لە دەریای سوور هێرش کرایە سەر کەشتییەکی ئێران ئێران

نوچه‌نێت

میدیاکانی جیهان ڕایانگەیاند دوێنێ سێشەممە شه‌شی نیسان لە دەریای سوور هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی ئێران و گومان له‌ ئیسرائیل ده‌كرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە حه‌وتی نیسان، ئاژانسی "بی بی سی" بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند پێدەچێت ئیسرائیل دەستی لەو هێرشەدا بووبێت. 
پێشتر کەناڵی ئەلعەرەبیە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کەشتییەکی ئێرانی بە ناوی ساویز لە دەریای سوور کراوەتە ئامانج. 
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران وێرای ئاماژە کردن بەوەی کە هەندێ لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کەشتییەکی ئێرانی بە ناوی ساویز تووشی ڕووداو بووە و نووسیویه‌تى، " بە پێێ زانیارییەکان ئەو ڕووداوە بە هۆی تەقینەوەی مینی دەریاییەوە بووە". 
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تەسنیم ئەو کەشتییە، "لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە مەبەستی یارمەتیدان بەو هێزە تایبەتانەی ئێران کە ئەرکیان پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان بوو لەو دەریایە جێگیر کرابوو". 
سەرەڕای ئەوە میدیاکانی ئیسرائیل وتوویانە ئەو کەشتییە کاری سیخوڕیی کردووە. 
نیویۆرک تایمز نووسیویەتی: "هەرچەندە ساویز لە ڕووی تەکنیکییەوە وەک کەشتییەکی بارهەڵگر پۆلێن دەکرێ، بەڵام پێدەچێت یەکەمین کەشتی سەربازییە کە لە ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا دەکرێتە ئامانج". 
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ئەکاونتێکی سوپای پاسداران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندووە ئەرکی ساویز ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەتە دەریاییەکانە. 
بەرپرسانی حکوومەتی ئێران هێشتا بە فەرمی ئەو ڕاپۆرتەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. ئیسرائیلیش لەو بارەوە بێدەنگە. 
نیویۆرک تایمز نووسیویەتی: "بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکیی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، وتی ئیسرائیل پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ئاگادار کردبووەوە کە هێزەکانی ئەو وڵاتە نزیکەی کاتژمێر ٧:٣٠ بەرەبەیانی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییە".

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە بەرپرسانی ئیسرائیلییەکان وتوویانە ئەو هێرشەیان وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل ئەنجام داوە. 
ئەلعەرەبیە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ئەو کەشتییە لە دەوروبەر کەنارەکانی ئەریتریا هێرشی کراوەتە سەر.

هەر یەک لە ئیسرائیل و ئێران لەو چەند مانگەی دواییدا لایەنی بەرانبەریان بەوە تۆمەتبار کردووە کە هێرشی دەکاتە سەر کەشتییەکان.

بە گوێرەی ڕۆیتێرز بەرپرسێکی ئیسرائیل ڕۆژی ٢٥ی ئازار وتبووی کەشتییەکی بارهەڵگری کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی بە مووشەک هێرشی کراوەتە سەر و زیانی بەرکەوتووە.

ئێران ڕۆژی ١٤ی ئادار ڕایگەیاند هەوڵ دەدات ئەو لایەنانە پەیدا بکات کە دەستیان هەبووە لە هێرش کردن بۆ سەر کەشتی "شهرکرد" کە چەند ڕۆژ پێشتر لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سپى ناوه‌ڕاست زیانی بەرکەوتبوو. ماڵپەڕی نزیک لە سکرتاریه‌تی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند ئیسرائیل "تاوانباری سەرەکی" ئەو تەقینەوە بووە.

ڕۆژی ٢٦ی کانوونی دووەم کەشتییەکی بارهەڵگری ئیسرائیل بە ناوی "هلیوس ری" کە لە بەندەرێکی سعوودیه‌وە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەچوو لە دەریای عەمان تەقییەوە و زیانی بەرکەوت.

بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی ئەو تەقینەوە کاری ئێران بووە بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەوەیان ڕەت کردەوە.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین