لەسەر نەوتی هەرێم عێراق چاوەڕوانی سزادانی توركیا دەكات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ماڵپەڕێكی بەناوبانگی عێراقی ئاشكرای كردووە، عێراق لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی دادگای ئەمریكا بە بڕی 601 ملیۆن دۆلار سزای توركیا بدات لەسەر دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ شەممە 30ی ئەیلوولی 2023 ماڵپەڕی Iraq Oil report لە هەواڵێكی كورتدا ئاشكرای دەكات عێراق لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی لە دادگای فیدڕاڵی ئەمریكا داواكەی لە دژی توركیا بباتەوە. ماڵپەڕەكە دەڵێ‌، “عێراق لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ بڕیارێكی ناوبژیوانی گەورە لە دژی توركیا بدرێت، كە بڕی قەرەبووكردنەوەكە 601 ملیۆن و 900 هەزار دۆلارە”. 

ئەو ماڵپەڕە پێیوایە ئەم هەوڵانەی عێراق ئاماژەیەكە كە ئەم دوو وڵاتە لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە رێگەی توركیاوە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. ماڵپەڕەكە دەڵێ‌، "ئەم جووڵە نوێیەی عێراق هێمایە كە بەغدا و ئەنقەرە لە جۆرێك رێككەوتنی دیپلۆماسی نزیك نین، بۆ كردنەوەی هێڵی نەوتی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە، سەرەڕای بوونی كۆمەڵێگ گفتوگۆی تەكنیكی لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا كە بەرەو دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن دەرۆیشتن".

هەمان ماڵپەڕ لە 23ی ئەم مانگە ئاشكرای كردبوو، كۆمەڵێك دیدار و كۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا و ئەنقەرە ئەنجام دراون، زۆربەی كۆبوونەوەكان تەكنیكی بوون لە هەولێر و توركیا بەڕێوەچوو. جگە لەمەش وەزیری وزەی توركیا لە 15ی ئەم مانگە رایگەیاند، پشكنینی بۆرییە نەوتییەكان تەواو بووە و چاوەڕوان دەكرێت هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە.

لە 25ی ئاداری رابردووەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری لیژنەی ناوبژیوانی سەر بە ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس وەستاوە. لیژنەكە لەسەر داوایەكی عێراق بڕیاری دا بوو كە توركیا ناتوانێ‌ بێ‌ حكومەتی عێراق مامەڵەی نەوتی لەگەڵ هەرێم بكات. دواتر لەسەرەتای نیسانی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان  وحكومەتی فیدڕاڵی لەسەر هەناردەی نەوت رێككەوتن. كەچی بەگوێرەی سەرچاوە جیاوازەكان توركیا بەربەستی بۆ هەناردەی نەوت دروست كردووە و بیانووی جیاوازی هەیە، بۆیە تا ئێستا هەناردەی نەوت دەستی پێنەكردووە و  زیانەكانی وەستانی نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بە زیاتر لە چوار ملیار دەخەملێنرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین