وەزیری نەوتی عێراق: زیاتر 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە کوردستان- عێراق
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی جەیهانەوە هەناردە کراوە. سەبارەت بە گازی هاوەڵیشەوە ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو کۆتایی 2029 سووتاندنی گاز دەگەیێننە سفر.

ئەمرۆ چوارشەممە (2025/12/10) وەزیری نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە (13) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکان کراوە، کە تێکڕای هەناردەی رۆژانە (200 بۆ 208) هەزار بەرمیل نەوتە.

سەبارەت بە یەکەمین کۆبوونەوە لە ئەنقەرە لەنێوان هەردوو شاندی عێراق و تورکیا وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، "گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و بەم نزیکانە کۆبوونەوەی دووەم لە بەغدا دەکرێت، بۆ ئەوەی بگەینە داڕشتنەوەی کۆتایی رەشنووسی رێککەوتنەکە."

دەربارەی بە وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ، حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوە کرد، "رێژەی وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ لە (35٪)ـەوە بۆ (73٪) بەرزبووەتەوە و پلانی وەزارەت ئەوەیە تاوەکو کۆتایی (2029) تەواوی ئەو گازەی کە ئێستا دەسووتێندرێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و سووتاندنی گاز بگەیێننە سفر."

وەزیری نەوت جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "لە مادەکانی نەوتی سپی و گازوایلدا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و بەرهەمهێنانی بەنزین گەیشتوونەتە 80٪، ئامانجیش ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو لە بەنزینیشدا بگەینە خۆبژێوی تەواو،" کە بە گوتەی ئەو، "ئەم هەنگاوانە ساڵانە پێنج بۆ شەش تریلیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێننەوە کە پێشتر بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی خەرج دەکرا."

سەبارەت بە توانای پاڵاوگەكانی عێراق حەیان عەبدولغەنی گوتی، "توانای پاڵاوتنی نەوت لە پاڵاوگەکانی کەربەلا، بێجی و بەسرە گەیشتووەتە (460) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆ یەکەمجاریش پاڵاوگەی بێجی دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی بەنزین بە ئۆکتانی سەرووی (95)ە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین