دوای هەوڵەكانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا دەستپێدەکاتەوە میدیا

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەئاهەنگی دەرچوانی قوتابیانی زانکۆی ئەمەریکیی ـ سلێمانی، ڕایگەیاند، "هیوادارین به‌م زووانه‌ش گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ توركیا و به‌ ئاسمانى توركیاشدا بۆ ئه‌ورووپا و جیهان ده‌ست پێبكه‌نەوە‌".

ڕۆژی چوارشەممە (15-10-2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، به‌شداريى له‌ ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى چوارده‌هه‌مينى زانكۆى ئه‌مه‌ريكى له‌ عێراق ـ سلێمانيدا كرد كه‌ تيايدا (218) ده‌رچووى به‌كالۆريۆس و ماسته‌ر خوێنديان ته‌واو كرد.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمەكەدا گوتارێكی پێشكەش كرد و سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ تورکیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە (9-10-2025)دا و هەوڵەکانی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا گووتی، "هیوادارین به‌م زووانه‌ش گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ توركیا و  به‌ ئاسمانى توركیاشدا بۆ ئه‌ورووپا و جیهان ده‌ست پێبكه‌نەوە‌، پاش ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو له‌ كۆبوونه‌وه‌یەکدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا، بڕیارى كردنه‌وه‌ى ئاسمانى توركیا به‌ڕووى سلێمانیدا درا".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە هەوڵەکانی خوالێخۆشبوو سەرۆک جەلال تاڵەبانی بۆ زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی کرد، ڕایگەیاند، "دەمەوێ گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال بەبیربهێنمەوە. ئه‌وه‌ هەنگاوێكی گەورەیە كە ئەمڕۆ یادی ئەو بەڕێزە بكەینەوە. یادی ئەو بەڕێزە بكەینەوە كە پاڵپشتێكی گەورە بوو بۆ ئەم زانكۆیە، پاڵپشتێكی گەورە بوو بۆ هەموو عێراق. من خۆم شەخسی شاهدی ئەوەم كە چەند مەبەستی بوو ئەم زانكۆیە پێشبكەوێت و چەند مەبەستی بوو و داوای لە هەموو لایەك دەكرد پشتگیریی ئەم زانكۆیە بكەین. ڕۆحی شاد و یادی بە خێر بێت".

ڕۆژی چوارشەممە (15/10/2025) رێباز محەممەد، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاند، "گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ تورکیا (3)ی مانگی داهاتوو دەستپێدەکەنەوە، سەرەتا هەفتانە (5) گەشت دەبن، بەڵام دواتر گەشتەکان دەبنەوە گەشتی ڕۆژانەی نێوان تورکیا و سلێمانی".

 بە گوێرەی وتەکانی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا زیانەکان بە زیاتر لە (5) ملیۆن دۆلار خەمڵێندراون.

ڕۆژی پێنجشەممە (2025/10/9) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانێکی فەرمی بۆ  تورکیا ئەنجامدا و لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە، لەسەر داوای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و بەڕەزامەندی و راسپاردەی ئەردۆغان ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی هەردوو سەرۆك لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سوپاس و پێزانینمان بۆ  ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى كۆمارى توركیا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى دا گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانى هێڵى فڕۆكه‌وانیى توركیا بۆ سلێمانى ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌ و ئاسمانی خۆی به‌ڕوویدا بکاته‌وه‌".

جیگەی باسە لە  (2023/4/3) بۆ یەکەم جار تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، رۆژی دووشەممە (2025/10/6) جارێکی تر تورکیا ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە. بەهۆیەوە هاووڵاتییانی سلێمانی دووچاری گرفت بووبوون لە کاتی گەشتکردنیاندا و ناچار بوون ڕووبکەنە فڕۆکەخانەکانی شارەکانی تری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەشتکردن بۆ وڵاتی تورکیا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە