زیندانیانی داعش لە نێوان عێراق و سووریادا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ئامادەکردنی: دنیا ئەحمەد

لە هەنگاوێكی نوێدا عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان ئەمڕۆ دەیان چەکدارانی داعش لە سووریاوە گواسترایەوە عێراق، لەوبارەیەوە سەرۆکی شانەی راگەیاندی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لەرێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە تا ئێستا عێراق دوو هەزار و (250) تیرۆریستی لە سوریا وەرگرتووە.

لەگەڵ هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و مەترسی هەڵاتنی دەستگیرکراوانی زیندانیانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە، ئەمەریکا لەگەڵ عێراق رێککەوتن  بۆ گواستنەوەی (7000) چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، سەبارەت بەو پرۆسەیە لە (2026/1/21) فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا سێنتکۆم ڕاگەیێندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە پرۆسەیەکی نوێیان دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە مانەوەیان لە شوێنێکی پارێزراودا.

سێنتکۆم لە ڕاگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردبوو، پڕۆسەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی (150) زیندانی داعشیان لە گرتووخانەیەکی حەسەکە لە سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو خاکی عێراق گواستووەتەوە.

سەبارەت بە ئامانجی گواستنەوەی ئەو چەکدارانەی داعش بۆ عێراق سێنتکۆم ئاشکرای کرد، کە ئامانجی کۆتایی ئەوەیە نزیکەی (7000) چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق.

لایخۆیەوە براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، ئێمە هەماهەنگی ورد لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان دەکەین، بەتایبەت حکوومەتی عێراق و بە دڵەوە سوپاسی ڕۆڵیان دەکەین لە مسۆگەرکردنی تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.

ئەو فەرماندەیە دەشڵێت، کە گواستنەوەی ڕێکخراو و پارێزراوی ئەم دەستگیرکراوانە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتن لە گرتووخانەکان، کە دەکرێت ببێتە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ناوچەکە.

هەروەها لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە لە ساڵی (2025)دا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان زیاتر لە (300) ئەندامی داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە و لە هەمان ماوەدا زیاتر لە (20) چەکداریشیان کوشتووە.

دوابەدوای قۆناغی یەکەمی گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە نێوان هاوپەیمانان و عێراق ئەمڕۆ بە چاودێری سوپای ئەمەریکا بەشێکی دیکەی ئەو چەکدارانە لە حەسەکەوە گواسترایەوە بۆ عێراق لەوبارەیەوە فەریق سەعد مەعن سەرۆکی شانەی راگەیاندی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، لەرێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە تا ئێستا عێراق دوو هەزار و (250) تیرۆریستی لە سوریا وەرگرتووە، تیمە تایبەتمەندەکان لێکۆڵینەوەی بەراییان دەستپێکردووە و بەپێی مەترسییان پلەبەندی بۆ ئەو تیرۆریستانە دەکرێت.

لەلایەکی دیکە ئاژانسی رۆیته‌رز لە (2026/1/31) ئاشکرای کرد، پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی زیندانیانی داعش له‌ سوریاوه‌ بۆ عێراق له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه‌، له‌ هه‌فته‌ی رابردو خاوبۆته‌وه‌.

بەگوێرەی ئەو سه‌رچاوانە کە بەو ئاژانسەیان راگەیاندووە، تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی (530) زیندانی داعش له‌ سوریاوه‌ گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق، كه‌ (130) كه‌سیان عێراقی و (400)یان بیانین.

سەبارەت بە هۆکاری خاوبوونەوەی پرۆسکە ڕۆیتەرز دەشڵێت، به‌غدا داوای له‌ ئه‌مریكا كردوه‌ پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌كه‌ خاو بكاته‌وه‌ تاوه‌كو ده‌رفه‌ت بداته‌ عێراق بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیندانیانی داعش كه‌ خه‌ڵكی وڵاته‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه‌ و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی عێراق شوێن بۆ ئه‌و زیندانیانه‌ دابین بكات. لەلایەکی دیکە، خاوبونه‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ وڵاتانی رۆژئاوا تاوه‌كو ئێستا ئاماده‌ نین ئه‌و زیندانیانه‌ی داعش وه‌ربگرنه‌وه‌ كه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی وڵاته‌كانی ئه‌وانیان هه‌یه‌.‌

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین