رۆژنامەى لۆمۆند رۆڵى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە رێککەوتنى سووریا و هەسەدە ئاشکرا دەکات کوردستانی

نوچەنێت

دوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و ھێزەکانی ھەسەدە، راگەیاندنەکانی جیھان تیشک دەخەنە سەر رۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەریمی کورد لە ھەوڵەکانی بۆ ئەو رێککەوتنە، لەم بارەیەوە، رۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بە وردەکاریی ئەو ئاگربەست و رێککەوتنە دەکات کە لە نێوان ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) و حکومەتی راگوزەری سووریا واژۆکراوە؛ دەڵێت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی لە نێوەندگیریی نێوان ھەردوولادا ھەبووە.

رۆژنامە فەرەنسییەکە لە راپۆرتێکدا کە رۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، دوای سێ ھەفتە لە شەڕ و پێکدادان، ئاسۆکانی جەنگ لە نێوان دیمەشق و کوردانی رۆژئاوای کوردستان دوورکەوتوونەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی راگوزەر و ھەسەدە لە 30ى کانوونی دووەمدا گەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ تێکەڵکردنی ھێزە سەربازییەکان و دامەزراوە کارگێڕییەکانی شارە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا.

رۆڵی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە نێوەندگیرییەکەدا

رۆژنامەى لومۆند جەخت لەسەر ئەوە دەکات، کە شانبەشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا،  سەرۆکی ھەرێمی کوردستان "رۆڵێکی سەرەکی لە نێوەندگیریی نێوان لایەنەکاندا گێڕاوە"بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە.

سەبارەت بە رێککەوتنەکە، نسەرۆک ێچیرڤان بارزانی ھیوای خواستووە ئەم ھەنگاوە ببێتە "چوارچێوەیەک بۆ بنیاتنانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو کە تێیدا مافەکانی گەلی کورد و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە لە دەستووری داھاتوودا پارێزراو بن."

لە لایەکی دیکەوە، ئیلھام ئەحمەد، بەرپرسی باڵای بەڕێوەبەریی خۆسەر، سوپاسی قووڵی خۆی بۆ نێوەندگیرەکان دەربڕیوە کە ھەوڵی زۆریان بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە داوە.

نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە و دەستکەوتەکان

لۆمۆند پێیوایە، ھەرچەندە دیمەشق توانیویەتی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچە عەرەبییەکان و کێڵگە نەوتییەکاندا بسەپێنێتەوە، بەڵام کورد دەستکەوتی گرنگیان لە رووی مافە نەتەوەییەکانەوە بەدەستھێناوە، لەوانە:
• داننان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە قوتابخانەکاندا.
• ناساندنی جەژنی نەورۆز وەک پشووی فەرمی لە سووریا.
• چارەسەرکردنی پرسی بێبەشبوونی ھەزاران کورد لە ناسنامە (ئەوانەی لە سەرژمێریی 1962بێبەشکرابوون).
• تێکەڵکردنی ھێزەکانی ئاسایش و ھەسەدە لە نێو وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سووریا لە چوارچێوەی لیوای تایبەتدا.

ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردن
رۆژنامەى لۆمۆند ئاماژە بەوە دەکات کە ھێشتا ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنەکەدا ھەیە. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ھەسەدە، رایگەیاندووە ئەوان بۆ رێگریی لە خوێنڕشتن رێککەوتنەکەیان واژۆکردووە، بەڵام بەردەوام دەبن لە تێکۆشان تاوەکو ھەموو دەستکەوتەکانیان بە گەرەنتییەکی دەستووری جێگیر دەکرێن.

رۆژنامەکە دەشڵێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 28ی کانوونی دووەم، نەرمیی زیاتری لە دانوستانەکاندا نیشانداوە بۆ ئەوەی رێگری لە ھەڵگیرسانی جەنگێکی ناوخۆیی نوێ بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین