هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا چ کاریگەرییەکى لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتە دەبێت؟ وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێرانى: دنيا ئەحمەد

هەڵبژاردنی شارەوانی (31)ی ئازار رەنگدانەوەی دەبێتە سەر هەمووپارتە سیاسیەکانی تورکیا، شارەزایان پێیانوایە ئام هەڵبژاردنە یەکلاکەرەوە دەبێت هەم بۆ دەسەڵات و هەم بۆ ئۆپۆزسیۆن کە ئایا سەرکردەیەکی نوێ هەڵدەبژێرن یان نا، لەلایەکی تر ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستدەهێنرێت زۆر گرینگ دەبێت یان بۆ بەردەوامی ئۆپۆزسیۆن و یانیش بۆ چەسپاندنی مانەوەی حکوومەت لە دەسەڵات.

شارە گەورەکان بەتایبەت ئەنجامی دەسەڵاتی ئەستەمبۆڵ گەورەترین کاریگەر دروست دەکات، بەپێی ئەو زانیارییانەی شارەزایان بە ماڵپەڕى (بی بی سی)یان ڕاگەیاندووە، لە ڕاپرسییەکاندا مەنسور یەڤاش لە ئەنقەرە و سمێیل توگای لە ئیزمیر ئەگەری سەرکەوتنیان زۆرە و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەرچەندە دەنگەکانی لەگەڵ کاندیدی ئاکپارتی جیاوازییەکەی کەمە، بەڵام پێشنینی دەکرێت دووبارە بە سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبۆڵ هەڵبژێردرێتەوە.

داهاتووی ئۆپۆزسیۆن 

دکتۆرعەلی چەرکۆئۆغڵو، شارەزا لە سیاسەتی تورکیا لە لێیدوانێکدا بە بی بی سی راگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانی تورکیا دوو کاریگەری هەیە بۆ سیاسەتی گشتی تورکیا. 

یەکێک لەمانە جگە لە ئاکپارتی و جەهەپە ئەو تاقیکردنەوەییە کە پارتەکانی دی ئەنجامی دەدەن، چەرکۆئۆغڵو پێیوایە مەهەپە لەم قۆناغەدا وەک پارتێک بەتەنیا هیچ داوایەکی نییە، بەڵام راتگەیاندووە کە سەرەتاییەک بێت بۆ کۆتایی ئیی پارت کە ناتوانن ئەو دەنگە بەدەستبێنن کە دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆ، کاریگەریەکەی تر ئەوەیە گرینگترینی هەڵبژاردنە لەسەر هەڵوێستە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆن.

هەریەک لە شارەکانی ئەستەمبۆڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر و بورسا و ئەدەنە کە زۆربەی دەنگدەرانی تێدایە و بە وتەی ئەو شارەزایە ئەگەر دەسەڵات لەو شارەنە سەرکەوێت ئەوکات پێدەچێت کەشێکی سیاسی بەبێ کێشە و ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا دەستەبەر بکا بەهۆی ئەمەشەوە دەتونرێت  سیاسەتێکی دیموکراسی مانادار لەناوچەکە نەمێنێت. 

هەروەها پرۆفیسۆر د. ئێڤرن بالتای، سەبارەت بە دەنگدەرانی پارتە گەورەکان دەڵێت، ئەگەر سەیری دەنگدەرانی ئاكپارتی بکەین لە زۆربەی شارەگەورەکان دەنگەکانیان بۆ ئۆپۆزسیۆن چووە ئەمەش زیانێکی زۆری بە حکوومەت گەیاندووە. 

ئەو شارەزایەى سیاسەتى تورکیت دەشڵێت، ئۆپۆزسیۆن لە دوای (2023) لە بە شێوەیەکى پەرتەوازە و نا یەکڕیز دەچێتە ناو هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى، هەروەها دەنگدەرانیش لە ئاستى پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ناڕازین، بەڵام ئۆپۆزسیۆن هەوڵدەدات دووبارە متمانە و هیواى دەنگدەران بەدەست بهێنێتەوە لەشارە گەورەکان، بەتایبەتى لە ئەستەمبۆڵ، لە ئەگەرى سەرکەوتنى لەو هەڵبژاردنە دووبارە هەژموون و متمانەبوون بە ئۆپۆزسیۆن نوێ دەبێتەوە لەو وڵاتە.

لەوانەیە سەرکردەیەکى نوێ لە دایک ببێت

ژمارەى دەنگى سەرۆک شارەوانییەکانى ئەستەمبۆڵ و ئەنقەرە، هێز و زۆرى دەنگى پارتەکە لەو دوو شارە دەسەلمێنن، بەڵام لەم هەڵبژاردنە ئەوە دەردەکەوێت ئەو دەنگەى پێشووتر بەدەستیان هێناوە لەسەر بنەماى ئۆپۆزسیۆن دەنگیان پێدراوە، بەتایبەت کە ئەمجارە بەبێ هاوپەیمانى گەورە بەشدارن لە هەڵبژاردنە شارەوانییەکان، کەواتە لە داهاتوو سەرۆک یان سەرکردەیەکى نوێى بەرەى ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنە چاوەڕواننکراوەکە لەدایک دەبێت. پسپۆڕانى سیاسەتى ناوخۆیی جەخت لەوە دەکەنەوە لەمەدوا تورکیا بە سیستەمى سەرۆکایەتیى بەڕێوەدەچێت و کار بۆ بەهێزکردنى تاک سەرکردە و سەرۆک لە ناوخۆ و درەوە دەکرێت، بەتایبەت کە ئێستا سیستەمى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا بەتەواوى شوێنى خۆى گرتووە، ئەم سیاسەتەش لە تورکیا و جیهانیش توانیویەتى سەرکەوتوو بێت.

پرۆفیسۆر د. ئێڤرن بالتای دووپاتى دەکاتەوە، ماوەیەکى زۆرە حکومەتى تورکیا لەسەر ئەم سیستەمە وڵات بەڕێوەدەبات، بەڵام ئەگەر ئۆپۆزسیۆن سەربکەوێت، بە هاوپەیمانى هێز و حزبى، ناسنامەى سیاسى تورکیا زیاتر بەرەوپێشوەبچێت. ئەگەر سەیرى دەسەڵاتەکانى ئیمامئۆغۆل و مەنسور یەڤاش بکەین، پێشبینى دەکرێت، سیستەمى سەرۆکایەتیى زیاتر پەرەى پێبدرێت.

ئەوەى تورکیا بەدەستبهێنێت تورکیاش بەدەست دەهێنێت؟ 

لە دواى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى (2019)، هەڵبژاردنى ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ وەک سەرۆک شارەوانى ئەستەمبۆڵ گەرمترین پرسى تورکیا بوو، پرسیار ئەوە بوو ئایا ئیمامئۆغلۆ خۆى کاندید دەکات بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارى تورکیا، ئەگەرخۆشى کاندید بکردایە دەتوانى ئەو دەسەڵاتەى ئێستاى سەرۆک کۆمارى تورکیا بەدەست بهێنێت. ئەو دەنگۆیان بەردەوام بوو تاوەکو هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى و پەرلەمانى تورکیا، بەڵام کاتێ کەمال کلچدار ئۆغلۆ خۆى بۆ سەرۆک کۆمارى تورکیا کاندید کرد، هەموو دەنگۆ و بۆچوونەکان پێچەوانە بووەوە.

بەڵام دکتۆرعەلی چەرکۆئۆغڵو پێیوایە، لە (2019) ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ وەک سەرکردەیەکى ئومێد بەخش بۆ سیاسیەتى نوێى تورکیا سەیر دەکرا، بەڵام بۆچى خۆى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارى تورکیا هەڵنەبژارد؟ چونکە لە نێو پارتەکەى خۆیدا کاریگەریی ئەوتۆى نەبوو، لەدادگاى باڵاى تورکیا داواى یاسایشى لەسەر هەبوو، بۆیە دڵنیا نەبوو چۆن بتوانێت کۆنترۆڵى پارتەکەى خۆى بکات. لەبەرامبەردا شارەزایان پێانوایە ئیمامئۆغۆل جارێکى تر پێویستى بە هاوپەیمانى نابێت بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان، ئەگەر ئەم جارە بۆ خولى دووەمى سەرۆکایەتیى شارەوانییەکان خۆى کاندید بکاتەوە بە شێوەیەکى بەهێز دەرەکەوێت و لە ناو پارتەکەشى کاریگەریى زیاترى دەبێت.

ڕۆڵى سەرکردە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى تورکیا

کە باس لە گرنگى و کاریگەریی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى تورکیا دەکرێت، دەبێ بیر لە هەڵبژاردنى (1989) و ئەنجامى پارتەکانى ئەوکات بکەینەوە، کە زۆربەیان ئەنجامى دەنگەکانیان لە یەکتر نزیک بوو، ڕێژەکەى نزیک بوو لە (20%) دەنگەکان. هەروەها گرنگى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى (1994) بە هۆى ڕۆڵى ئەردۆغانەوە بوو، کاتێ وەک سەرۆک شارەوانى ئەستەمبۆڵ هەڵبژێردرا. بەڵام چاودێرانى سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، ژینگەى سیاسى ڕابردوو لەگەڵ ئێستا جیاوازە و پارتەکان جەخت لە گۆڕینى سیستەمى فرە حزبی و پەرلەمانى بۆ سیستەمى سیاسى سەرکردە دەکەنەوە. 

هەروەها دکتۆرعەلی دووپاتى دەکاتەوە، لە ڕابردوو تورکیا سیستەمى دیموکراسى فرە حزبى جیاواز بوو لەگەڵ ئێستا، بۆیە پێشبینى کردنى ئەوەى کە ئەنجامى هەڵبژاردنە شارەوانییەکانى چە کاریگەرییەکى لەسەر ناوخۆى تورکیا دەبێت، کارێکى زەحمەت و دروست نییە.

بەڵام ئەگەر ئیمامئۆغلۆ و یەڤاش بتوانین لەم هەڵبژاردنە سەرکەوتوو بن، ئەوە دەکرێت بڵێن لە هەڵبژاردنەکانى تورکیاى (2023) ئۆپۆزسیۆن کاندێکى باشى نەبووە بۆ ئەوەى بتوانێ زۆرینەى دەنگەکان بەدەست بەدەست بهێنێت، هاوکات چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان ئەو بڕیارە لاى رەجەب تەیب ئەردۆغان دیارى دەکات، کە ئایا بۆ سەرۆکایەتى تورکیا جارێکى تر خۆى کاندید دەکات، ئەگەر هاتوو پارتەکەى ئەردۆغان نەیتوانى سەرۆکایەتیى هەردوو گەورە شارەوانییەکە بەدەست بهێنێت، بەم شکستەوە بەشدارى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا دەکات؟ وەڵامى ئەم پرسیارە لە دواى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى (2024) دەستمان دەکەوێت. هەروەها ئەگەر ئیمامئۆغلۆ توانى بگاتە کورسى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا، کە زۆرینەى پەرلەمانى ئاکپارتییە، ڕەنگە هاوشێوەى ئەو ئەزموونەى ئیمامئۆغلۆ لە چوار ساڵى ڕابردوو لە سەرۆکایەتیى شارەوانى بەرجەستەى کرد، دووبارەى بکاتەوە لە سەرۆکایەتی کۆمارى تورکیا.

سەرچاوە: بى بى سى تورك 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین