وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان دوو ساڵ دواخستووە ئێران

نوچە نێت

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێرشەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتەی دوو ساڵ دوا خستووە.

ڕۆژی پێنجشەممە (سێی تەمموز/2025) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، شان پارنێل، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا  لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییدا ڕاگەیاند، بە گوێرەی لێکدانەوە هەواڵگرییەکانی وەزارەتی بەرگری "ئێمە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان لە نێوان یەک بۆ دوو ساڵ دوا خستووە".

لە کاتێکدا کە هێشتا لێکدانەوەکان سەبارەت بە ڕادەی کاریگەریی هێرشەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر هەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بەردەوامە، گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت: "ئەم سێ دامەزراوەیە بە تەواوی لەناوچوون."

لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن، ئەم بنکە ئەتۆمییانە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە بەڵام بەخێرایی زیانەکان قەرەبوو دەکەنەوە و چالاکییە ئەتۆمییەکانیان لە زووترین کات دەست پێ دەکەن.

بە گوێرەی ماڵپەڕی (نوچە نێت) سەرەتای ئەم هەفتەیە رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندبوو، "بە دڵنیاییەوە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی لەناو نەچووە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکاوە".

گرۆسی دووپاتی کردەوە، "توانای پیشەسازی و تەکنەلۆجیای ئێران یارمەتیدەرە بۆیە ئەگەر بیانەوێت دەتوانن جارێکی تر دەست بە ئەم هەنگاوە بکەنەوە، لەوانەیە لە ماوەی چەند مانگێک بتوانن دەست بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراو بکەنەوە".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین