بەریتانیا و فەرەنسا لەبارەی دیموکراسییەوە هۆشداری بە  تورکیا دەدەن تورکیە

نوچە نێت

لەدوای دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبۆڵ و ئەو ڕووداوانەی لەمیانی دەستپێکردنی پرۆسەی خۆپیشاندانەکان لە تورکیا ڕوویدا، فەرەنسا و بەریتانیا هۆشداری بە تورکیا دەدەن و ڕایاندگەیاندووە، "دەبێت لە تورکیا یاسا سەروەربێت."

ئەمڕۆ هەینی (28/ئاداری/2025) ئاژانسی (T24) بڵاویکردەوە، دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبۆڵ بووە هۆی نارەزای و خۆپیشاندان لە تورکیا پۆلیس بە هەموو شێوەیەک ڕووبەروویان بۆتەوە و چەندین کەسیان دەستگیرکردووە، لەدوای ئەم ڕووداوانە بەریتانیا و فەرەنسا هۆشدار بە تورکیا دەدەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، کە وڵاتەکەیان هەموو کات پشتیوانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە، ئازادی میدیا و دیموکراسی و ڕادەربرین دەکەن، دەشڵێت، "تورکیا وەک هەموو هاوپەیمانانمان پەیوەنییەکی باشمان لەگەڵیان هەیە، ئێمە چاوەروانین وەک هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی سەروەری یاسا لە سەرووی هەموو شتێک بێت و دەبێت پابەندی پرۆسەی دادوەری شەفاف بێت و لەکاتی خۆیدا ئەنجامی بدەن."
لەلایەکی دیکە ماڵپەڕی (بی بی سی) بەریتانیا ئاشکرای کرد، کە پەیامنێرەکەیان لەلایەن پۆلیسی تورکیا دەستگیرکراوە و دواتریش نێردراوەتەوە وڵاتەکەی خۆی بەهۆی ڕوماڵکردنی نارەزاییەتیەکانی خۆپیشاندانەکان لە تورکیا، پێشتریش لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هاووڵاتیانی ئاگادارکردبووەوە کە خۆیان بەدووربگرن لە شوێنی خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ میوانداری لوتکەی ئۆکراینای کرد، جەودەت یڵماز جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەکە بەشداربوو، ماکرۆن هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر خۆپیشاندانەکان بە هێرشکردنە سەر بنەما دیموکراسیەکان ناوبردوو و شەرمەزاری کرد.
ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە رێز لە تورکیا دەگرین و بەرپرسیارێتی تورکیا لە دەریای ڕەش بەرزدەنرخێنم،  تورکیا پێویستی بە ئەوروپایە و ئەوروپاش بەهەمان شێوە، هەروەها ئەوروپا پێویستی بە تورکیایەکە کە پابەندی بەرپرسیارەتییەکان بێت سەبارەت بە بنەماکانی ئەوروپا و دەبێت بەردوام بێت لەسەر ڕێگای دیموکراسی و پابەندی ئەو ئەرکانە بێت کە لە سەتۆیانە." 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین