دیوانی دەستەوە چ لە نووسینگەکانمانەوە لەسەر هوشیارکردنەوەی هاوڵاتیان، کە یەکێکە لە ئەرکەکانی دەستەکە. لە لایەکی ترەوە، راستە دەستە دەزگایەکی چاودێرە بۆ رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، جگە لەوەش، ئەرکی هوشیارکردنەوەی هاوڵاتیانە بەو پێیەی کە دەستە ئەم ئەرکەشی لەسەر شانە، توانیویەتی بەردەوام بێت لە هەڵمەتەکانی هوشیارکردنەوە لە ناو قوتابخانە و زانکۆکاندا و ئەو شوێنانەش، کە پێویستە بە تایبەت شوێنە دوورە دەستەکان، کە نووسینگەکانی ئێمە بەردەوام لەوێن تا بتوانین تاکێکی تەندروست و تاکێکی دوور لە ئەنجامدانی تووندوتیژی و رق و کینە، دروست بکەین لە ناو کۆمەڵگەدا.

تاڤگە عومەر "هەندێک لە راگەیاندنەکان رۆڵێکی نەرێنییان هەیە لە بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی 
 ئەمە وادەکات کە ئەنجامدانی تاوان
 لە لایەن تاوانبارانەوە ئاسانتر بێت" 

نوچەنێت: کوشتن و لێدان و تووندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان بەردەوامە، وێڕای هەبوونی هەندێ یاسا و هەبوونی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تووندوتیژی خێزانی، هۆکاری ئەوە بەچی لێکدەدەنەوە؟

تاڤگە عومەر: دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، کە تووندوتیژی دژی ژنان، بەشێوەیەکی گشتی بەردەوامە و لە هەندێ ناوچە بە داخەوە بە پێی راپۆرتی نووسینگەکانی ئێمە، رووی لە هەڵکشان کردووە. ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێنینەوە بۆ ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتییانەی کە هەن، لە کۆتاییدا ژن دەبێتە قوربانی دەستی ئەم گرفتە کۆمەڵایەتی و ئابورییانە، لە لایەکی تریشەوە هەبوون و دەستکەوتنی چەک بە ئاسانی وایکردووە، تاوانەکانی کوشتنی ژنان، زۆر بە ئاسانی ئەنجام بدرێت؛ هەرچەندە کە تاوانباران رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە. هەروەها لێبوردنی گشتی بکوژی ژنان ناگرێتەوە لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم تاوانانە بەردەوامە، بۆیە بەربڵاوی چەک و هۆکارە ئابورییەکان بە دوو حاڵەتی هۆکاری زیادبوونی تووندوتیژی دژ بە ژنان دادەنرێت. 

ئەوەی ئێستا ئێمە تێبینی دەکەین، هەندێک لە راگەیاندنەکان رۆڵێکی نەرێنییان هەیە لە بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەندێ حاڵەت؛ ئەمە وادەکات کە ئەنجامدانی تاوان لە لایەن تاوانبارانەوە ئاسانتر بێت، بۆیە پێویستە راگەیاندن رۆڵێکی ئەرێنی ببینێ لە هوشیارکردنەوەی تاک و ئەنجامنەدانی تاوان و تووندوتیژی و دەرئەنجامەکانی. بۆیە گرنگە لەسەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن، راوێژکاری کۆمەڵایەتی هەبێت، ئەو پرۆگرامانەی، کە کاریگەری خراپیان دەبێ لەسەر هەڵسوکەوتی هاوڵاتیان لە کۆمەڵگە پێویستە رابگیرێن، بەشیوەیەکی زانستیانەتر مامەڵە لەگەڵ رووداو و کەیسە کۆمەڵایەتییەکان بکرێت.

تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، هۆکارن بۆ زیادبوونی تووندوتیژی، زۆربەی جار لەو کێشانەی کە بەهۆی تەکنەلۆژیاوە دروست دەبن، ئافرەتەکە قوربانییە، کە بە تووندوتیژی یان کۆتاییهێنان بە ژیانی ئافرەتەکە کۆتایی پێ دێت. 

بۆیە ئێستا وەکو راسپاردە پێوست دەکات، کە کۆمەڵێک یاسا هەمواربکرێتەوە، هەرچەندە ئێستا ئێمە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانانمان هەیە لە هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە پەرلەمانی کوردستان کارا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەردەوام بین لە هوشیارکردنەوەی بیری ناتووندوتیژی و پێشگرتن بە هاوسەرگیری پێشوەخت لە کۆمەڵگەدا، کە ئەمەش لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان پێویستە ئەنجام بدرێت.

هەر سەبارەت بە دۆخی ئەو ئافرەتانەی تووندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، لە هەندێ شوێن خانەکانی داڵدەدانی ئافرەتان نییە. بە تایبەت لە ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگای هەڵەبجە، ئەمە گرنگە هەبێت بۆ ئەو ئافرەتانەی کە کێشە و گیر و گرفتیان هەیە، شوێنێک هەبێت لێی بپارێزرێن، تاکو کێشەکانیان بە رێگایەکی ئاشتیانە چارەسەر دەکرێت. 

هەروەها گرنگە بیر لەوە بکەینەوە، کە دادگایەکی پسپۆڕ و تایبەتمەند، بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسی خێزانەکان دابمەرزرێت، ئەمەش وەکو تێبینیمان کردووە بۆشاییەکی یاساییە و پێویستە ئەم دەزگایە بە زووترین کات دابمەزرێت.

نوچەنێت: دوو رۆژ بەر لە ئێستا دوو ژن بەیەکەوە لە لایەن هاوسەرەکەیانەوە کوژران، کارتان لەسەر ئەم کەیسە کرد، وەکو دەگوترا ئایا "لایەنە ئەمنییەکان کەمتەرخەم بوون" لەم بابەتە؟

تاڤگە عومەر: ئێمە وەکو دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، رای خۆمان لەسەر کوشتنی ئەم دوو ژنە دەربڕیوە، کە بەداخەوە لە سۆران لە لایەن هاوسەرەکەیانەوە کوژران. تاوانبار دەستگیرکراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام ئەوەی کە کاری دەستەیە لەم کەیسە، بەپێی یاسا هەر هاوڵاتییەک کە سکاڵا تۆمارنەکات لەسەرئەوەی کە حاڵەتێکی ئاوا هەیە رەنگە ئەوکاتە ئێمە تووشی گرفت بین لەگەڵ یاسادا، بۆیە لە حاڵەتی هەبوونی هەر تووندوتیژییەک پێویستە سکاڵا هەبێت، بۆئەوەی دەستە بتوانێت لە رێگەی دەزگای داواکاری گشتییەوە، داوای سەندنەوەی مافی ئەم هاوڵاتییە بکات، بەڵام لەلایەن ئەم خێزانانەوە هیچ سکاڵایەک لە دەستە تۆمار نەکراوە، ئێمە لە سۆران نووسینگەمان هەیە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە بەلای ئێمەوە ئەوەیە کە ئێمە ئێستا چاودێری کەیسەکە دەکەین، کارمەندانی ئێمە لە مافی مرۆڤی سۆران، بەردەوام چاودێری رەوشەکە دەکەن، تاوەکو تاوانبار بە سزای خۆی بگات. ئێمە داوامان کردووە بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنە بکرێت، کە کەمتەرخەم بوون لەم کەیسە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو ژن. بۆیە بە وردی چاودێری ئەم کەیسە دەکەین، بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسا بەرامبەر هەموو ئەوانەی کەمتەرخەم بوون.

 

نوچەنێت: هەماهەنگیتان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی هەیە؟ رۆڵ و کاریگەرییان چۆن دەبینن؟

تاڤگە عومەر: هەبوونی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تووندوتیژی خێزانی، دەتوانم بڵێم یەکێکە لە میکانیزمە هەرە گرنگەکان لە ناو دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی تاکەکانی خێزان بەگشتی و ئافرەتان بە تایبەتی، بەردەوام ئەم کەیسانەی کە دێتە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، یان بنکەکانی لە شار و شارۆچکەکانی تری هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە ئێمە پەیوەندی باشمان لە گەڵیان هەیە و بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی ئەم لایەنە دەکرێت، تاکو ئەوان بتوانن بە فەرمی رێکاری یاسایی پێویست وەربگرن. هەروەها ئێمە بەردەوام لەگەڵ ئەو کەیسانەی کە کەیسی سەردەمن یان کەیسی رۆژانەن، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی گفتوگۆی بەردەوام و پەیوەندی و کۆبوونەوەی بەردەواممان هەیە، تاکو بتوانین ئەو ئاستەنگانەی کە هەیە یان ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆکاری زیادبوونی تووندوتیژی خێزانی و دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان، هاوکاری یەکترین و رۆڵی زۆر گرنگە و بەرز دەنرخێنین.

 

نوچەنێت: دەگوترێ گەڕانەوە و بێدەنگییەک لەو تاوانانە هەیە کە دەرهەق بە ژنان ئەنجام دەدرێت، ئێوەش وای دەبینن؟ ئەگەر وایە هۆکارەکەی بە چی دەزانن؟

تاڤگە عومەر: بێدەنگی لە تاوانەکان نییە ئێمە دەزگایەکی چاودێرین، هەر کەمتەرخەمییەک لە هەر دەزگایەک هەبێت، ئێمە بە پێی یاسا بەدواداچوونی لەسەر دەکەین، بەڵام بەهۆی زۆربوونی کێشە ئابورییەکان و ناسەقامگیری لەهەندێ رووەوە لەناو کۆمەڵگا وایکردووە، کە ئەم حاڵەتانە زۆر دیارنەبن، بۆیە ناتوانین بڵێین کە بێدەنگی هەیە، بەڵام وەکو دەبینین کە ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نییە، بەڕێوەبەرایەتییەکان و ئەنجومەن، کاری خۆیان دەکەن. دەزگا پەیوەیدنیدارەکان، هەروەها وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، دەزگاکانی دەسەڵاتی دادوەری و ئەوانەی کە پەیوەستە بە لێکۆڵێنەوە، بێگومان ئەرکی یاسایی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام زۆری کێشە و گرفتەکانی تر بە تایبەتیش گرفتی ئابوری وایکردووە، کە وادەربکەوێت بێدەنگی لەسەر ئەم تاوانانە هەیە. 

 

نوچەنێت: پێتوایە رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی ئافرەتان، وەکو پێویست بە رۆڵی خۆیان هەستاون؟

تاڤگە عومەر: رۆڵی رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی ئافرەت، دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆریان توانیویانە کاری باش بکەن، بەتایبەت بۆ فشاردروستکردن بە مەبەستی گۆڕانکاری لە یاساکان، هەروەها گرتنەبەری رێکاری یاسایی و هەڵمەتی هوشیاری و کۆدەنگی لەسەر پرسە هەنوکەییەکان بەتایبەتیش پرسەکانی خێزان رۆڵی گرنگیان هەبووە، بەڵام ئەوەشمان لەبیر بێت، رەنگە هەندێک رێکخراو هەبن کە رۆڵیان وەکو پێوست نەبێت، بەڵام ناتوانی گشتگیری بکەین لەسەر هەندێ رێکخراو؛ چونکە رێکخراوی زۆر چالاکمان هەیە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە کە دەگوترێ بەداخەوە کە گوایە رێکخراوەکان لە هەندێک حاڵەتدا رۆڵی زۆر خراپیان بینیوە راست نییە. ئێمە هەمیشە هەبوونی رێکخراوەکانمان بە گرنگ زانیوە، چونکە رۆڵی باشیان هەبووە، ئەمەش لە زۆربەی رێکخراوەکان لە کەیسەکان بەردەوامن، بەڵام دیسانەوە لایەنە باش و خراپەکە گشتگیر ناکرێت، بەڵام بوونیان گرنگە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە دەزگا پەیوەندیدارەکان ناتوانن ئەنجامی بدەن، وەکو لایەنێکی سەرەکی ببنە پاڵپشت و هاوکار بۆ لابردنی ئاستەنگەکان. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین