پەکەکە هێزەکانی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کشاندەوە کوردستانی

نوچە نێت

بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر لە قۆناغی دووەم بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەو هێزانەمان کە لە ناوچەی زاپ بوون و مەترسی ململانێیان لەسەر بوو لە دوێنێوە دەستیان بە کشانەوەکردووە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان، وەک هەنگاوێکی هاوکاری بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا."

ئەمڕۆ دووشەممە (2025/11/17) ماڵپەڕی (ئیندپێندیت) بڵاوی کردەوە، پەکەکە لەدوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانیان لە تورکیا، لە ڕاگەیێندراوێکدا وەک قۆناغی دووەمی کشانەوەی ‌هێزەکانیان ڕایدەگەیێنن، بەهۆی مەترسی هەڵگیرسانی ململانێ لە (16)ـی تشرینی دووەمی (2025) هێزەکانیان لە سنووری هەکاری و ناوچەی زاپ دەستیان بە کشانەوە کردووە، لە پێناو هاوکاری کردن و سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی پرسی کورد لە تورکیا.

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی بەرێوەبەرایەتیی تەڤگەر بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی (پەکەکە):

لە بەیاننامەکەی 26ـی تشرینی یەکەمماندا کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕاگەیاندرا و بە ئامادەبوونی 25 گەریلامان کە لە سنوورەکانی تورکیاوە کشاونەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕامانگەیاندووە، کە لەو شوێنانەی مەترسی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر. لەو کاتەوە بە پشتبەستن بەو کارانەی ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار ئەنجامیانداوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێکی گرنگ. لە ئێوارەی 16ی تشرینی دووەم، هێزەکانمان لە هەرێمی زاپ کە مەترسی شەڕی تێدابوو کشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان. لە دۆخی ئێستادا مەترسی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا بە تەواوی نەماوە.

 دوای کشانەوەی هێزەکانی گەریلامان بەهۆی مەترسی شەڕ لەناو سنوورەکانی تورکیاوە، ئەم خۆگونجاندن و کشانەوەیە لە هەرێمی زاپ بووەتە بەشدارییەکی پراکتیکی گرنگ لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئیرادەی ئێمە بۆ پرۆسەکە نیشان دەدات. لەو باوەڕەداین کە ئەم هەنگاوە نوێیەمان خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکات.

 بە ڕێزەوە ئەم زانیارییانە بۆ ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە، سڵاوی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان دەکەین.”

 ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە 17ـی شووباتی 2025، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا لە 5-7ـی ئایار، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و کۆتایی بە هەموو ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکە و کۆتا بە ڕێبازی خەباتی چەکداریی هێنا.

 هەروەها لە 11ى تەمووز، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە 30گەریلای ژن و پیاو پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکەوە پێشەنگایەتی دەکرا، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەبەردەم ڕای گشتییدا چەکەکانیان سووتاند، هەر لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەدا، لە 26ـی تشرینی یەکەم، گرووپێکی 25 گەریلایی، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانیان دروستنەبێت لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر هەیە، لە سنووری تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستی مەدیا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین