دادگای فیدڕاڵی پاساو بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە دەهێنێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق روونكردنەوە لەسەر بە "نادەستووری" زانینی رێككەوتنی كوێت و عێراق دەدات كە لە ساڵی 2013 لەسەر بەندەری سنووری خۆر عەبدوڵا كراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئەیلوولی 2023 دادگای فیدڕاڵی عێراق روونكردنەوەی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی نێوان عێراق و كوێت داوە. 

رێككەوتنی عێراق و كوێت لەسەر بەندەری خۆر عەبدوڵا بە ژمارەی 42ی 2013 لە پەرلەمان پەسەند كراوە. چواری ئەم مانگە دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر رێككەوتنەكە دادگای فیدڕاڵی رێككەوتنەكەی بە نادەستووری زانی. 

گوایە پێچەوانەی مادەی 61ی دەستووری عێراقە كە بە پێویستی دەزانێ‌ دوو لە سێی پەرلەمانتاران دەنگ بە رێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان بدەن. ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر بووەوە، چونكە رێككەوتنەكە بە یاسای رێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان پەسەند كراوە كە ژمارەكەی 111 یە و لە ساڵی 1979 دەرچووە. ئەم یاسایەش لە 2015 هەموار كراوەتەوە.

كەچی ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی باس لەوە دەكات دەستوور لە 2005 دەرچووە و ئەو كاتە زۆربەی یاساكانی رژێمی بەعس هەڵوەشاوەتەوە، "بۆیە ناكرێت كار بە یاساییەك بكرێت كە پێچەوانەی دەستوور بێت".

لە ماوەی رابردوودا چەندان ناڕەزایی سیاسی لەسەر ئەو رێككەوتنە هەبووە، چونكە ئەو رێككەوتنە مافی هاوبەشی بە كوێت دەدات لە بارەی دۆسیەی بەندەری خۆر عەبدوڵا، كەچی بە بڕوای ئەو لایەنە سیاسییانە  خۆر عەبدوڵا بەندەرێكی تەواو عێراقییە و ناكرێت لەگەڵ وڵاتێكی تر رێككەوتنی لەسەر بكرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین