لە بەندەری بانیاس هێرش دەکرێتە سەر نەوتهەڵگرێکی ئێرانی ئێران

نوچه‌نێت

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ڕایگەیاند لە کەنارەکانی بەندەری بانیاس هێرش کراوەتە سەر نەوتهەڵگرێکی ئێرانی.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی کەناڵی "ئێران ئینتەرنەشنال" بڵاوی کردەوە، لەو هێرشەدا، سێ کەس کوژراون.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ڕایگەیاند دیار نییە ئەو هێرشە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجام دراوە یان لە ڕێگای هێرشی مووشەکییەوە.

هەواڵنێریی حکوومەتی سووریا وێرای ئاماژەکردن بەو ڕووداوە ڕایگەیاند، ئەو نەوتهەڵگرە لە بەندەری بانیاس لەنگەری گرتبوو.  ئێران لە ڕێگای نۆکەندی سوێسەوە سووتەمەنی بۆ سووریا دەنێرێت.

پێشتریش ( ٧ی نیسانی ٢٠٢١) هێرش کرابووە سەر نەوتهەڵگرێکی ئێرانی بە ناوی ساویز لە ئاوەکانی دەریای سوور.

نیویۆرک تایمز هەر ئەو کات لە زمانی بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە کە ئیسرائیل ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە لە تۆڵەی هێرشەکان بۆ سەر دوو کەشتی ئیسرائیلی، ئەو کەشتییە ئێرانییە کردووەتە ئامانج.

هەندێ لە بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندبوو ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر نەوتهەڵگری ساویز بەڵام بنکەی هەواڵێری نورنیوز کە لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران نزیکە، نووسیبووی: "ڕەنگە وڵاتێکی تر لەو هێرشەدا دەستی هەبووبێت".

پێشتر "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" وێرای ئاماژە کردن بەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لە دەریاکاندا کراوەتەوە، لە زمانی بەرپرسێکی ئەمریکییەوە نووسیبووی ئیسرائیل لە زستانی ٢٠٢٠وە تا ئازاری ٢٠٢١، لانیکەم ١٢ کەشتی ئێرانی کردووەتە ئامانج کە سەرقاڵی گواستنەوەی نەوت بۆ سوریا یان گواستنەوەی چەک لە ناوچەکە بوون. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین