کاردانەوەی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لابردنی ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی میدیا

نوچەنێت

ئا: سنوور یاسین

 

چی ڕوویدا؟

ڕۆژی پێنجشەممە (2025/10/9) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانێکی فەرمی بۆ  تورکیا ئەنجامدا و لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە، لەسەر داوای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و بەڕەزامەندی و راسپاردەی ئەردۆغان ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.

هەڵوێستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

هاوکات هەر هەمان ڕؤژ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، "سوپاس و پێزانینمان بۆ  ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى كۆمارى توركیا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى دا گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانى هێڵى فڕۆكه‌وانیى توركیا بۆ سلێمانى ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌ و ئاسمانی خۆی به‌ڕوویدا بکاته‌وه‌".

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان دووپاتی دەکاتەوە، "ئه‌م بڕیاره‌ له‌ چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ پته‌وه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى توركیادا دێت كه‌ دڵنیاین یارمه‌تیده‌ر و هاوكار ده‌بێت بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ هاریكاریى هاوبه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوولا و به‌تایبه‌تى له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هاووڵاتییان له‌ سنوورى سلێمانى".

کاردانەوەکانی كرانەوەی ئاسمانی توركیا بەرامبەر فڕۆكەخانەی سلێمانی

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا رایگەیاند، "ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بە داکۆکی و داواکاریی مکوڕانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەڵگیرا".

پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت، "بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە سوپاسی هەموو هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە لە ئێستا و رابردوودا لە هەوڵی بەردەوامدابوو بۆ کۆتایهێنان بە ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی".

هەر سەبارەت بە پرسی هەڵگرتنی ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ڕایگەیاند، "سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی".

لە لایەکی ترەوە، کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، "دەستخۆشی لە هەوڵەکانی  سەرۆکی هەرێم دەکەین بۆ کۆتایهێنان بە ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی".

هاوکات توانا عوسمان، ڕۆژنامەنووس و بەڕێوبەری پێشووی كەناڵی ئێن ئاڕ تی سەبارەت بە هەوڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایی کردنەوەی گەشتەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا دەڵێت، "پەیوەستبونەوەی ئاسمانی سلێمانی بە تورکیا پاشان لەڕێگای تڕانزێتەوە بە هەموو ئەوروپا و جیهانەوە، ڕووداوێکی گرنگ و دڵخۆشکەرە، تاکە هەوڵێکە جدی ئەم ماوەیەیە بۆ گێڕانەوەی سەنگ بۆ سلێمانی بۆیە دەستخۆشیم هەیە بۆ هەوڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لابردنی ئەم گەمارۆیە".

دوای سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری رایگەیاند، "کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕوی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی کاریگەری لەسەر شارەکە دروست دەکات لە ڕوی گەستیارییەوەو دەشبێتە بوژانەوەی ئابووری، ماوەی سێ هەفتە بۆ چوار هەفتەی پێویستە تابتواندرێت گەشتەکان دەستپێبکرێت".

 سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری دەشڵێت، "بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکان  کۆمپانیاکان زەرەرو زیانێکی زۆریان بەرکەتوە بەڵام نەبووەتە هۆی داخستنی". هاوکات، "لە سلێمانی ودەوروبەری 200 کۆمپانیا ونوسینگەو بریکاری گەشتیاری  بە پێی ئەو سیستەمانەی هەیە بۆ وڵاتی تورکیا  کە کاردەکەن ، نزیکەی 70 کۆمپانیا کاری تەواویان تەنها لەسەر تورکیا بووە".

لە (2023/4/3) بۆ یەکەم جار تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، رۆژی دووشەممە (2025/10/6) جارێکی تر تورکیا ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە. بەهۆیەوە هاووڵاتییانی سلێمانی دووچاری گرفت بووبوون لە کاتی گەشتکردنیاندا و ناچار بوون ڕووبکەنە فڕۆکەخانەکانی شارەکانی تری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەشتکردن بۆ وڵاتی تورکیا.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە