دوایین بەربەستەكانی بەردەم پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان
ئا: ئەحمەد زرار
بەڕێوەبردن و بەرهەمێهێنانی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە دوای نووسینەوە و پەسەندکردنی دەستووری عێراقی فیدرال ناکۆکی تێکەوت، چونکە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی مادەی (111، 112) لە دەستووری عێراق بە مافی خۆی دەزانێت مامەڵە بە سامانی سروشتی خۆیەوە بکات، وەک لە مادەی (111) هاتووە، کە "نەوت و غاز موڵکی سەرجەم خەڵکی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاكاندا." هەروەها لە مادەی (112)دا هاتووە کە "حكومەتى فيدرالى لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان نەوت و غازى بەرهەمهێنراوى کێڵگەکانی ئێستا بەڕێوە دەبات بە مەرجێك داهاتەكانيان بە شێوەيەكى دادپەروەرى و بە گوێرەى دابەشبوونى دانيشتوان لە سەرجەم پارچەكانى وڵاتدا دابەش بكرێت لەگەڵ دياريكردنى پشك بۆ ماوەيەك بۆ ئەو هەرێمە زيانلێكەوتووانەى ڕژێمى پێشوو بێبەشى كردبوون و ئەوانەش كەپاشتر زيانيان لێكەوت بەجۆرێك گەشەسەندنێكى هاوتەريب بۆ ناوچە جياوازەكانى وڵات مسۆگەر بكات و ئەمەش بە ياسا ڕێكدەخرێت." دوای لێکدانەوەی ئەو بڕگانەی دەستوور هەرێم پێی وایە دەتوانێت بە ئازادی مامەڵە بە نەوتی خۆیەوە بکات، بە مەرجێک داهاتەکەی ڕاستەوخۆ بۆ حکومەتی فیدراڵ بگەڕێنێتەوە، بەڵام دوای چەندین ساڵ لە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، بەربەست بۆ هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی كوردستان دروست دەكات، بەتایبەت دوای بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لەلایەن دادگای ناوبژی پاریس.
بۆچی یاسای نەوت و غاز لە عێراق پەک خرا؟
پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز لەلایەن هەرێمە، لە سالی (2007) ڕەشنووسی یاسایەکەی بۆ هەرێم نارد و لە (9ی ئازاری 2007)دا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەقی پەسەندکردنی یاسایەکەی بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی بڵاوکردەوە، بەڵام دواتر بەهۆی جیاوازی تێڕوانینی لایەنە عێراقییەکان لەسەر ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز، گۆڕانکاری لە ڕەشنووسی دەستوورەکەدا کرا و هاوپێچێک بۆ هەرێمی کوردستان نێردرایەوە. کە لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە، "لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت چوار هاوپێچ ئامادە بکات کە لە ڕەشنووسی یاساکەدا ئاماژەی پێ کراوە كە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان و ناوچە تایبەتەكانی گەڕان لە عێراق بۆ حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق تەرخان دەكات. هەروەها لیژنەکە پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە لەسەر گرێبەستە نموونەییەکانی نەوت و ڕێنماییەکان بۆ مەرجەکانی گرێبەست و یاسای دابەشکردنی داهات" ئەوکاتە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە لێدوانێکیدا گوتی، "هاوپێچەكان وەك ئەوەی ئێستا نووسراون، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە قبووڵ ناكرێن. ئامانج لێی، لێسەندنەوەی کێڵگە نەوتییەکانە لە هەرێم" بۆیە لە ئەنجامدا یاسای نەوت و غاز لە عێراق پەک خرا.
بڕیارەکەی دادگای فیدڕال لەبارەی یاسای نەوتی هەرێمی کوردستانەوە
لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانەی کە لە ساڵانی (2012 و 2019) لە دژی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە لە (15/2/2022) دادگای باڵای فیدراڵ بڕیاری کۆبوونەوەی دادوەرانی دەرکرد بۆ بڕیاردان لەبارەی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان بە سامانی سروشتی نەوتەوە. لە ئەنجامدا دادگای باڵا ڕایگەیاند کە "یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە." کە ئەم یاسایە ئاماژە بە سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دەکات. پەرلەمانی کوردستان لە (9/8/2007) یاسای نەوت و غازی دەرکرد کە تێیدا ئاماژە بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەکات، بە مەرجێک داهاتی فرۆشتنەکە بۆ حکومەتی فیدراڵ بگەڕێندرێتەوە.
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە (23/2/2022) لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیدا بڕیاریدا کە "بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بە نادەستووری ونادادپەروەرانە دادەنێت و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پارێزگاریکردن و داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی ھەروەک لە دەستووری عێراق جێگیرکراون کە زۆرینەی خەڵکی عێراق لە ساڵی (2005) دەنگیان بەو دەستوورەدا."
بۆچی بەغدا ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە؟
ڕۆژی (13/8/2025) وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، کە "وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت" ڕێککەوتوون و ڕێککەوتنەکە "بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی (50) هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت." هەر لەم ڕاگەیێندراوەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، ئێستا ئەوەی "ماوەتەوە حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت." بەڵام دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا، لە (15/8/2025) ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە لێدوانێکدا تایبەت بە کەناڵی "سکای نیوز عەرەبییە"ی ڕاگەیاند کە، "بەم دواییە حکومەتی عێراقمان ئاگادارکردەوە کە رێککەوتنی ئێستا چیدیکە وەڵامی چاوەڕوانییەکان ناداتەوە و لەگەڵ پێداویستییەکانی جیهانی وزەی ئەمڕۆدا ناگونجێت، بۆیە رەشنووسی رێککەوتنێکی نوێمان بۆ ناردن."
بۆیە ڕاستەوخۆ دوای ئەم هەواڵە لە (16/8/2025) وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر رادەستکردن و هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە، بەڵام رێککەوتنەکە پێویستی بە چوارچێوەیەکی فراوانترە و چاوەڕوان دەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو بکرێ."
بەغدا ئامادەیە بگاتە ڕێککەوتن؟
لە دواین پێشکەوتنەکانی ڕێککەوتنی بەغدا و هەرێم لەبارەی پرسی نەوتەوە، دوێنێ (22/8/2025) حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاندووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، بەڵام کێشەکە لەلای کۆمپانیا نەوتییەکانە. بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت داوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی سێقۆڵی دەکەن لەنێوان (حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق، کۆمپانیاکان) بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەڵام بەغدا ئەوە ڕەتدەکاتەوە و نایەوێت پابەندی یاسا داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان بگرێتە ئەستۆ و بە کێشەیەکی نێوان هەولێر و کۆمپانیاکانی دەزانێت.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment