حكومەتی نوێی سووریا چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستان دەكات؟ وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەکردنی: سنوور یاسین

دوای ئەوەی ڕۆژی (8)ی کانوونی یەکەمی (2024) گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا کۆتاییان بە دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد ‌هێنا و حکومەتی سووریایان ڕووخاند. دواتر بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریر شام حکومەتێکی کاتی پێکهێندرا کە تاوەکو ئاداری ئەم ساڵ دەسەڵاتی ئەم حکومەتە کاتییە بەردەوام دەبێت. دواتر ئەحمەد شەرع، وەک فەرمانڕەوای دەسەڵاتداری حکومەتی کاتی سووریا دیاریکرا و چەندین وەزیری بۆ حکومەتە کاتییەکەی ئەم وڵاتە دەستنیشان کرد.

یەکێک لە وەزیرەکانی حکومەتی کاتی سووریا ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بوو کە رۆژی چوارشەممە، (22)ی کانوونی دووەمی (2025) بە زمانی کوردی پەیامێکی لەبارەی کوردەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کوردەکان لە لایەن رژێمی پێشووی سووریاوە مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵدا کراوە و بەیەکەوە لەگەڵیان وڵات بنیاتدەنێنەوە، لەگەڵ کوردەکان بەیەکەوە کاردەکەین بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتێک کە هەموان تێیدا هەست بە یەکسانی و دادپەروەری بکەن. 

وەزیری دەرەوەی سووریا گوتیشی، "کوردەکانی سووریا جوانی و ئازایەتی بۆ گەلی سووریا زیاد دەکەن، کۆمەڵگەی کوردی لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵدا کراوە".

لەلایەکی ترەوە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، "بۆچوونی حوکمڕانی ئەسەد دەوڵەتێکی ئەمنی بوو. کاری ئێمە گەشەسەندنی ئابوورییە، ئیدارەی نوێی سووریا ئامادەیە ئەو هێزانە لەگەڵ سوپادا تێكەڵ بكاتەوە كە توركیا پێی وایە هەڕەشەن و پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە هەیە، هەروەها بەڵێنمان داوە مافەكانی كورد لە دەستوور و حكوومەتی نوێدا بپارێزین".

ئامانجی دیمەشق ئەوەیە کۆمپانیا حکومییەکان تایبەت بکات، سزاکان کەم بکاتەوە, پلانیان هەیە بەندەر و کارگەکانی دەوڵەت بە تایبەتی بکەن، وەبەرهێنانی بیانی بانگهێشت بکەن و بازرگانی نێودەوڵەتی بەهێز بکەن لە چاکسازییەکی ئابووریدا کە بۆ کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ وەک دەوڵەتێکی پەراوێزخراو. ئامانجمانە هانی وەبەرهێنان بدەین بە تایبەتی لە فڕۆکەخانە، هێڵی شەمەندەفەر و ڕێگاوبان.

وەزیری دەرەوەی سووریا دووپاتی دەکاتەوە، "دەزانین ئاستەنگەکانی بەردەم حکومەت زۆر گەورەن و چارەسەرکردنیان چەندین ساڵ دەخایێنێت. لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ئابووری سووریا، ژێرخانی ئابووری سووریا بریتی دەبێت لە تیشک خستنە سەر بنیاتنانەوە بە تایبەت لە کارگەکانی نەوت، پەمۆ و کەلوپەل".

ڕۆژی (23)ـی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس کۆبووەوە.

ماڵپەڕی نوچە نێت بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و رەسەنی سووریان، دڵنیایی دەدەین مافەکانیان پارێزراو دەبێت".

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، دۆخی گشتیی سووریا، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە، دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا".

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە وەزیری دەرەوەی سووریا، "کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی، سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو".

وەزیری دەرەوەی سووریا، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی "هیوادارین کە لەئایندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین".

هەروەها سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە، "پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا".

لە كۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون، "لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پیکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین