بۆچى تورکیا و ئێران بەرامبەر کوردی عێراق یەکگرتوون؟
نوچەنێت:
ن: شاد شێرکۆ
بە تێڕوانینی تاران و ئەنقەرە، ژێر دەستەکردن یان لاوازکردنی هەرێمـی کوردستانی عێراق پێویستە بە دەستبهێنرێت، لە (11) ئابى ئەمساڵ تورکیا چەندین هێرشى درۆنی بۆ سەر پەکەکە لەنێو سنوورى هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، ئەو هێرشانەی ئێستا ئاماژەن بۆ لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و تاران، ئەگەری بەهێز ئەوەيە کە ئەوان ڕێککەوتنی نهێنییان واژۆ كردووە بۆ هەماهەنگیی زیاتر لەپێناو لاوازکردنی سەربەخۆیی کورد لە عێراق.
پێویستە بەرەو پێشچوونە سیاسییەکانی ئێستای هەرێمەکە لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی تێبگەین، کە بۆچی تورکیا لە ئێستادا هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە لەسنوورى سلێمانی، بە تایبەتی لە ناوچە نزیکەکانى سنووری ئێران. لە (نیسانی 2023) ئەنقەرە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە ئامانج گرت لە هێرشێکی بێفڕۆکەواندا. ئەو هێرشانەی ئێستا زیاتر ئەو ناوچانەی بە قوورسی کردووەتە ئامانج کە خەڵکی سڤیلی لێیە.
سەرەتا هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە دابەش بووبوو بەسەر دوو حیزب دا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ماوەی شەڕی ناوخۆ (1998-1994) پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ ئەنقەرە هەبوو، لە بەرامبەردا یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ئێران نزیکتر بوو، دەتوانین بڵێین ئەو پەیوەندییانە بۆ مێژوویەکى دووتریش دەگەڕێتەوە.
لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆ، ئەنقەرە و تاران کاریگەریی زۆریان لەسەر سیاسەتی کورد لە عێراق دروستکرد. ئێران ڕووبەڕووی هەر کاریگەرییەکی ئەنقەرە دەبێتەوە لە سلێمانی، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دایە و لە هەمان کاتدا، ئەنقەرەش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی جوڵە و کاریگەریی تاران دەبێتەوە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان دایە.
سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە تورکیا و ئێران دوو ڕکابەرن، ڕکابەرییەکانییان هیچ کاتێک نەگەیشتووتە شەڕی ڕاستەوخۆ. ئەو دوو دەوڵەتە بە ناڕاستەوخۆ شەڕ دەکەن دژی یەکتر، پێشووتر زانراوە کە تورکیا و ئێران شەڕ دەکەن لە پێناو کاریگەرییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕیگەی پاڵپشتی کردنی دژەکانی یەکتر لەو وڵاتانەی کە ململانێ و شەڕی ناوخۆ بوونی هەیە لە نێویاندا.
بەهۆی پێویستی تورکیا بە سەرچاوە جیاوازەکانی وزە کە لەلایەن سەرچاوە دەوڵەمەندە وزەییەکانی ئێرانەوە دەستی دەکەوێت و پێویستییەکی سەرەکییەتی، تورکیا نایەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی لە دەست بچێت و ڕکابەرییەکانی لەگەڵ ئێران زیاتر بن یاخود بەردەوام بێت. لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا تورکیا بە شێوەیەکی فراوان پشتی بە سەرچاوە وزەییەکانی ئێران بەستووە و سەرەڕای ئەوەش تورکیا هەرگیز نایەوێت ئێران پشتیوانی لە پەکەکە بکات.
لە لایەکی ترەوە ئێران بە چڕی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی لەسنوورى پارێزگاى هەولێر دەستپێکردووە. لە (2022) هێرشەکانی ئێران زیاتر بوون. زەحمەتە باوەڕ بەوە بکرێت بەبێ هیچ ڕێککەوتنێك ئێران و تورکیا بتوانن بەو شێوە ئاشکرایە ئەو دەستوەردانانە بکەن لە کوردستانی عێراق.
لە (ئاداری 2022) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک هێرشى کردەسەر هەولێر و ماڵى شێخ باز، خاوەنى گرووپى (کۆمپانیاکانى کار)ى کردە ئامانج. بە گوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران لە (تشرینی دووەمی) هەمان ساڵ سوپای پاسداران دیسان چەندین هێرشی بۆ سەر بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجامدا و چەندین قوربانی و کوژراوی لێکەوتەوە.
بەرپرسانی ئێران چەند جارێك حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە، لە بارەی چەك دانانی گرووپە کوردەکانی ئێران و هەڕەشەی ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ ناوچەکە دەکەن، ئەگەر هیچ هەنگاوێك بۆ ڕێگریکردن لەو گرووپانە نەگیرێتە بەر.
وڵاتە ڕکابەرەکان لەسەر یەک خاڵ کۆکن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش ئەوەیە سەربەخۆیی کوردستان پێویستە ڕێگری لێبکرێت و لە بەرژەوەندی ئەوان نییە. ئەو بیرۆکەیەش بە تایبەت بۆ تورکیا زۆر ڕاستە کە کوردەکان (15-20%)ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.
ئێستا تاران و ئەنقەرە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هەرێمی سەربەخۆی کورد لە هەموو شوێنێکی جیهان، و بە تایبەت لە شوێنێکی وەک عێراق هانی جوڵەی سەربەخۆیی کورد دەدات لە هەموو شوێنێک و هەردوو وڵات ڕەتی دەکەنەوە و قبووڵی ناکەن. ئێران و تورکیا پێشتر ڕووبەڕووی جوڵەی ناسیۆنالیستە کوردەکان بوونەتەوە. هەندێکیان چەکدارن وەک پەکەکە و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هانی خەڵک دەدەن بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەرتاسەری کە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت وەک ئەوەی لەسەر گیان لەدەستدانى ژینا ئەمینى لە ئێران بینیمان.
ساڵی ڕابردوو جۆن بوڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گووتی، چەک لە سنوورى هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە ئێران بازرگانى پێوەکراوە، ئەمەش بە تووندی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەڵام درایەوە و ڕەتکرایەوە.
نەیارانی هەرێمی کوردستان، پێیان وایە هەرێمی کوردستانی سەربەخۆ، دەبێتە هاندانێک بۆ کوردەکانى پارچەکانی تری کوردستان، کە شەڕ بۆ ئازادی دەکەن بەهۆى دابەشکردنیان لە نێوان عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا، بۆیە حکومەتەکان دەترسن و ئەو ترسەیان بەردەوامە لەوەی، کە هەر نەرمی نواندنێك بۆ هەر داواکارییەکی کورد درێژ دەبێتەوە و لە ئەنجامدا دەگاتە ڕادەی داواکردنی سەربەخۆیی. بۆیە بە تێڕوانینی تاران و ئەنقەرە ژێر دەستە کردن یان لاوازکردنی هەرێـمی کوردستانی عێراق، ئامانجێکە پێویستە بە دەست بهێنرێت.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment