د. ئاراس خۆشناو: سەرۆکى هەرێم پشت بە  میدیا

نوچەنێت:

لە دیمانەیەکى زاگرۆس عەرەبیە، لە (10-4-2021) د. ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی كوردستان و مامۆستای زانكۆ، دەڵێت، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە سەردانییەکەى بۆ بەغدا، ئەوە نیشاندا کە کور ژیانى دەوێ و هەرگیزیش ناگەڕێتەوە بۆ دواوە, هەروەها ئاماژەشى بەوەشکرد،  نێچیرڤان بارزانى لە ناوخۆ بۆتە پێگەی کۆکەرەوەی لایەنەکان سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونەکان، بۆ عێراقیش بەرگریکارێکی بەهێزی مافەکانی گەلی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەشێوازێکی دیپلۆماسی قبووڵکراو لەلایەن هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە. 

 

دەقى دیمانەى د. ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی كوردستان:

ــ چۆن دەڕوانیتە ئەم سەردانەی نێچێرڤان بارزانی لەنێوان پاریس، هەولێر و بەغدا؟

د. ئاراس خۆشناو: نێچیرڤان بارزانی وەکو کەسایەتی و وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەو سیاسەتوانە دێرینانەیە کە پشت دەبەستێت بە "دیپلۆماسیەتێکی پەسەندکراو لەلایەن هەمووان"ەوە و هێڵێکی ڕوونی مامەڵەکردنی هەیە، بۆیە لە کوردستانیش هەم خۆی و هەم دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوونەتە پێگەی کۆکەرەوەی لایەنەکان سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونەکان، ئەمە لەسەر ئاستی ناوخۆ، بۆ عێراقیش بەرگریکارێکی بەهێزی مافەکانی گەلی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەشێوازێکی دیپلۆماسی قبووڵکراو لەلایەن هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە سیاسەتوانە هەرە متمانەدارەکانە، ئەمەش هەر قسە نییە، بەڵکو کردارەکانیشی ئەمەیان سەلماندووە. بۆیە بەهۆی ئەم جیاکەرەوانەی وەکو کەسایەتی و وەکو سەرۆکی هەرێم، ئەم جۆرە سەردانانەی دەبینین و لە داهاتوش هی دیکەش دەبینین.

ــ ئەم سەردانەی هەولێر-پاریس-بەغدا دەبێتە گەیێنەری پەیامێکی نوێ؟

د. ئاراس خۆشناو: بێگومان وەکو دەزانین ئەو گرژیانەی ماوەکانی رابردوو لە عێراق، ئاراستەیەکی هەڵەیان گرتەبەر و هەڵە تێگەیشتنی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستکرد، هەروەک لەناو لایەنەکانی تریش ئەو هەڵەی لێکتێگەیشتنانە ڕوویانداوە، کە بە هەموویانەوە عێراقیان خستە پێگەیەکی نەخوازراو، ئێستاشی لەسەربێ، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە عێراق لە مەترسیدایە. بۆیە دەبێ چاوبخشێنرێتەوە بە هەڵەکاندا و ڕەوتی سیاسی عێراقی هاوڕێک بکرێت لەگەڵ ڕەوتی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا. 

ــ سەردانەکە دوابەدوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق هات، پێتوایە ئەمە کەشێکی ئەرێنی دەڕەخسێنێت بۆ مامەلەی نێوان بەغدا و هەولێر؟

د. ئاراس خۆشناو: بێگومان. کەشی ئێستا زۆر ئەرێنی ترە لە کەشی بەر لە پەسەندکردنی بودجە، یان بە تایبەت کەشی چوار پێنج مانگ لەمەوبەر و سەروبەندی پڕۆژە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، کە بەدەر لە بەشداریی کورد پەسەندکرا. بۆ پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ی عێراق، هەرێمی کوردستان هەموو جددیەتێکی پیشاندا و ئەوەی لەسەری بوو کردی بە پێشکەشکردنی هەموو زانیارییە پێویستەکان و ئامادەیی دەربڕین بۆ پابەندی. ئەوان وا شەقامی عێراقییان تێگەیاندبوو کە ئەو بودجەیەی دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان هۆکاری نشوستی ئابووریی عێراقە، بەڵام ئەو جددییەتە و ئەو بەرچاوڕونییانەی هەرێمی کوردستان خستنیەڕوو، پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی خستەڕوو. هەروەها پەسەندکردنی بودجە تەنیا پرۆسەیەکی دارایی و یاسایی ناو پەرلەمان نەبوو، وەکوو لەو هەموو سەردانانەی شاندی هەرێم بینیمان کە نزیکەی ٢٥ سەردانیان کرد بۆ بەغدا، کە لە پشتیانەوە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و سەرۆک مەسعود بارزانیش وەکوو سەرۆکی پارتی و وەکو بالاترین مەرجەعی کوردستان پەیوەندیگرتنی بەردەوامیان هەبوو بە لایەنە سیاسییەکانی بەغداوە. هەروەک دەبێ بڵێین بەهۆی ئەو هەموو رووداوە جۆراوجۆرەی ڕوویانداوە.

پەیامی نێچیرڤان بارزانی ئەوە بوو، کە ئەگەر ئاییندەیەکی باشترمان بۆ ئەم وڵاتە دەوێت، دەبێت بڕیارەکانمان عێراقی بن.

هەروەها ناڕوونییەک لە ناوجەکە هەیە سەبارەت بە ئاییندەی عێراق و ناوجەکەش بە گشتی، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیامێکیی هەبوو بۆ عێراقییەکان، کە لەوانەیە پەیامی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و فەرەنساش بێ، ئەویش ئەوە بوو ئەگەر دەمانەوێ نیشتیمان بونیات بنێین پێکەوە ئەوە ئێمە ئامادەین، بەڵام بێگومان دەبێ لەسەر بنچینەیەکی دروست و هەمیشەیی بونیاتی بنێین، وەکو ئەوەی پێشووتر لەسەری ڕێککەوتووین لە داڕشتنی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ دا. ئێمە وەکو کورد هەموو جار جەخت دەکەینەوە کە دەبێ هەموو بڕیارە گرنگ و جارەنووسسازەکان بە بەشداری ئێمە بدرێن، دەبێ هاوسەنگی و کۆدەنگی هەبێت لە بڕیارەکاندا، نەک بە زۆرینە و کەمینە، چونکە پێکهاتەی عێراق وەکوو پێکهاتەی دەوڵەتانی دیکە نییە. حکومەتەکانی پێشووی عێراق لەسەر ئەو سێ بنەما سەرەکییە (بەشداری و کۆدەنگی و هاوسەنگی) نەڕۆیشتوون.

ــ واتە دۆخێکی سەربازییان سەپاندووە؟

د. ئاراس خۆشناو: بەڵێ، یەکەم شت قەیرانیان دروستکردووە، دووەم شت دۆخێکی سەربازییان خولقاندووە، وەکو ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە وەکو لاپەڕەیەکی ڕەش دەمێنێتەوە لە مێژووی نوێی عێراقدا، کە ئەگەر قارەمانیی پێشمەرگە نەبوایە دۆخێکی دیکەی دروستدەکرد، هەروەها دانایی سیاسی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و سەرکردایەتیی کوردستان ئاراستەیەکی دیکەیان دا بە رووداوەکە. پەیامی هەرێم ئەوە بوو کە بڕیاری عێراقی دەبێت لەناو ماڵی عێراقدا بێت، نەک ئەجێندای دەرەوە بهێنرێت و جێبەجێ بکرێت، هەروەها دەوڵەتی دامەزراوە بونیات بنرێت نەک دەسەڵاتی میلیشیا. 

ــ یەکێک لەو کەسانەی لە بەغدا سەردانی نێچیرڤان بارزانی کرد، کەسێک بوو کە پێشتر سەرۆکوەزیران بووە و لە سەردەمی ئەودا زمانی هیز لە بری گفتوگۆ بەکارهات لە مامەلەکردن لەگەڵ ناوچەکانی ماددی ١٤٠؟

د. ئاراس خۆشناو: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەوەی پیشاندا کە ئێمە گەلێکین جددی و ڕک و ڕەوانین و ژیانمان دەوێ، ڕاستە ئەوەی لە ڕابردوو روویدا لەبیری هەرگیز ناکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناگەڕێینەوە بۆ دواوە، بەڵکو هەوڵی بونیاتنانی سبەینێیەکی باشتر دەدەین، هەروها ئێمە ئەگەر بمانەوێ پێکەوەژیان بەرپابکەین، ئەوە دەبێ بزانین ئەوانە لە عێراقدان و دەبێت واقیعیش بین لە مامەڵەماندا، ئەمە ئەو هێلە ڕونەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەری دەڕۆن. هەروەها ئەوەش بزانن ئەوەی لەکاتی دیدارەکاندا لێیان دەبینین، هەمان ئەو شتە نییە کە لە شەقام هەیە و وا دەزانن هەردوولا لە قەیراندان و ئەمەش وەکو هەڵمەتی هەڵبژاردن و جوولاندنی سەقامە، وەکووتر لە دیدارەکاندا بەوجۆرە نین. 

ــ ئایا ئەو سیاسەتوانانەی عێراق ئەجێندای ولاتان جێبەجێدەکەن یان جەماوەر فشاریان لیدەکات وا هەڵسوکەوت بکەن؟

د. ئاراس خۆشناو: نەک من، شرۆڤەکارانی سیاسی و زۆر لای تریش دەڵێن ئەوە ئەجێندای ولاتانی دیکەیە جێبەجێی دەکەن نەک خەڵک داوای ئەوە بکات.

ــ ئایا ئەم سەردنە دەتوانێت ئەو فشارانە تێبپەڕێنێت کە لە دەرەوە دەکریتە سەر لایەنە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی قەیران لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؟

د. ئاراس خۆشناو: پەیامی نێچیرڤان بارزانی ئەوە بوو کە ئەگەر ئاییندەیەکی باشترمان بۆ ئەم وڵاتە دەوێت، دەبێت بڕیارەکانمان عێراقی بن. بنەمای پێکەوەژیان لە عێراق دەبێ دەستووری عێراق بێت، کە بەڵگەنامەیەکی فەرمیی نێوانمانە، هەروەها دەبێت کە بڕیار دەدەین بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق بێت بە هەموو پێکهاتەکانیەوە. خۆ ئەگەر رەوتی سیاسی عێراق هاوشیوەی رووانگەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بڕۆیشتنایە، ئەوە عێراق ئەوەی ئێستای بەسەرنەدەهات. لە عێراق لە ٢٠٠٣ وە تاوەکو ئێستا تریلیۆنێک و ٤٠٠ ملیار دۆلاری لێ دزراوە! ئەم بڕە پارەیە بەس بوو بۆ بونیاتنانی دە وڵەتی وەکوو عێراق! بەڵام ئەوە واقیعی دۆخی عێراقە کە دەیبینین، لەڕووی ئابوورییەوە لە خراپترینەکانی جیهانە، لەڕووی سیاسییەوە سەر بە هیچ هێڵێکی سیاسیی ڕون نییە، لەڕووی ئاساییشەوە هەر لە خراپترینەکانە! ئینجا گرفتی هەژاری و بێکاری و هی دیکەش. 

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی هەبوو بۆ عێراقییەکان، کە لەوانەیە پەیامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فەرەنساش بێ، ئەویش ئەوە بوو ئەگەر دەمانەوێ پێکەوە نیشتیمان بونیاد بنێین، ئەوە ئێمە ئامادەین.

هۆکاری بەشێک لەمەش ئەو سیاسییانەن کە ئەجێندای وڵاتان جێبەجێدەکەن، ئەمانە بڕوایان بە بنەمای فیدراڵیزم نییە کە عێراقی لەسەر بنیاتنراوە. بەڵام هەڵویستی کورد و بە تایبەت سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوە بووە کە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت پێکەوە لەم وڵاتەدا بژین، دەبێ لەسەر بنەما بێت، ئەویش هاوبەشی نەک میوانبوونی بەشێك، کۆدەنگی لە بڕیار، هاوسەنگی لە دابەشکردنی سامان، بەڵام ئەوان بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەم بنەمایانەیان جێبەجێنەکردووە لە ماوەکانی ڕابردوو. بۆ نموونە ماوەی پێشوو گەلی هەرێمی کوردستانیان سەرقاڵکردبوو بە بابەتی داراییەوە، لە ڕیگەی برسیکردنی گەلی کوردستان، ئەوەیان کردبووە کارتی فشار تاوەکوو بابەتە بنچینەییەکانمان لەبیر ببەنەوە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی باسی جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری لەگەڵ کردن، بە تایبەت بابەتی ماددەی ١٤٠ و پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوەتا هەر لەم دواییە ڕێککەوتنی شنگال کراوە، کەچی جێبەجێ نەکراوە، دوای جێبەجێکردنی ئەمە دەبوو نۆرەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی دیکە بێت، ئەمە خواستی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بوو، بلاسخارتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ڕوونی ئەمەی وت، لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دووپاتی کردەوە.

ــ کازمی دەڵێت ئێستا قۆناغی زێڕینی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، چۆن ئەمە دەڵێت کە چەندین دۆسیەی هەڵواسراو ماون؟

د. ئاراس خۆشناو: وەکو خودی بەڕێز کازمی، منیش هاوڕام، بەڵام بۆ هەندێکی دیکە، نا! بەڕێز کازمیش سەرەڕای نیازپاکییەکەی، لێمان نەبینی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، واتە بەو جۆرەش نەبوو کە ئێمە خوازیارین وابێت و ئێمەش بڵێین پەیوەندییەکانمان ئاڵتوونین! وەکو تاک و وەکو سەرۆکی حکومەتیش هەوڵیدا، بەڵام هەر نەنێردرا.

ــ وتی سەردانی هەولێر دەکەم؟!

د. ئاراس خۆشناو: هەرکات دێت بەخێربێت! خۆ پێشتریش کاتێک پۆستی سەرۆکی حکومەتی وەرگرت سەردانی هەولێر و سلێمانی و ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستانی کردووە. وەکو لە سعودیەش باسیکرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێزان سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم، پەیوەندیی دۆستانەن و باشن، نابێ ئەوە لەبیربکەین کە کازمی لەو کەسانەیە کە لە هەرێمی کوردستان ژیاوە، لەگەڵ پێشمەرگەدا بووە و لەگەڵیان ژیاوە و ئەو مێژووەی هەیە، هەرچەند ئەوانی پێشووتریش لە سەرەتاوە بەمجۆرە بوون، بەڵام بەداخەوە بەشێکیان ئێمە چاوەڕوانیی زیاترمان لێیان هەبوو (لەوەی ئەنجامیان دا)، کەچی کە دەسەڵاتیان پەیداکرد، گۆڕان! لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئێمە ئومێدەوارین پەیوەندییەکانمان ئاڵتوونی بن، بەڵام ئەمە هەمیشەیی بێت، نەک هەموو ساڵێک بگەڕێینەوە بۆ گرفتی دەستوور و بەشەبودجە و ماددەی ١٤٠، پەیامی نێچیرڤان بارزانیش ئەوە بوو کە ئەگەر دەمانەوێت عێراق لە شێوان دووربخەینەوە، ئەوە دەبێت لەسەر بنەما دەستوورییەکان بڕۆین و بەپێی سیستمی دامەزراوەیی هەنگاوبنێێن و دووربکەوینەوە لە دەوڵەتی میلیشیا و گرووپە نایاساییەکان، لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداشدا دەستوور بنەمای کار بێت و لەوێوە دەست بە پرۆسەی سیاسی بکەین، هەر لە ئاساییکردنەوەی دۆخ تاوەکوو سەرژمێری و دواتریش ڕیفراندۆم لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠.

س: زاگرۆس عەرەبیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە