زه‌ریف دووبه‌ره‌كى ده‌خاته‌ نێو به‌رپرسانى ئه‌مریكا ئێران

نوچه‌نێت

بڵاوبوونه‌وه‌ى تۆمارێكى ده‌نگى محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، دووبه‌ره‌كى ده‌خاته‌ نێوان به‌رپرسانى پێشووى ئه‌مریكا، چونكه‌ له‌ به‌شێكیدا ده‌ڵێ، جۆن كێرى وه‌زیرى پێشووترى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا زانیارى له‌سه‌ر هێرشه‌كانى ئیسرائیل بۆ سه‌ر هێزه‌كانى ئێران پێداون، نیكى هایلى باڵویزى پێشووى ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جۆن كێرى به‌ دركاندنى نهێنییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات و جۆن كێرییش ره‌تى ده‌كاته‌وه‌ زانیارى به‌ زه‌ریف دابێ.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیندێپێندێنت" بڵاوی کردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران لە فایلێکی دەنگیدا کە لەو دوایانەدا بڵاوکراوەتەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی ئاگاداری چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکە نەبووە و دەڵێت، "لە جۆن کێری بیستم ئیسرائیل ٢٠٠ ئۆپەراسیونی لە دژی ئێران لە سووریا ئەنجام داوە". 
لێدوانەکانی زەریف لەو فایلەدا کاردانەوەیەکی بەربڵاوی بە دوای خۆیدا هێنا تا ئەو جێگایەی دەستەیەک لە کۆماریخوازانی ئەمریکا داوایان کردووە، جۆن کێری بە تاوانی ڕادەستکردنی زانیارییەکان بە زەریف لە پۆستەکەی وەلا بنرێت. 
بەڵام کێری بە بڵاوکردنەوەی تویتێک لە ئەکاوەنتی تویتەری خۆی گوتی، "ئەو زانیاریانە هەڵەن". 
کێری لەو تویتەدا نووسی: "دەتوانم بڵێم ئەو چیرۆکە و ئەو تۆمەتانە هەڵەن. هەرگیز ئەوە ڕووی نەداوە، نە ئەو کاتەی وەزیری دەرەوە بووم و نە ئێستا". 
جۆن کێری ئەو تویتەی وەک وەڵامێک بۆ تویتەکەی نیکی هیلی، نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کردەوە کە کێری بەوە تۆمەتبار کردبوو کە بە ڕادەستکردنی زانیارییە نهێنییەکان لە پشتەوە خه‌نجەری لە ئیسرائیل داوە. 
ئەوە لە کاتێکدایە کە نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەوڵ دەدا پشتیوانی لە کێری بکات. پرایس لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی دووشەممە گوتی، "با بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئاشکرایە ئەو زانیاریانە نهێنی نەبوون". نێد پرایس گوتیشی، " دیار نییە ئایا زانیارییەکانی ئەو فایلە دەنگییە کە بڵاو بووەتەوە ڕاستن یان نا، هەروەها دیار نییە هۆکارەکانی بڵاوکردنەوەی چین". 
هەروەها جین ساکی، گوتەبێژی کوشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەو بارەوە گوتی سەبارەت بەو فایلە قسە ناکات. 
ئەگەرچی هێرش بۆ سەر بنکەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لە میدیاکاندا باسی لێ کراوە، بەڵام چەندین دیداری کێری لەگەڵ زەریف تەنانەت لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا کە هیچ پۆستێکی نەبوو، حاشاهەڵنەگرە. 
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی بە دەستەوە بوو کێری و هاوڕێکانی لەگەڵ زەریف و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی دیداریان کردووە و داوایان کردووە تاران لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆ نەکات بەو هیوایەی دووبارە دیموکراتەکان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. 
مایک پەمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا دەڵێت: فایلە دەنگییەکەی زەریف نیشاندەری ئەوەیە پەیوەندییەکانی زەریف و کێری درێژەیان هەیە و پێویستە دەربارەی ڕادەستکردنی زانیارییەکان لێپرسینەوە لە کێری بکرێت. 
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بەشێک لە دیمانەیەکدا لەگەڵ "سەعید لەلیلاز"، یەکێک لە شارەزایانی بواری ئابووری و لایەنگری سیاسەتەکانی کابینەی حەسەن ڕۆحانی کە پێشتر لە ماڵپەڕی "نوچە نێت" بڵاو کراوەتەوە، باسی ئەوە دەکات کە جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا، لە حوزەیرانی ٢٠١٦دا ئاگاداری کردووەتەوە کە هاتوچۆی فڕۆکەکانی کۆمپانیای "هما" بۆ سووریا شەش هێندەی پێش ڕێککەوتنەکەیە. 
زەریف دەشڵێت: جۆن کێری ئاگاداری کردووەتەوە کە ئیسرائیل ٢٠٠ جار لە سووریا هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئێران.

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین