له‌ تۆمارێكى ده‌نگى زه‌ریف هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر قاسم  سلێمانى وەرگێڕان

نوچه‌نێت

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی دیمانەیەکدا کە مانگی ئاداری ٢٠٢١ ئەنجامی داوە و بڕیار وابووە تا کاتێ لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەدایە بڵاو نەکرێتەوە، وێرای ئاماژەکردن بە دەسەڵاتی هێزە سەربازییەکان لە کۆماری ئیسلامیدا، دەستوەردانەکانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران لە کاروباری سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا پشتڕاست کردووەتەوە و دانی بەوەدا ناوە کە بە هۆی گوشارەکانی سلێمانی دیپلۆماسی کردووەتە قوربانیی مەیدانی جەنگ و چالاکییە سەربازییەکان.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی کەناڵی تەلەڤزیۆنی "ئێران ئێنتەرنەشنال" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند دەستی بە فایلی دەنگیی دیمانەیەکی محەمەد جەواد زەریف لەگەڵ "سەعید لەلیلاز"، یەکێک لە شارەزایانی بواری ئابووری و لایەنگری سیاسەتەکانی کابینەی حەسەن ڕۆحانی گەیشتووە. لەو فایلەدا کە زیاتر لە سێ کاتژمێرە، زەریف دەربارەی پرسە جیاوازەکان قسە دەکات و چەندین جار داوا لە "لەیلاز" دەکات هەندێ لە قسەکانی بڵاو نەکاتەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "هیچ کات، ڕێگام بە خۆم نەدا بە فەرماندە قاسم بڵێم چالاکییەکی تایبەت ئەنجام بدە، چونکە من لە مەیدانی دیپلۆماسیدا پێویستیم پێیەتی، بەڵام بە پێچەوانەوە هەر جار کە من دەچووم بۆ گفتوگۆکان، سلێمانی دەیگوت دەمەوێ لەو خاڵە تێبگەیت". زەریف دەڵێت، " لە ڕاستی گفتوگۆکانی من بۆ سەرکەوتنی (مەیدان) بوون".

زه‌ریف: ئه‌مریكا به‌ر له‌من به‌ هێرشه‌كه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌دى زانیوه‌
 

 

مەبەستی زەریف لە "مەیدان" کە چەندین جار لەو دیمانەیەدا بەکاری دەهێنێ، ئاماژەیە بۆ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری جەنگ و چالاکییە سەربازییەکان و دەستوەردانەکانی بەرپرسانی سەربازی و هێزەکانی ئاسایش لە دیپلۆماسی و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بەوەی کە سوپای پاسداران سیاسەتەکانی بەسەر وەزارەتی دەرەوەدا دەسەپێنێت، دەڵێت ستراتیژی کۆماری ئیسلامیی ستراتیژی جەنگی ساردە. دەشلێت: " ئەوە من بووم بۆ مەیدان دیپلۆماسیم دەکرد، تا ئەوەی مەیدان لە خزمەت دیپلۆماسیدا بێت".

محەمەد جەواد زەریف سەبارەت بەوەی کە زۆربەی کارمەند و باڵوێزەکانی ئێران سەر بە هێزە چەکدارەکان و هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتەن، دەڵێت: "بەشی زۆری پێکهاتەی وەزارەتی دەرەوە سەر بەو هێزانەیە".

زەریف دەڵێت قاسم سلێمانی گوێی بە قسەکانی ئەو نەداوە، وەک نموونە ئاماژە بە دەستوەردانی قاسم سلێمانی لە گفتوگۆکانی وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەکات و دەڵێت: "سلێمانی لیستیك لەو ئیمتیازانەی کە پێویستی بوو پێیدام کە بۆی وەربگرم".بەڵام لە بەرانبەردا سلێمانی هیچ پێشنیارێکی ئەوی قەبووڵ نەکردووە.

زەریف لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە دەستوەردانی قاسم سلێمانی لە کاروباری وەزارەتی دەرەوەدا دەڵێت: دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ و هەڵوەشانەوەی سزاکان لەسەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی نیشتمانی ئێران [هما]، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا، لە حوزەیرانی ٢٠١٦دا ئاگاداری کردووەتەوە کە هاتوچۆی فڕۆکەکانی کۆمپانیای "هما" بۆ سووریا شەش هێندەی پێش ڕێککەوتنەکەیە.

زەریف دەڵێت کاتێ بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە، زانیویەتی کە گەشتەکان بە فەرمانی قاسم سلێمانی ئەنجام دراون. هەروەها دەڵێت کاتێ لەو بارەوە بە قاسم سلێمانی گوتووە لە فڕۆکەکانی کۆمپانیای "ماهان" لە جیاتی کۆمپانیای "هما" کەڵک وەربگرێت، سلێمانی وەڵامی داوەتەوە: "هما سه‌لامه‌تتره‌".

زەریف لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی حکومەت ڕێگای داوە سلێمانی لە کاروباری فڕۆکەوانی و ژمارەی گەشتەکان بۆ سووریا دەستوەردان بکات، گوتی وەزیری ڕێگاوبان و هەروەها سەرۆک کۆماری ئێران ئاگاداری ئەو دەستوەردانە نەبوون.

وەزیری دەرەوەی ئێران دەربارەی پێگەی هێزە چەکدارەکان و پێگەی دیپلۆماسی لە ئێراندا و پێویستی ڕادەستکردنی دۆسیەکان بە دیپلۆماتەکان دەڵێت: لای دەسەڵات مەیدان لە دیپلۆماسی گرنگترە.

زەریف دەڵێت،  "دوای ئەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیمان ئیمزا کرد بۆ ئەوەی بتوانین پلانەکانی مەیدانی سەربازیی جێبەجێ بکەین، تێچوویەکی زۆرمان دا".

 

زه‌ریف: سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى له‌ خزمه‌تى سوپاى پاسداران بووه‌
 

زەریف جارێکی تر ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆڵی ئەو لە سیاسەتی  دەرەوەدا "سیفر"ە و هیچ ڕۆڵێک نابینێت و گوتویەتی: "پێویستە سیاسەتی مەیدان لە ئاراستەی ستراتیژی وڵاتدا بێت، بەڵام تا ئێستا پێچەوانە بووە و ئەوە مەیدان بووە کە دیاری کردووە سیاسەتی وڵات چۆن بێت".

زەریف لەو فایلەدا دەشڵێت، "دوای ئەوەی ڕێککەتنی ئەتۆمی لە مانگی تەمووزی ٢٠١٥دا ئیمزا کرا تا مانگی شوباتی ٢٠١٦ کە دەبوایە ڕێککەوتنەکە بە کردەوە جێبەجێ بکرایە، لە ناوخۆی ئێراندا هەندێ هەوڵ دژی ئەو ڕێککەوتنە ئەنجام دران، بە گوتەی زەریف پەلاماردانی باڵوێزخانەی سعوودیە یەکێک بوو لەو هەوڵانە. 
بە گوێرەی قسەکانی زەریف هەر لەو ماوەیەدا قاسم سلێمانی وەک هەوڵێک بۆ دژایەتی لەگەڵ ڕێککەوتننە ئەتۆمییەکە سەفەرێکی بۆ مۆسکۆ ئەنجام دا.  
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە ئەو سەفەرەی سلێمانی لەسەر داوای ڕووسیا و بە بێ چاودێری وەزارەتی دەرەوە ئەنجام درا و بە مەبەستی "لە ناوبردنی دەستکەوتەکەی وەزارەتی دەرەوە" و لەسەر خواست و ئیرادەی ڕووسیا بوو.  

محەمەد جەواد زەریف وتیشی: "کاتێ مەیدان بەسەر دیپلۆماسی وڵاتدا زاڵ بێت، بەو جۆرە گەمەمان پێ دەکەن". 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕووسیا هەموو هەوڵی خۆی دا ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە ئەنجام نەگات و لەو بارەوە گوتویەتی، "سەرەڕای ئەوەی قاسم سلێمانی پێشتر داوای کردبوو بۆ مۆسکۆ سەفەر بکات و لەگەڵ ڤێلادیمیر پۆتین بە مەبەستی گفتوگۆ دەربارەی سوریا دیدار بکات، بەڵام مۆسکۆ کاتێ ئەو داواکارییەیان قبووڵ کرد کە بڕیار بوو ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەو هەفتەیەدا ئیمزا بکرێت".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی "ئێران ئێنتەر نەشنال" سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئێران ئاماژەی بە هەندێ سیاسەتی تری ڕووسیا کردووە بۆ ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەو چەند هەفتەی کۆتاییەدا کە بڕیار بووە ڕێککەوتنەکە ئیمزا بکرێت. 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەدا وێرای ئەوەی ئاماژەی بەوە کردووە ئاگاداری زۆربەی چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکەدا نییە، گوتویەتی "ئایا دەبێ جۆن کێری من لەوە ئاگادار بکاتەوە کە ئیسرائیل ٢٠٠ جار لە سووریا هێرشی کردووەتە سەرمان؟!".

زەریف ڕوو لە سەعید لەیلاز دەڵێت: "ئێوە دەزانن کە ئەمریکا پێش من هەواڵی هێرش بۆ سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی پێگەیشت؟".
وەزیری دەرەوەی ئێران هەر لەو بارەوە گوتویەتی، "سەرەڕای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق، پێشتر ئاگاداری هێرشی سوپای پاسداران بوو، بەڵام من دوو کاتژمێر دوای ئەنجامدانی هێرشەکە ئاگادار کرامەوە". 
زەریف وێرای ئاماژە کردن بەوەی کە ساڵی ٢٠١٨ ئاگاداری سەفەری بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، بۆ ئێران نەبووە و بەو هۆیەوە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بڵاوکردووەتەوە، گوتویەتی: "من و سلێمانی پێکەوە سەفەرەکەمان ڕێكخست، بەڵام کاتێ بەشاریان هێنا منیان ئاگادار نەکردەوە و لە تەلەڤزیۆن بینیم".

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکرانیا کە لە ٨ی شوباتی ٢٠٢٠، بە هۆی تەقەی سوپای پاسداران و هاوێشتنی دوو مووشەکی سیستەمی بەرگری کەوتەخوارەوە گوتویەتی، بەرپرسانی سەربازیی و ئاسایشی ئێران ئێوارەی چوارشەممە یان بەیانی پێنجشەممە ئاگاداری چۆنیەتی ئەو ڕووداوە بوون.

زەریف لەو فایلە دەنگییەدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدا کە سەرۆکی بنکەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری ڕێگاوبان تیایدا بەشدار بوون، داوای لەو بەرپرسانە کردووە ئەگەر ئەوان مووشەکیان تەقاندووە بەویش بڵێن بۆ ئەوەی "پاساوێکی" بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام بە توندی وەڵامیان داوەتەوە و ڕەتیان کردووەتەوە کە تەقەیان لەو فڕۆکە کردبێت.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران لە درێژەدا گوتویەتى، "جارێک لە کاتێ بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە هۆی جیاوازی بیروبۆچوون سووکایەتی بە سێرگی لاڤرۆڤ، نوێنەری ڕووسیا، کردووە".

زەریف لەو بارەوە دەڵێت: لە خولێکی گفتوگۆکاندا کاتێ لایەنەکان نەگەیشتینە ڕێککەوتن، لاڤرۆڤ بە منی گوت تۆ هیچ پلانێکت نییە، منیش لە وەڵامیدا گوتم: "ئەوە هیچ پەیوەندی بە تۆوە نییە". زەریف دەڵێت کاتێک ئەوەم گوت جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکاش لەوێ بوو.

هەروەها دەشڵێت: هەر ئەوە نەبوو، وشەیەکی "نەشیاو و نادیپلۆماتیک"یشیم بە لاڤرۆڤ گوت.
زەریف لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات ڕەفتاری ئەمریکا بە هاتنی جۆ بایدن نەگۆڕدراوە و لەو بارەوە دەڵێت: "زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار پارەی ئێمە لە دەرەوەی وڵات دەستی بەسەردا گیراوە و لەو ڕۆژەوە بەڕێز بایدن هاتووە هیچ گۆڕانکارییەکمان نەبینیوە".
هەروەها سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ئێران لە ئاستی جیهانیدا گوتی، "ئێمە چاوەڕوانین چین و ڕووسیا لە پاڵ ئێمەدا ڕووبەڕووی ئەمریکا ببنەوە، بەڵام چین پێی وایە پێشبڕکێی لەگەڵ ئەمریکا لە بواری تەکنۆلۆژیا و ژیوستراتیژیدایە". 
زەریف ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و ڕۆژئاوا لە قازانجی ڕووسیا نییە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەدا باسی ئەوەی کردووە کە خەڵکی ئێران "پاڵەوانپەره‌ست"ن و گوتی ئەگەر کەسێ بەڵێنی سەرکەوتن بدات، پەسەندی دەکەن. 
هەر لەو بارەوە دەڵێت: گەلی ئێران "پاڵەوانبوون لە ناوچە"دا هەڵدەبژێرن و گرنگی بە مەیدانی سەربازیی دەدەن تا ئەوەی سیاسەت و ئابووری بە گرنگ بزانن.

زەریف لە بەشێکی تردا سەبارەت بە پرسیارێک دەربارەی خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی داهاتوو دەڵێت: من [لە ناو خەڵک] خۆشەویستم بەڵام "ئەوەی کە خۆشەویستم ڕەوایی ئەوەم پێ نادات کە بتوانم وڵات ئیدارە بکەم". 
زەریف لە درێژەی دیمانەکەیدا سەبارەت بە نەیارانی ناوخۆیی حکومەت کە ڕێگری لە گفتوگۆکان دەکەن، گوتی،  "ئەوان تێناگەن، وا دەزانن شەش مانگی تر [ دوای هەڵبژاردنەکان] هەموو شتێک لەسەر جێگای خۆیەتی و دێن و کێشەکانی وڵات چارەسەر دەکەن".

 

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران: من سه‌ردانى به‌شار ئه‌سه‌دم بۆ ئێران رێكخست
كه‌چى خۆم له‌ ته‌له‌ڤزیۆن زانیم هاتووه‌ته‌ تاران
 



محەمەد جەواد زەریف لە درێژەدا، وێرای پشتیوانیکردن لە سیاسەتە "شۆڕشگێڕانە"کانی کۆماری ئیسلامیی جەختی کردووەتەوە، هێزی ئێران لە شۆڕشگێربوونیدایە. 
زەریف لە وەڵامی ڕەخنەکانی ناوخۆ سەبارەت بە هەلسوکەوتەکانی خۆی لە بەرانبەر وڵاتانی ڕۆژئاوادا دەڵێت: "من چەندین جار گوتومە بڕۆن لە سەید حەسەن نەسروڵا پرسیار بکەن بزانن من خزمەتگوزارم یان خایین".

زەریف لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمریکا گوتوویەتی کێشەکانی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ ئەمریکا هەرگیز چارەسەر نابن، بەڵام دەکرێت ململانێکان کۆنتڕۆڵ بکرێن. 
هەروەها گووتوویەتی مەحمود ئەحمەدینژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران و سەعید جەلیلی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکایان کردە پرسێکی ناچارەکی.

زەریف لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ڕەخنەی لە حەسەن ڕۆحانی چییە دەڵێت، "گەورەترین گلەیی من ئەوەیە کە ڕۆحانی زۆر لە سەرەوە دانیشتووە و مەودای زۆرە". زەریف دەشڵێت " ئامۆژگاری من بۆ سەرۆک کۆمار ئەوەیە "زیاتر گوێ بگرێت". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین