رۆژنامە ئيسرائلييەكان بژاردەكانى بەردەم حكومەتى وڵاتەكەيان دژ بە حەماس ئاشكرا دەكەن راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت

ئيسماعيل تەها

لەدواى هێرشەكەى بەرەبەيانى حەوتى تشرينى يەكەم، شارەزايانى بوارى ئيسرائيل باس لە چەندين ئەگەر دەكەن، بۆ وەڵامدانەوەى توندى حەماس حكومەتى ئيسرائيل تا ئێستا نەگەيشتۆتە بژاردەيەك، بەهۆى ئەوەى ئەمجارە ژمارەيەكى زۆرى سەربازى و مەدەنى بە ديلى كەوتۆتە بەردەستى حەماس، رۆژنامە ئيسرائيلييەكان باس لەوە دەكەن، هەبوونى ئەو ژمارە ديلە تواناى سوپاى ئيسرائيلى سنووردار كرووە.

ناكۆكى نێوان سياسى و فەرماندە سەربازييەكان

ناكۆكى سەرەتايى لەنێوان بەرپرسانى سەربازيى ئيسرائيل و سياسييەكان لەسەر شێوازى وەڵامدانەوەى هێرشە سەربازييەكانى حەماس و قووڵايى جوگرافى و ماوەى هێرشەكە هەيە، هەردوو بەرە هاوڕان لەسەر ئەوەى پێويستە بە پلەى يەكەم گورزێكى كوشندە لە چەكدارانى حەماس بووەشێنن، بەهۆى ئەوەى ئەوەى لەبەر چاوى هاوپەيمان و دۆستەكانيان سوكايەتيان بە دەوڵەتى ئيسرائيل كردووە.

بژاردەكانى حكومەتى ئيسرائيل سنووردارە

بار شالوم، شارەزاى كاروبارى سەربازى بە ماڵپەڕى (زەمەن ئيسرائيل)ى رايگەياند، تۆڵەكردنەوەى بەبێ پلان كارێكە واتا ئەو بۆشايەى حەماس لەدواى خۆى لە غەززە بەجێى دەهێڵێت، لە بەرژەوەندى ئيسرائيل دانييە، بۆيە پێويستە ئامانجەكان روون بن، بۆ زانياريش لەسەر ئاستى سياسى دياريكردنى شێوزاى مامەڵەى داهاتوو لەگەڵ حەماس زۆر هەستيارە، لە گفتوگۆى ئەنجوومەنى وەزيرانى ئيسرائيليش تەنيا ئامانجە گشتييەكان دياريكراون، كە بريتييە لە وێرانكردنى توانا سەربازييەكانييەكانى حەماس بە رێگەيەك كە توانا و خواستى ئازاردانى ئيسرائيلييەكانيان بۆ چەندين ساڵ پەك دەكەوێت، ئەوەش پێناسەيەك بازنەيەكى فراوانى هێرشى سەربازيى و سياسى بۆ بڕياربەدەستان جێ دەهێڵێت، هەروەك رێگەش دەدات بڕيار لەسەر ميكانزمێك بدەن بە خێرايى ئەو شەڕە كۆتايى پێبهێنێت، كە هێشتا دەستى پێ نەكردووە. 
 ئيتيمار ئايخنەر، پەيامنێرى رۆژنامەى (يەديعوت ئەحرەنوت)ى ئيسرائيلى لە راپۆرتێكدا قسەكانى پێشوو پشت راست دەكاتەوە، كە بڕيارەكانى ئەنجوومەنى وەزيرانى ئيسرائيل لە دەورى وێرانكردنى توانا سەربازيى و حكومييەكانى حەماس دەخولێتەوە.

ئەو رۆژنامەنووسە باس لەوەش دەكات، كە ئەفسەر و ژنەناڕاڵە سەربازيەكانى  ئيسرائيل دەڵێن، "حەماس ئێمەى تووشى شكستێكى هەواڵگرى بێ پێشينە كردوو، وەزيرانى ئيسرائيليش پێيان وايە دەوڵەتى ئيسرائيل بە تەواوى لە بەردەم رۆژێكى دارماتيكييە."

حەماس دەستگيركراوەكان دەكات بە بارمتە

سەبارەت بە كۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزيرانيش ئاماژە بەوە دەكات، ئەهارون حاليف، سەرۆكى بەشى هەواڵگرى لەو كۆبوونەوە ئامادەنەبووە، بەشدارنەبوونيشى بەوە شرۆڤە دەكرێت، كە هيچ زانيارييەكى پێشوەختەى لەسەر ئەو هێرشە نەبووە.

ئۆڤير ئەكۆنيس، وەزيرى زانيارى گوتوويەتى، چۆن دەكرێت فەرماندەى سووپا و سەرۆكى بەشى هەواڵگرى لەم ژوورە نەبن، چونكە هەموو ئيسرائيلييەك و ئەوانەى لەو ژوورە دانيشتوون، دەيانەوێت بزانن ئەو شكستە هەواڵگرييە چۆن روويداوە؟ من دەپرسم، بۆچى فەرماندەى سوپاى ئيسرائيلى و دەزگاى هەواڵگرى لێرە نين؟ چونكە پێويستە وەزيرەكان زانيارييان زياتر بێت لەو زانيارييانەى پێمان دەگەن، پێشنيار دەكەن، ناوەنديێكى زانيارى دامەزرێت لەگەڵ نوێكردنەوەيەكى رێك بۆ سێ ئەوەندە، بەڵام وەزيرانى ديكە گوتوويانە، ئێستا كاتێكى گونجاو نييە بۆ درووستكردنى ليژنەى لێكۆڵينەوە، چونكە دەوڵەت لە دۆخى جەنگ دايە.

رۆبن بێن شاى، نووسەر و شارەزاى بوارى رۆژنامەوانى سەربازى لە راپۆرتێكدا لە رۆژنامەى يەيدعوت ئەحرەنوت، لە راپۆرتێكى ديكەى باس لەوە دەكات، پێويستە حەماس كۆتايى پێ بهێندرێت بەڵام ئەوەى دۆخەكەى ئاڵۆزكردووە ديل و رفێندراوە ئيسرائلييەكانن، ئەو خواست و تووڕەييى حكومەتى ئيسرائيلى پڕكردووە كە پێويستە رووبەڕووى ئەو جەنگە ببنەوە.

سەبارەت بە بژاردەكانيش رۆژنامەكە باس لەوە دەكات، پێويستە ئيسرائيل رەچاوى هەندێك شت بكات، چونكە لەسەر ئاستى سياسى هەندێك كۆت و بەند هەيە، چ حكومەتى ئێستا، ياخود حكومەتى يەكێتى نيشتيمانى پێويستە رەچاوى سرووشتى ئەو جەنگە بكات كە لە غەززە و بازنەى شەڕەكە دەيكات، گەورەترين مەترسيى لەبەردەم ئيسرائيل ئەو دەيان ديل و رفێندراو كە گوازراينەوە كەرتى غەززە، كە ئەو كەسانە ئافرەت و پير و منداڵ و سەربازيان لەگەڵە.

سەبارەت بە ئامانجى ئەو ديلانەش، رۆژنامەكە باسى لەوە كردووە، حەماس ئەوانە بۆ دوو مەبەست بەكاردەهێنێت، يەكەميان وەك كارتى سازش بۆ ئازادكردنى گيراوە ئەمنييە فەڵەستينييەكانى لاى ئيسرائيل، هەروەك ساڵح عارورى بەرپرسى باڵاى حەماس لە لوبنان بە راشكاوانە باسى لەوە كردووە.

ئامانجى دووەم بەكارهێنانى ئەوانە وەك قەڵغانى مرۆيى بەرانبەر هەڕەشەكانى ئيسرائيل، كە ئەگەر ئيسرائيل هەر هەنگاوێك بنێت، زيان بەوانە بگەيێنێت. 

بەربەستى دووەم بريتييە لە پاساو نەدان بە حزبوڵا و لايەنەكانى پەيوەست بە ئێران، بۆ هێرشێكى سەربازى لە ئۆپراسيۆنەكانى غەززە، چونكە هەڕەشە مووشەكييەكان و هەڕەشەى هێزەكانى ريزوانى سەر بە حزبوڵا دەبێتە دابەشبوونى بەرەى ناوخۆى ئيسرائيل، ئەوەش مەترسى زۆر زياترە لە هەڕەشەكانى حەماس و جيهاد كە لە غەززە درووستيان كردووە.

ئيسرائيل نايەوێت بەرەى جەنگ لەگەڵ حزبوڵا بكاتەوە

ئيهود يەعارى، رۆژهەڵاتناسى ئيسرائيل لە (كەناڵ 12)ى ئيسرائيل باسى لەوە دەكات، دواى ئامادەسازييەكى زۆر لەلايەن حەماسەوە بۆ هێرشە نوێيەكەى، بەڵام هەواڵگرى ئيسرائيلى بە درێژايى ئەو ماوەيە نەيتوانيووە بيخوێنێتەوە، بەڵام ئەمجارە مانۆڕێكى فراوانى سەربازيى ئەنجام داوە، ئەو گريمانە هەڵەبوو كە كە ئێمە پێمان وابوو، حەماس ناچێتە ناو گەڕێكى نوێى سەربازى، لەو قۆناغە كارەكانى بريتى دەبێت لە گرتنەبەرى رێكارى پێويست بۆ باشكردنى دۆخى ئابوورى كەرتى غەززەيە.

مەترسييەكانى هاتنى حزبوڵاى لوبنان

حەماس نەك چاوەڕوانە، بەڵكوو هيواخوازيشە سوپاى ئيسرائيل كەرتى غەززە داگير بكات، ئەوكاتە دەبێتە پاساو بۆ دەستوەردانى حزبوڵاش، ئەوكاتە قەبارەى جەنگەكە بەتەواوى جياواز دەبێت، لەوانەش ئێرانييەكان لە كەتيبەكان رەوانەى جۆلان بكەن، راپۆرتەكان باس لەوەش دەكەن، ئەگەرى بەكارهێنانى چەكى نوێ لەلايەن حەماس و حزبڵا و دەسەڵاتى فەڵەستين هەيە، بەهۆى دانانەوەى بۆمبى چێندراو ژماريەكى زۆرى سەربازى ئيسرائيل كوژراون، هەروەها مووشەكى بەهێز ئاراستەى يەكەكانى نيشتەجێبوون كراوە، ئەو دۆخەش رێگە بە ئيسرائيلييەكان بەردەوام بن لە چالاكييەكانيان، بەڵكوو پێويست بە رێكارى پێچەوانە و كاردانەوە لەسەر بازنەيەكى فراوان بێت، ئەگەر لە سەر حيسابى جەنگێكى گشتگيريش بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێرشە تەنيا لەسەر كەرتى غەززە نابێت.

بژاردە كانى بەردەم حكومەتى ئيسرائيل

ران ئيدليست، نووسەر لە رۆژنامەى مەعاريفى ئيسرائيل باس لەوە دەكات، حكومەتى ئيسرائيل چەند چركە ساتێكى يەك لايەكەرە و ئاڵۆز و قوورسى لەبەردەم دايە، بەتايبەت كاتێك زانيارى روونى لەسەر سنوورەكانى بەريەككەوتنە توندەكان لانييە، ئەوەشى جەخت لەسەر هەبوونى يەك فاكتەرى روون دەكاتەوە، ئەوەيە بەتايبەت هەبوونى رووداوێكى لە ناكاوە، چونكە ئێستا حكومەتى ئيسرائيل دابەش بووە لەسەر لێدانێكى توند لە حەماس، كە ئەگەرى هەيە بەهۆى بەهێزى ئاگاربارانى سوپاى ئيسرائيل لە كۆنتڕۆڵ دەرچێت، لەگەڵ پێويستى رەچاوكردنى بارمتە ئيسرائيلييەكان كە ئێستا لە غەززە و ئيرائيلـ ياخود جەنگ رابگرن، يا زەبرێكى كوشندە لە غەززە بدەن.

سوپاى ئيسرائيل چاوەڕوانى دەكرد زوورتر ئەو جەنگە يەكلا بكاتەوە

ئەو نووسەر باس لەوەش دەكات ئێستا ئيسرائلييەكان بەگشتى لەناو دڵى ئەو كارەساتەن، چونكە ئەوان تووشى شكستێكى گەورەى هەواڵگرى بوونە، بەو هێرشە لەناكاوە بۆ سەر ئيسرائيل جيهان تووشى شۆك بوو، كە ئيسرائيل بەو هێزە مرۆيى و ميكانزمى تەكنەلۆژى تواناى دياريكردنى ئەو چركە ساتەى نەبوون، وەڵامى سوپاش پشت بە رووداوەكانى لەو ناوچە روودەدەن دەبەستێت، بۆيە پرسيارى ئێستا ئەوەيە ئەگەر ئەنجوومەنى وەزيرانى ئيسرائيل بير لە هێرشى سەبازى بۆ سەر غەززە بكاتەوە چى روودەدات.

كۆڵۆنێڵ ريچارد هيخت، گوتەبێژى سوپاى ئيسرائيليش دەڵێت، ئەو جەنگە كاتێكى زۆرى دەوێت لەوەى چاوەڕوانمان دەكرد، ئێستا سوپاى وڵاتەكەمان لە حەوت بۆ هەشت شوێن لەگەڵ چەكدارانى حەماس لە شەڕدان، سەبارەت بە دۆخى ئەمنى و بەرگريش دەڵێت، تا ئێستا هەندێك ئەندامى حەماس تواناى دزەكردنيان بۆ ناو ئيسرائيل هەيە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین