ئەکپارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی چەند یاسایەک ئامادە دەکات شیکاری

نوچەنێت

وەرگێرانى: دنیا ئەحمەد

لەدوای بڕیاری چەکدانانی پەکەکە، بۆ رەخساندن و پێداچوونەوە بە هەندێک یاسای دەستووری تورکیا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا کۆمسیۆنێک دامەزرا و دەست بەکارەکان کراوە، پارتی دەسەڵاتیش بەچڕی دەستیکردووە بە کارکردن  بۆ پێشنیازەکانی پێداچوونەوە بەهەندێک یاسا.

لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی داد و ئەکپارتی، دەیانەوێت لەیەک یاسادا گەرانەوەی ئەندامانی پەکەکە و تێکەڵبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگا و ئاسانکاری و هاوکاری ئەندامانی ئەم رێکخراوە رێک بخەن. ئامانجی سەرەکی یاساکە، دامەزراندنی بنەماکانی یاسایە بۆ باسکردنی "چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە" کە خۆیان بڕیاریان لەسەرداوە.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی سێیەمی پرۆسەی هاوپشتی و برایەتی و دیموکراسی نیشتیمانی لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە ئیی پارتی بەشداری کۆمسیۆنی نەکرد، هەربۆیەش سێ لە ئەندامانی جەهەپە و دەم پارتی و ئەکپارتی شوێنی ئەندامانی ئیی پارتی دەگرنەوە.

پارتە سیاسیەکانی تورکیا پێشنیاری خۆیان لە کۆبوونەوەکە پێشکەش دەکەن

کۆبوونەوەی پێشوو هەینی رابردوو بەڕێوەچوو، هەریەک لە سەرۆکی میت و وەزیری بەرگریی و وەزیری ناوخۆی تورکیا بەشداربوون. کۆبوونەوەکە بەنهێنی و دوور لەچاوی کامێرە بەڕێوەچوو. 

کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پەخش دەکرێت، پارتە سیاسیەکان بانگهێشتی کۆبوونەوەکە دەکرێت و پێشنیار و بۆچوونی ئەندامان وەردەگیرێت سەبارەت بەهەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە.

هەروەها لەم کۆبووونەوە، چاوەروان دەکرێت بڕیاربدرێت لەبارەی ئایا ئەو شارانەی کە دانیشتوانی کوردی تێدا زۆرە کۆبوونەوەکان سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری ئاشتی بۆ پرسی کورد بەرێوەدەچێت یاخود نا بەتایبەت لە پاریزگاکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، وە بۆچوونی لایەنەکان لەو بارەیەوە وەردەگیرێت. 

پێشنیازی لایەنەکان وەردەگیرێت بۆ داهاتووی پرۆسەکە سەبارەت بە یاسادانان 

ئاشکرایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە رایگەیاندووە کە دەیەوێت چاوی بە ئەندامانی کۆمسیۆن بکەوێت و بەیەکەوە کۆببنەوە. بەڵام جەهەپە ئەم داوایە بە گەرمی سەیر ناکات.

سەبارەت بەو بابەتەش چاوەروان دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی کۆمسیۆن گفتوگۆی چڕی لەسەر بکات، بڕیارە کۆمسیۆن تاوەکو کۆتایی مانگی کانووی دووەم بەردەوام بێت لە کارکردن و ماوەکەش درێژبکەنەوە، هەروەها لەدوای وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەکان و دامەزراوە سیاسیەکان پرسی گۆرینی چەند یاسایەک پەیوەست بە پرۆسەکە دەستپێدەکرێت.

دەسەڵات یاسایەکی تایبەتی ئامادەکردووە

دەسەڵات کە بەرێوەبەری پرۆسەکەیە، لەلایەک لە رێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەتایبەت وەزارەتی بەرگریی و میت و ناوخۆ چاودێری پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکات. لەلایەکی دیکە بە جدیی کار لەسەر دامەزراندن و پێسنیارێکی یاسایی بۆ "ژێرخانی یاسای" پرۆسەکە دادەمەزرێنێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی (بی بی سی) کەوتووە، ئەکپارتی لە داهاتوودا سەبارەت بە پرۆسەی بەردەوامی کۆمسیۆن یاسایەکی " سەربەخۆ" و تابیەتی ئامادەکردووە و پێشکەشی لایەنەکانی دەکات.

بەدڵنیاییەوە لە یاسای سزای تورکیا، کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بگرە رێکخستەوەی یاساکانی سەبارەت بە تاوانە تیرۆرستیەکان و لە سێدارەدان و چەند برگەیەکی لەو شێوەیە بەتایبەت "چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە" ناکرێت گۆرانکاری و دەستکاری تێدا بکرێت.

سەرچاوەیەک لە پارتی دەسەڵات ئاماژەی بەوە کردووە، دەتوانرێت لە رێگەی دامەزراندنی "یاسای تایبەت" لەسەر ئەم پرگانە گۆرانکاری بکرێت و ئاسانکاری و پێداچوونەوە بۆ یاساکان بکرێت. 

ئەو یاسا تایبەتە و سەربەخۆیە ئامادەدەکرێت، دەرفەتێک و رێگە خۆشکەرێک دەبێت بۆ رێسا گشتیەکان و دەبێتە بنەمایەکی یاسایش بۆ رێکخراوی پەکەکە کە خۆیان چەکەکانیان داناوەو کۆتاییان بەخەباتی چەکداری هێنا.

چەکدانان هەموو گروپ و رێکخراوەکانی پەکەکە دەگرێتەوە

بەرپرسانی ئەکپارتی، بە بیانوی ئەوەی لە ماددەی (10)ـی دەستور ناکرێت یاسایەکی تایبەت دەربکرێت بۆ تاکە کەسێک یان دامەزراوەیەک بۆ ئەوەی پێشێلی دەستوور نەکەن، لەرێگەی داواکاری ئەوەی چەکدانان هەموو رێکخراو دامەزراوەکانی پەکەکە دەگرێتەوە و دوور لە پێشێلکردنی بنەماکانی دەستور پێشنیاری یاسای تایبەت بۆ بریاری چەکدانان وخۆهەڵوەشاندنەوە کە لەلایەن پەکەکەوە راگەیاندراوە دەرناکرێت. بەڵکو بە پاساوی یاسای گشتی کە داوای چەکدانانی هەموو دریژکراوەکانی رێکخراوەکە دەکەن بەو رێگەوە یاساکە دەردەکەن. 

لە کاتێکدا پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەتایبەت دەم پارتی داوای گۆرینی یاسای سزاکانی تورکیا و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لە سێدارەدان دەکەن. بەڵام ئەکپارتی دەڵێت ناتوانین بەبێ گۆرینی دەستوور هیچ گۆرانکارییەک لە یاساکان بکرێت بەتایبەت بەرەنگاربوونەوەی گوڵەن. ئەوەی لەبەردەستدایە تەنیا دەرکردنی یاسایەکی تایبەتە بۆ پرۆسەکە، تورکیاش دەیەوێت هاوشێوەی وڵاتانی دیکە کە هەمان کێشەی چارەسەری پرۆسەی ئاشتییان هەیە لەرێگەی دەرکردنی یاسای تایبەت کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

یاساکەی ئەکپارتی رێگە خۆشکەردەبێت بۆ ئازادکردنی سیاسەتمەدارە دەستگیرکراوەکان

ئەندامانی پەکەکە لە پرۆژە یاساکەی ئەکپارتی ئامادەی کردووە سوودمەند دەبن، بۆ نموونە ئەو ئەندامانەی بە بیانووی هاوکاریکردنی پەکەکە دادگایکراون ئازاد دەکرێن. هەروەها هەر کاتێک حکومەت بەفەرمی بانگەوازی ئەوەی کرد پەکەکە بەتەواوی کۆتایی هاتووە ئەو کات سزای دادگایی ئەندامانی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان رادەگیرێت و ئازاد دەکرێن.

جگەلەمەش، لە چوارچێوەی یاسا تایبەتەکەی ئەکپارتی هەر ئەندامێکی پەکەکە کە لەئێستادا لە زیندانن ئەگەر تاوانی کوشتن یان هاندان بۆ کوشتن یاخود بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن بەچەکیان هەبێت بەگوێرەی یاسای سزای تورکیا دادگای دەکرێن. بەڵام بەتاوانی قورس سزانادرێن.

دەم پارتیش چاوەروان دەکات، لە چوارچێوەی دەرکردنی ئەو یاسایە زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی پێشووی هەدەپە ئازاد بکرێن بەتایبەت سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە بەتاوانی هاندان و هاوکاریکردنی رێکخراوی پەکەک لە زیندانە.

سەرچاوەکانی ئەکپارتی ئاشکراشیان کردووە، پێداچوونەوە بە برگە یاساکان دەکرێت بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە دەگەرێنەوە تورکیا، هەروەها پاڵپشتی ئەندامانی رێکخراوەکە دەکرێت لە ڕووی دەرونی و پەروەردەیی و راهێنانی پیشەییان پێشکەش دەکرێت. 

سەرچاوە: ماڵپەڕی بی بی سی 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین