بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان چه‌ند داواكارییه‌كیان ئاراسته‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

دواى ته‌واوبوونى كۆبوونه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى باسى له‌ ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد و ئاشكراى كرد چه‌ند داواكارییه‌كانیان ئاراسته‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ چوارى ئایار نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى سلێمانى كرد، بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و سۆسیالست، له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌دا سه‌ردانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانى كرد و له‌ لایه‌ن عومه‌رى سه‌ید عه‌لى رێكخه‌رى گشتى بزووتنه‌وه‌كه‌ و چه‌ند به‌رپرسێكى تر پێشوازى لێكرا.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ دلێر عه‌بدولخاڵق گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند،  لە کۆبونەوەکەدا چەند پرسێک گفتوگۆى لەبارەوە کراوە، یەکێک لەوانە پرسى یەک گوتارى کوردە بۆ داهاتوى عێراق و چۆنیەتى پاراستنى دەسکەوتەکانى کورد لە بەغدا.

جیا له‌وه‌ باسى دانانى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستانیش كراوه‌ و گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێ، "ئێمە لەگەڵ دەستوورێکى پیشکەتوو مەدەنیدان، دەستوورێک کە سیستەمى پەرلەمانى و سەروەرى یاسا و شەفافیەت و پرەنسیپەکانى لامەرکەزى لە خۆیدا کۆبکاتەوە".

دلێر عه‌بدولخالق له‌ به‌شێكى ترى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان باسى له‌وه‌ كرد به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمیان راگه‌یاندووه‌، له‌گه‌ڵ به‌رفراوانكردنى ئازادییه‌ گشتى و مه‌ده‌نییه‌كانن، پێویسته‌ ئازادییه‌كان زیاتر بپارێزرێن و مافى رۆژنامه‌نووسان و چالاكوانان زیاتر بكرێت.

گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌شڵێ، "ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانى چاکسازى سیاسى و بەدەمەوەچونى داخوازییەکانى خەڵکین، ئەولەویەتیش لاى ئێمە دابینکردنى موچە و هەوڵدانە بۆ لابردنى لێبڕینى موچە و قۆرخکارى بازاڕ "

پێشتریش نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ رۆژنامه‌نووسانى راگه‌یاند، ئامانجێكى سه‌ره‌كیان له‌و سه‌ردانه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌كانى هه‌رێم كه‌م بكرێنه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین