سەرۆكی هەرێمی كوردستان: بڕیاری چەكدانانی پارتی كرێكاران بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانین کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا دەڵێت، "پێشوازی لە بڕیاری PKK بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چه‌کدانان و به‌پیره‌وه‌چوونی بانگه‌وازی به‌ڕێز ئۆجالان دەکەین و بە هەنگاوێکی چارەنووسسازى دەزانین."

ئەمرۆ دووشەممە (12/ ئایار/ 2025) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە، تێیدا پێشوازی لە بڕیاری چەكدانانی پارتی كرێكاران دەكات، بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانێت.

دەقی پەیامی سەرۆكی هەرێم

پێشوازی لە بڕیاری PKK بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چه‌کدانان و به‌پیره‌وه‌چوونی بانگه‌وازی به‌ڕێز ئۆجالان دەکەین و بە هەنگاوێکی چارەنووسسازى دەزانین کە لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە نیشانه‌ى پێگەیشتنی سیاسییه‌ و ڕێگە بۆ دیالۆگێکی ڕاستەقینە دەکاتەوە کە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە تورکیا و سەرتاسەری ناوچەکە بەهێز دەکات.

ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه‌ و هه‌مووان چاویان له‌وه‌یه‌ ئەم هەنگاوە گرنگه‌ بە هەنگاوی دیكه‌ى ئەرێنی و پێویست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵام بدرێتەوە. ئه‌مه‌ زەمینەیەکی دروست و گونجاو ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ و ده‌بێته‌ بنەمای ئاشتییەکی هەمیشەیی و گشتگیر کە کۆتایی بە دەیان ساڵ له‌ توندوتیژی و ئازار و مه‌ینه‌تى دەهێنێت و ناوچەکە بەرەو ئاسۆی نوێی پێشکەوتن دەبات.

وێڕای ستایش و پێزانین بۆ ڕۆڵی سه‌رۆک ئه‌ردۆغان له‌ پشتگیریکردن و هه‌وڵه‌کانی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌که‌، دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هەرێمی کوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ پشتگیریی هه‌موو هەوڵێك‌ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەکات و هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە. هه‌روه‌ها ئامادەییی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ به‌رده‌وامی له‌ پێشکەشکردنی هه‌ر جۆرە یارمه‌تى و هاوكارییه‌ك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویییە.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٥/١٢

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین