داخستنی گەرووی هورمز و لێکەوتەکانی لە سەر جیهان
نوچە نێت: ژیوار سلێمان سەلكە
دوا بەدوای چەندین کۆبوونەوە و دانوستاندن لە نێوان ئەمریکا و ئێران، سەبارەت بە گەشتنە ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و دروستکردنی چەکی ئەتۆم لەلایەن ئێرانەوە، گفتوگۆکان گەیشتنە بنبەست و هیچ رێککەوتنێک نەهاتە ئاراوە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە (2026-2-28) ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش هێرشی مووشەکی ئاسمانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد ، ئێرانیش بە هێرشی پێچەوانە بۆسەر ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژێرخانی وزەی زۆرێک لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، لە پێنجەم ڕۆژی جەنگەکەدا ئێران بڕیاریدا بە داخستنی گەرووی هورمز، کە کاریگەرترین ڕێڕەوی ئاوییە لە جیهاندا تەنانەت هێرشی سەربازی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر هەر کەشتیەک کە ویستی بەو ڕێڕەودا تێبپەڕێت، هەر ڕۆژی دواتر سوپای پاسدارانی ئێران ڕایانگەیاند، کە ئەم گەرووە تەنها بە ڕووی کەشتیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا داخراو دەبێت، ڕێگە نادەن هیچ کەشتیەکی ئەو دوو وڵاتە بەم ڕێرەوەدا تێپەڕببێت.
مێژوو و جوگرافیای گەرووی هورمز
گەرووی هورمز لە ساڵانی (1500)ی زاینیدا لەلایەن عوسمانیەکان و پورتوگالیەکانەوە کێبڕکێیەکی زۆری لەسەربووە، لە ساڵی (1553) پورتوگالیەکان بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک کۆنترۆڵی دوورگەی هورمزیان کرد تاوەکو ساڵی(1622) هێزەکانی بەریتانیا و فارس پورتوگالیەکانیان لە دوورگەی هورمز بەدەرنا، لە سەدەی بیستەمدا دوای کشانەوەی هێزەکانی بەریتانیا لە کەنداو لەسەرەتای حەفتاکاندا ئێران دەستی بەسەر گەرووی هورمزدا گرت و کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەی کرد.
لە کاتی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق(1988-1980) گەرووەکە خاڵی سەرەکی جەنگی تانکەرەکان بوو، کاتێک هەردوولا هێرشیان کردە سەر کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی یەکتر و وڵاتانی دیکەی کەنداو، هێزی دەریایی ڕۆژئاوایان بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان ڕاکێشا.
گەرووی هورمز هێلێکی ستراتیژی دەریاییە دەکەوێتە نێوان کەنداوی فارس و کەنداوی عەرەبی کە عومان و ئیمارات و عێراق دەگرێتەوە، لە باکوورەوە ئێران و لە باشووریشەوە شانشینی عومان بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لە ڕووی پێوانەی ڕووبەریەوە ئەم گەرووە تەسکە و پانتاییەکی زۆری نیە لە هەندێک شوێندا فراوانییەکەی دەگاتە (33) کیلۆمەتر، سەڕەرای بچووکییەکەی شوێنی تێپەڕبوونی ملیۆنان کەشتیە لە جیهاندا.
گرنگی جیۆپۆلەتیکی گەرووی هورمز
گەرووی هورمز ناوەندی جووڵەی ئابووری هەموو جیهانە، یەکێکە لە گرنگرترین گەرووەکان لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا، بە شادەماری گواستنەوەی وزەی جیهانی دادەنرێت، کە ڕۆژانە زیاتر لە (20)ملیۆن بەرمیل نەوت بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت، ئەمەش دەکاتە نزیکەی (25%) نەوتی جیهانی، هەروەها نزیکەی (20%) گازی شلی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت کە دیارترینیان گازی قەتەرە. بە پشت بەستن بە یاسای نێودەوڵەتی گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتیە هەموو کەشتیەک مافی تێپەڕبوونی بەم گەرووەدا هەیە بەمەرجێک نەبێتە هۆکاری زیان بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر گەرووەکە.
داخرانی گەرووی هورمز و لێکەوتەکانی لەسەر جیهان
لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە لە بەرەبەیانی کۆتا ڕۆژی مانگی شوباتدا ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش هێرشیان کردە سەر ئێران و چەندین سەرکردەی باڵای ئەو وڵاتە لە میانی هێرشەکاندا کوژران، ئێران دوای پێنج ڕۆژ لە جەنگ بڕیارێکی دەرکرد کە ئە م بڕیارە لێکەوتەی زۆری بەسەر ئێران و جیهانەوە هەبوو، وەک کارتێکی فشار گەرووی هورمزی داخست و دواتر ئاماژەی بەوەدا کە داخستنی گەرووەکە تەنها بۆ کەشتیە ئەمریکیەکان و ئیسرائیلیەکانە، داخرانی گەرووی هورمز ڕەهەندی سیاسی و ئابووری لە خۆدەگرێت، لە ڕووی سیاسیەوە بەو پێیەی کە نزیکەی (176) وڵات ڕێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ یاسای دەریایی (UNCLOS) واژۆکردووە، کە بە پشت بەستن بە بەندی (38) لە رێککەوتنامەکەدا هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی تێپەڕبوونیان بەم گەرووەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕووی توانای سەربازی و جواگرافیەوە ئێران توانای هەیە ئەو گەرووە دابخات، ئەمەش وادەکات لە ڕووی سیاسیەوە ئاڕاستەی پەیوەندی دیبلۆماسی ئێران و ئەو وڵاتانەی کە کەشتیەکانیان بەو گەرووەدا تێدەپەرێت بگۆڕێت بۆ هەڕەشە و هێرشی سەربازی لەدژی ئێران.
لە ڕووی ئابوورییەوە قەیرانێکی گەورەی ئابووری و سووتەمەنی ڕوو لە وڵاتانی جیهان دەکات کە بۆ دابینکردنی ئاسایشی وزە و خۆراک و پێویستیەکان پشتیان بە گەرووی هورمز بەستووە بەمەش هەڵایسانێکی گەورەی جیهانی تەنگ بە وڵاتان هەڵدەچنێت و دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی تێچووی گواستنەوەی نەوت، هەروەها نرخی بەنزین و دیزل و گازوایل بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە، ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی گازی شل بەهۆی نەمانی هەناردەکردنی گازی شلی قەتەڕ بۆ ئەوروپا، هەروەها بازاڕەکانی بۆرسەی جیهانی ڕووبەرووی ناجێگیری دەبنەوە، جگە لە وزە جیهان دووچاری داڕمانی سیستەمی ئابووری دەبێتەوە.
کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمرز لەسەر عێراق
گەرووی هورمز ناوەندێکی تڕانزێتە بۆ وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی وەک سعودیە و ئیمارات و عێراق و کوەیت، بەوپێیەی کە عێراق ڕێژەی (90%) ئابوورییەکەی پشتی بە نەوت بەستووە بە داخستنی گەرووی هورمز کە سەرچاوەی هەناردەکردنی نەوتەکەیەتی تووشی شۆکێکی ئابووری گەورە دەبێتەوە، لە ئێستادا کە جەنگ دەستیپێکردووە عێراق ڕۆژانە بڕی (128) ملیۆن دۆلار داهات لە دەست دەدات کە لە هەفتەیەکدا دەکاتە (900) ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا دەکاتە نزیکەی (7) ملیار دۆلار زیان بۆ عێراق دەهێنێت کە ئەمەش کورتهێنان لە داهاتی عێراق دروست دەکات و دەوڵەت ناتوانێت مووچە و شایستە داراییەکان دابین بکات.
لە جەنگی دوانزە ڕۆژەی مانگی حوزەیرانی ساڵی (2025)ی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئێران هۆشداری داخستنی ئەو گەرووەی کرد وەک کارتێکی فشار بەڵام داینەخست چونکە هەموو پێشهاتەکانی لەبەرچاوگرتبوو، عێراق ئەوکاتە پێویست بوو کە رێگەی دیکەی هەناردە کردن بۆ نەوتەکەی بدۆزێتەوە، لە کاتێکدا عێراق پێویستە ڕۆژانە(3.5) ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، ناکرێت ئەو هەموو نەوتە لە ڕێگەی ووشکانی و تانکەرەوە هەناردە بکرێت، بەڵکو پێویست بوو عێراق لە تاک سەرچاوەیی هەناردەکردن دوور بکەوێتەوە و پشت بەستن بە گەرووی هورمز کەمبکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.
لەم جەنگەی ئێستادا کە جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێرانە داخستنی گەرووی هورمز لەهەر کاتێکدا بێت بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ کاریگەی دەکاتە سەر عێراق ، لە ئێستادا بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە عێراقدا(1.5) ملیۆن بەرمیل نەوت کەمیکردووە بەهۆی پڕبوونی کۆگاکان و نەبوونی دەرچەی هەناردەکردن، لێرەدا پێویستە عێراق نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستان-تورکیا هەناردە بکات کە بۆڕییەکە لە توانایدایە نزیکەی (500)هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردە بکات بۆ بەندەری جەیهان، هەروەها بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت بە ڕێگەی تانکەرەکانەوە بۆ ئوردن، دەکرێت ئەمانە ببنە هاوکارێک و ڕێگە چارەیەکی خێرا بۆ عێراق بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەیرانە ئابووریی و داراییانەی کە ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە و پێش بەوە بگرێت کە عێراق قوربانی جەنگی زلهێزەکان بێت.
سەرچاوەکان:
https://diplomaticmagazine.net/detail/3636
https://zaniary.com/blog/668fc37802eba
https://www.sharpress.net/op-detail.aspx?jimare=245968
https://www.roonbeen.org/2026/03/03/%d8%b9%db%8e%d8%b1%d8%a7%d9%82-%d8%ae%db%86%db%8c-%d8%a6%d8%a7%d9%85%d8%a7%d8%af%db%95-/
https://www.aa.com.tr/ks/%D8%A6%D8%A7%D8%A8%D9%88%D9%88%D8%B1%DB%8C/%D
https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iran/0403202616
https://www.reuters.com/business/energy/iraq-reduces-oil-output-more-cuts-come-if-hormuz-disruptions-persist-iraqi-oil-2026-03-03/?utm_
https://www.un.org/depts/los/convention_agreements/texts/unclos/unclos_e.pdf
https://www.nuche.net/post-20498.html
https://www.rudaw.net/sorani/business/030320266
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment