مه‌سعود ئه‌نوه‌ر: له‌ 32 بڕگه‌ى یاساى كه‌مئه‌ندامان حكومه‌ت یه‌ك بڕگه‌ى جێبه‌جێ كردووه‌ دیمانە

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

مه‌سعود ئه‌نوه‌ر سەرۆکی کۆمەڵەی ژین بۆ پەککەوتوانی دەست و پێ، له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى "نوچه‌نێت" باسى له‌ كێشه‌ى خاوه‌ن پێداویسته‌ تایبه‌ته‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، له‌ 32 به‌ند و بڕگه‌ى یاساى كه‌مئه‌ندام حكومه‌ت ته‌نیا یه‌ك بڕگه‌ى جێبه‌جێ كردووه‌.

گلەییەکی زۆر هەیە لەلایەن خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دەڵێن، حکومەت هیچی بۆ نەکردووین؟ بەڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی گشتی هەرێم چاوەڕێ دەکەن حکومەت چیتان بۆ بکات؟

مه‌سعود ئه‌نوه‌ر: بەڵێ حکومەت بەرامبەر بە توێژی کەمئەندامان هیچ ئەرکێکی جێبەجێ نەکردووە، بەرامبەر بە ژیانی کۆمەڵگاش هیچی جێبەجێ نەکردووە. ئەگەر حکومەت ئاوڕى لە کەمئەندامان داباوە بیویستبا ژیانی کۆمەڵگا فەراهەم بکات و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکات، دەبووایە لەدوای دەرچوون و لەدوای پەسندکردنی یاسای تایبەت بە کەمئەندامن كارى بكردبووایه‌. كه‌ لە ساڵی ٢٠١١ ده‌رچووه‌، كه‌چى تاکو ئێستا لەو ٣٢ بەند وبڕگەی کە لێى پێکهاتووە، یەک خاڵی لێ جێبەجێ نەکراوە ئەوە نەبێت تەنیا یەك بڕگە ئەویش١٥٠ هەزارەکەیە. ئەوە دەکاتە هاوکارییەك بەس بۆ ئەوەی چاوی کەمئەندامان پێى بنوقێنێ، یاخود حکومەت بانگەشەیەك لەسەر ئاستی جیهاندا بۆ خۆی بێنێتەکایەوە بڵێت من هاوکاری کەسانی کەمئەندامانم کردووە.

داوا له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌كه‌ین 
به‌ڵێنى خۆى بۆ كه‌مئه‌ندامان جێبه‌جێ بكات
 

 

ئەمرۆ لە دانیشتنێكى پەرلەمان باسی کێشەی کەمئەندامان کرا، بە بڕوای ئێوە پەرلەمان چی پێ دەکرێت ؟

مه‌سعود ئه‌نوه‌ر: ئەمڕۆ باس نەکراوە لە ٢٠١١ ئەم یاسایە خوێندنەوەی بۆ کراوە، هەموو ئەو بەند وبڕگانە هیچی لێ جێبەجێنەکراوە. ئەمڕۆکە دوای 10 ساڵ کۆمەڵێك رێکخراو توێژی کەمئەندامان چەندین سەرنج و تێبینیان بە شێوازی جۆراو خۆر دەگەیاندە کەناڵەکانی راگەیاندن، بە تایبەت بۆ حکومەتی هەرێم بە چەندین یاداشت و رێپێوان پەیامەکانیان بگات بە حکومەتی هەرێم بەڵام بێ ئه‌نجام بوو. 
دوای هەموارکردنەوەی ئەو بەند و بڕگانە هەمان بڕگە و خاڵەکانی پێشووتر بوون. ئەوانەی کە ئێمە تێبینیمان لەسەر بوو ئەوە بوو کە باج لەسەر کەمئەندامان نەمینێت. واتا خەڵکانێك هەن کە ئۆتۆمبێڵ دێنن یاخود خانوو دەکڕن مامەڵەی جۆراوجۆر دەکەن بە پێى راپۆرتی پزیشکی کەمئەندامن باجیان لەسەر نەمێنێت. بەڵام ئەو بڕگەیە نەخرا ناو ئەو هەموارەوه‌. دواتر ئێمە وەکو کۆمەڵە و رێکخراو خودی خۆم وەکو سەرۆکی کۆمەڵەی ژین چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردە لەگەڵ وەزارەتەکانی تری پەیوەند بە کێشەی کەمئەندامان هەیە داوامان کردووە ئەو بڕە هاوکارییەی کەوا دیاری کراوە بە یاسا رێکبخرێتەوە بکرێتە یاسا.

له‌ 7% كه‌مئه‌ندامان به‌ هۆى رووداوى هاتوچۆیه‌
 


واتا کاتێك فەرمانبەرێك دادەمەزرێت بەچ شێوازێکە چۆن بەند و بڕگەکانی لەسەر جێبەجێ دەکرێت بەهەمان شێوە بۆ کەمئەندامان ئەو بڕە هاوکاریەیان بۆ بکرێتە مووچەیەکی یاسایی نەك هەروا بڕەکەی دیاری بکرێت و بە کۆتا بێت.
ئەوەشیان نەکرد. ئێـمە سوپاسی پەرلەمانتاران دەکەین بەشێکیان بە ڕاستی خەمخۆرن وەکو پێویست پشتگیریمان دەکەن، ئەو ژماره‌ کەمەى ئه‌وان وا ده‌كات ئێمە دڵخۆش بین. لەم چەند رۆژە لە رێگەی کەناڵەکانەوە بەرێز گوتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیه‌کی رۆژنامەوانیدا باسی ئەوەی کرد کە گوایە ئەم یاسایەکە تایبەتە بە کەسانی کەمئەندام هەموو وەزیرەکان دەنگیان پێداوه‌ و پەسندیان کردووە، بەڵام دوای ئەوەی کە خوێندمانەوە ئەو بەند و بڕگەی لەخۆ نەگرتبوو.

عومەر گوڵپی پەرلەمانتار، ئەمرۆ لە لێدوانێکدا گووتویەتی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت لە مووچەی گشتی جیا بکەنەوە، ئەم پێشنیارەتان پێ چۆنە؟  

مه‌سعود ئه‌نوه‌ر: ئەوە یەکێکە لە داخوازیەکانە کە هەر ئەو بڕە نەبێت کە دیاری کراوە.

ئاماری هاتووچۆکان دەریدەخەن ژمارەی خاوەن پێداویستی تایبەت بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە زۆر بووە، ئایا ئامارێکتان لایە ؟

مه‌سعود ئه‌نوه‌ر: بەڵێ ئامارمان هەیە! بەڵام لە ئێستادا ژمارەیەکی تەواو ناتوانم بدەم، بەڵام لەو ساڵانەی داهاتوودا رێژەی کەمئەندامان بەهۆی رووداوی هاتووچۆەوە بەرەو هەڵکشاندایە دەتوانین بڵێن بە کۆی گشتی ئەو کەمئەندامانە بە رێژەى نزیکەی لە ٥-٧٪ ئەو رێژەیە بە رووداوی هاتووچۆیە، بەشێکی تریش لەوانە کە لە رابردوودا بە هۆکاری شەڕەکانەوە بوونە شەڕی ئێران و عێراق یاخود شەڕی ناوخۆ بووە، چەندین رووداوی نەخوازراو بووەتە هۆکاری.

دەگوترێ دووبەرەکی حزبایەتی لە نێو کۆمەڵەکانی کەم ئەندامیش هەیە؟

مه‌سعود ئه‌نوه‌ر: نەك لەنێو کەمئەندامان بەڵکو ئەو جۆرە ڤایرۆسە لە هەموو شوێنێکدا هەیە ئەوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە، بۆیە ئەمڕۆکە رێکخراوەکانی کەمئەندامیش لەخۆ دەگرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە کەمئەندامی سەنگەرەکانی ناوخۆیانن ئەو رەنگدانەوەی پێوە دیارە. 
دوا وته‌ت چییه‌؟
مه‌سعود ئه‌نوه‌ر:  داوا دەکەم لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم کاتی خۆی لە سوێندخواردنی یاسای لە کابینەی نۆدا یەك لە بەڵێنەکانی ئەوە بوو کابینەی ئەم جارە تایبەت بێت بە خۆشگوزەرانی کەمئەندامان، من بەبیری دەهێنمەوە بۆچی ئەم بەڵێنەی جێبەجێ نەکرد؟ 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین