10وڵات كارەساتی شنگال وەك جینۆساید دەناسێنن کوردستانی

نوچە نێت

لە ساڵی (2014)، داعش لە هێرشێکدا بۆ سەر کوردانی ئێزیدی لە شنگال کۆمەڵکوژی ئەنجامدا و هەزاران کەسیشی رفاند، لەدوای ئەو كارەساتەش ژمارەیەک لە حکومەت و پەرلەمانی وڵاتانی جیهان وەکو جینۆساید، دانیان بە تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدیدا ناوە و سەرکۆنەیان کرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە (سێی ئاب/2025) ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكانە، كە (11) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانەكانی شنگال، كە لەلایەن  داعشەوە کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ كران و هەزاران كچ و كوڕ و منداڵی ئێزیدی ڕفێندران.

لەدوای ئەم هێرشە زۆرێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، حکومەت و پەرلەمانی وڵاتانی جیهان وەکو جینۆساید، دانیان بە تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدیدا ناوە.

هەروەها لە (19)ـی ئاداری (2015)، نووسینگەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا تاوانەکانی داعشی لە دژی کوردانی ئێزدی، بە جینۆساید ناساند. 

لە (10)ـی ئایاری (2021)، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کردەوەکانی داعش لە عێراق بە جینۆساید هەژماردەکرێن. 

لە (27)ـی کانوونی دووەمی (2016)، ئەنجوومەنی ئەورووپا، کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی و سەروەریی یاسایە، (46) ئەندامی هەیە و لە ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا جیایە؛ دانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دانا.

پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە (4)ـی شوباتی (2016) بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی. 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە (14)ـی ئاداری (2016) بە کۆی دەنگ، تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، کرستیانەکان، شیعە و پێکهاتەکانی دیکەی بە جینۆساید دانان. 

هەروەها چەندین وڵاتیش وەکو جینۆساید دانی بە تاوانەکانی داعش بۆ سەر شنگال و کۆمەڵکوژی لە دژی کوردانی ئێزدی  داناوە، لە مانەش هەریەک لە بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەرمینیا، عێراق، بەلیجکا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا و سویسرا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین