حیزبوڵڵای لوبنانی: ئامادە نین خۆمان بەدەستەوە بدەین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

ئەمینداری حیزبوڵڵا ڕایگەیاند، "بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل خۆمان بە دەستەوە نادەین و چەک دانانێین"، چاوەڕوان دەکرێت ئەم بابەتە پرسی سەرەکی سەردانی نوێنەری ئەمەریکا بێت بۆ بەیروت.

ڕۆژی یەکشەممە (شەشی تەمموز/2025) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بلاویکردەوە، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند، "هەرچەند فشاری زیاترمان بخرێتە سەر لەلایەن ئیسرائیلەوە، تاوەکو ئیسرائیل لە باشووری لوبنان نەکشێتەوە، چەک دانانێین".

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا ئەم وتانەی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بڵاوکردەوە لە کاتێکدا هەزاران کەس بۆ یادکردنەوەی عاشورا ئامادەبوون. 

نەعیم دووپاتی دەکاتەوە، "چۆن دەتوانین وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بدەینەوە ئەگەر چەک و مووشەکمان نەبێت؟ کێ ڕێگری لە ئیسرائیل دەکات لە داگیرکردنی گوندەکان؟ کوشتنی گەنجان و ژنان و منداڵانی بێتاوان ئەگەر بەرگرییەک نەبێت؟

لە لایەکی ترەوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی پێنج خاڵی سنووری ستراتیجی لە باشووری لوبنان و ڕۆژانە هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات، لەبەر ئەوە ئەمینداری گشتیی حیزبوڵلا دەڵێت، "ئێمە بەرگری دەکەین چونکە دوژمن بەردەوامە لە داگیرکاری و هێرشەکانی، ئێمە ڕازی نابین بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل".

بە گوێرەی سەرچاوەکان ڕۆژی دووشەممە (2025-7-7) تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا لە سووریا سەردانی بەیروت دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانێکی پێشنیارکراو بۆ داماڵینی چەک لەلایەن حیزبوڵڵا و دەرکردنی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی باشووری لوبنان.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین