مه‌كته‌بى سیاسى پارتى: باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن کوردستانی

نوچه‌نێت

دواى نیشاندانى ناڕه‌زایى له‌سه‌ر بڕیارى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر دۆسیه‌ى حوكمدراوه‌كانى بادینان، ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن و رێز لە رۆڵیان بگرین"

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هه‌شتى ئایار، مه‌كته‌بى سیاسى پارتى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى حوكمدراوه‌كانى بادینان راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باس له‌و ناڕه‌زاییانه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان دروست بووه‌، راگه‌یێندراوه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ده‌ڵێ، " بەداخەوە چەند لایەنێك كاردانەوەی دوور لە رەچاوكردنی سەروەری یاسا و رێساكانی دەسەڵاتی دادوەریان نیشان دا، بەپێویستی دەزانین رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەری یاسا بگیرێت".

جیا له‌مه‌یش مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ده‌ڵێ، "ئەوەی رویداوە رونە، دوای لێكۆڵینەوەی یاسایی لەلایەن لایەنە یاسایی و پەیوەندارەكان بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی بەردەستیان هەوڵی چەند كەسێكە بۆ تێكدانی سەقامگیری و، ئاسایشی هەرێمی کوردستان كراوەتە ئامانج. بۆیە باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن و رێز لە رۆڵیان بگرین".

رۆژى شه‌شى ئایار دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بڕیارى سزادانى شه‌ش ساڵ زیندانى بۆ هه‌ر یه‌كه‌ له‌، شێروان ئەمین سلێمان، شڤان سەعید عومەر، ئەیاز کەرەم رەشید، هاریوان عیسا محەممەد، گوهدار حەمەد ئەمین عەبدولمەجید، په‌سه‌ند كرد كه‌ پێشتر به‌ تۆمه‌تى بوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و سیخوڕى و هه‌وڵدان بۆ تێكدانى ئارامى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن دادگاوه‌ تۆمه‌تبار كرا بوون. ئه‌مه‌یش چه‌ند ناڕه‌زاییه‌كى له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ لێكه‌وته‌وه‌. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ حه‌وتى ئایار راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دادگاكان له‌ بڕیاردان سه‌ربه‌خۆن و حكومه‌ت ده‌ست ناخاته‌ كاروباریان.


دەقی راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی: 

سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لەبارەی كەیسی چەند كەسێك، بەداخەوە چەند لایەنێك كاردانەوەی دوور لە رەچاوكردنی سەروەری یاسا و رێساكانی دەسەڵاتی دادوەریان نیشان دا، بەپێویستی دەزانین رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەری یاسا بگیرێت، دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان و بەسیاسی كردنی بابەتەكان سوود بە بارودۆخەکە ناگەیەنێ‌ و، مەرج نیە ئەگەر رەئی و لایەنگیری لایەنێك نەبوبێتە بڕیار مانای راست نەبوونی بڕیارەكان بێت.

ئەوەی رویداوە رونە، دوای لێكۆڵینەوەی یاسایی لەلایەن لایەنە یاسایی و پەیوەندارەكان بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی بەردەستیان هەوڵی چەند كەسێكە بۆ تێكدانی سەقامگیری و، ئاسایشی هەرێمی کوردستان كراوەتە ئامانج. بۆیە باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن و رێز لە رۆڵیان بگرین.

ئەگەر هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بن بابەتەكان بەسیاسی بكرێن و زیاتر وەكو بانگەشەی هەڵبژاردن و چەواشەكاری بخرێنە بەرچاوی هاوڵاتیان، ئێمەش لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بابەت هەیە باسیان بكەین.

هیوادارین ئاڕاستە و لۆژیكی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێشەوەی هەموو هەوڵێكی دیكەوە بن.

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین