پنتاگۆن: بەلەمەکانی ئێران گێچەڵیان بە کەشتیێکی سەربازیی ئەمریکا کردووە

نوچه‌نێت

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) دەڵێت کەشتییه‌کی هێزی دەریایی وڵاتەکەی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ئایار، لە کاتی تێپەڕین لە گه‌رووى هورمز دوای نزیکبوونەوەی ١٣ بەلەمی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، بە مەبەستی هۆشداریپێدان نزیکەی ٣٠ جار تەقەی کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، ئەوە دووەمین جارە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کەشتییەکانی ئەمریکا دوای نزیکبوونەوەی بەلەمەکانی سەربە هێزی دەریایی سوپای پاسداران، بە مەبەستی هۆشداریدان تەقەیان کردووە.

جۆن کربی گوتەبێژی پنتاگۆن ڕۆژی دووشەممە، لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، "بەلەمەکانی ئێران ئەمڕۆ بە خێرایی خۆیان گەیاندە مەودای ١٣٧ مەتری شەش کەشتی ئەمریکا و لەوانە کەشتی USS مونتری کە ئەرکی پاراستنی ژێردەریایی جۆرجیای ئەنجام دەدا".



ئەو ژێردەریاییە توانای هاوێشتنی مووشەکی هەیە



جۆن کربی گوتی، "دوای ئەوەی بە هەموو جۆرێک و لەوانە بە دەنگی هۆشدار و پەیامی ڕادیۆیی هەوڵ دراوە هۆشداری بە بەلەمەکانی ئێران بدەن، کەشتی "مائوئی" ناچار بووە بە ڕەشاشەی کالیبر ٥٠، نزیکەی ٣٠ فیشەک بە مەبەستی هۆشداریدان بتەقێنێت".

کربی گوتیشی: "دوای تەقەکردنەکە، بەلەمە خێراکانی هێزی دەریایی سوپا لە شوێنەکە دوورکەوتنەوە".

هێزی دەریایی ئەمریکا نزیکەی مانگێک پێش ئێستا، باسی لە ڕووداوێکی هاوشێوە کردبوو.  یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا گوتبوی ڕۆژی ١٥ی نیسانی ئەمساڵ، ١١ بەلەمی هێزی دەریایی سوپای پاسداران چەند جار لە کەشتی USS لویس. بی پولر، ژێردەریایی پال هەمیلتۆن و کەشتییەکانی فایربولت، سیروکو، ڕنگل و مائۆئی نزیک بوونەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕاگەیێندراوە، کەشتییە ئەمریکییەکان سەرقاڵی ئەنجامدانی مانۆڕێکی هاوبەش لەگەڵ کوپتەرە ئاپاچییەکانی سوپای وڵاتەکەیان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی باکووری کەنداو بوون.

یەکەی پێنجەمی ئەمریکا گوتی، "بەلەمەکانی سوپا بەردەوام لە مەودایەکی زۆر نزیک لە کەشتییە ئەمریکییەکان و زۆر بە خێرایی تێدەپەڕن. بۆ نموونە جارێک لە مەودای ٤٥ مەتری کەشتی پولر و ١٠ مەتری کەشتی مائوئی تێپەڕین".

سوپای ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا بە دەگمەن باسی گێچەڵپێکردنی بەلەمەکانی سوپای پاسدارانی لە ناوچەی کەنداو دەکرد.  ترەمپ لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ هەڕەشەی کردبوو ئەگەر ببێتە سەرۆک، دەبێ تەقە لەو بەلەمانەی سوپا بکرێت کە لە هێزی دەریایی ئەمریکا نزیک دەبنەوە.

بەرپرسانی سوپا ڕایانگەیاندووە هەڵسوکەوتەکانیان لە چوارچێوەی یاسادایە. سوپای پاسداران زۆر جار ئەو ڕەفتارانە لە چوارچێوەی مافی ئێران بۆ پاراستنی سنوورەکانی پێناسە دەکات. ئێران سەبارەت بە هەبوونی هێزی دەریایی ئەمریکا لە نزیک ئاوەکانی وڵاتەکەی، ڕەشبینە. 

https://www.bbc.com/persian/iran-57065714

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین